کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕەتیکردەوە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلاکرابێتەوە و ڕایگەیاند، پاش واژووکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی سەرجەم کاندیدەکانیان دیاریدەکەن.
ڕەهبەر سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی تایبەت بە ناس کورد-ی ڕایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی نەبووەتەوە و لە ناو سەرکردایەتی باسی لێوەنەکراوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی: "تا ئێستا لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنەکەمان واژوو نەکردووە و هەرکات واژوومان کرد، دواتر سەرجەم کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستەکانی کابینەی نوێ یەکلا دەکرێنەوە".
دوێنێ چوارشەممە 3ی نیسانی 2019 له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژى یه‌كێتى له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: " پاش په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى نێوان كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى و مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كورستان، له په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه، گه‌شتن به ڕێككه‌وتنێكى هاوبه‌ش بۆ پێگه‌ى یه‌كێتى له سیستمى حكومڕانى و سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان".
هاوکات سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوەردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: “بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئەم پۆستانەی پێدەدرێت: شەش وەزارەت و سێ دەستە و سێ بەرپرس لە ئەنجوومەنی ئاسایش، یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان و سێ نوێنەری حكومەتی هەرێم"، بەڵام تا ئێستا یەکێتی کاندیدەکانی بۆ ئەو پۆستانە یەکلایی نەکردووەتەوە.