کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پەرلەمانتارێکى عێراق ئاشکرایدەکات، لەماوەى دوو ڕۆژى داهاتوودا و لەکۆبونەوەیەکى لایەنە سیاسییە شیعەکاندا بەربژیرێک بەدەنگدان بۆ کابینەى نوێ حکومەتى عێراق یەکلایى دەکرێتەوە. . سالم تەحمیر تەفیڵى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمیى حکومەتى عێراقى ڕاگەیاندووە، گفتوگۆى لایەنە سیاسیەکان بۆ دیاریکردنى بەربژێریک بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێ بەردەوامە و 65 پەڕلەمانتاریش پێشنیارێکیان بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى پێکهێنانى کابینەى نوێ خستووەتەڕوو، ئاماژەکانیش بۆ ئەوەدەچن لایەنە شیعەکان لە کۆبونەوەیەکیاندا پرسەکە یەکلایى بکەنەوە. . باسى لەوەش کردووە، هەوڵەکان بۆ یەکلاکردنەوەى بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیرانى نوێ عێراق بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش تاوتوێى چەند ناوێک دەکرێت کە پێشتر خراونەتە ڕوو لەگەڵ چەند ناوێکى نوێتردا، لایەنێکى سیاسیش داوایکردووە دووبارە عادل عەبدولمەهدى بۆ پۆستەکە ڕابسپێڕدرێتەوە. . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، بەهۆى ڕەتکردنەوەى لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، بەرهەڵستى ڕاسپاردنەوەى عەبدولمەهدى دەکرێت بۆ پێکهێنانەوەى کابینەیەکى نوێ، ئەو کارەش دەبێتە هۆى زۆرترکردنى قەیرانەکان. . تەفیلى ئاشکراشى کردووە، لەدوو ڕۆژى داهاتوودا، دەنگدان بۆ دیاریکردنى بەربژێریک دەکرێت و لایەنە سیاسیەکان سوورن لەسەر ئەوەى ئەو پرسە بەپەلە یەکلایى بکەنەوە. . لەدواى کشانەوەى عەلاوى لەدوو ئەم مانگەدا لەپێکهێنانى کابینەى نوێ، هێشتا کەس بۆ جێگرەوەى دیارینەکراوە، لەکاتێکدا وادەى دەستورى بەرەو کۆتایی دێت بۆ دیاریکردنى جێگرەوەى و راسپاردنى لەلایەن سەرۆککۆمارەوە. . بەپێی دەستور، پێویستە لەماوەى 15 ڕۆژى دواى کشانەوەى عەلاوییەوە، کەسێک بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ بەربژێر بکرێت.