گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژنەوەیەک: ماوەی مانەوەی کۆرۆنا پێش دەرکەوتنی نیشنانەکانی پێنج ڕۆژە نەک چواردە

2020.03.10 - 17:40
App store icon Play store icon Play store icon
توێژنەوەیەک: ماوەی مانەوەی کۆرۆنا پێش دەرکەوتنی نیشنانەکانی پێنج ڕۆژە نەک چواردە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو لەشی مرۆڤدا لەوە کەمترە کە زانایان پێشتر دیاریانکردبوو بە 14 ڕۆژ.  .  بەگوێرەی توێژنەوەیەکی زانستی کە لەلایەن زانایانی کۆلیژی "جۆنزهۆبکنز بلۆمبیرگ" بۆ تەندروستی گشتی ئەمریکی ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو ماوەیەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو لەشی مرۆڤدا خۆی مەڵاس دەدات پێش ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەرکەوێت هاوشێوەی نەخۆشی سارس پێنج ڕۆژە نەک 14 ڕۆژ.   . ئاماژە بەوەکراوە، دیارکردنی ماوەی مەڵاسدانی ڤایرۆسەکە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە ڕێگە خۆشدەکات بۆ قەتیسکردنی نەخۆشییەکە و کۆنتڕۆڵکردنی بەشێوەیەکی کاراتر. .  توێژینەوە ئەمریکییەکە ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، هەرچەندە لە ماوەی ئەو پێنج ڕۆژدا دەتوانرێت لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە کەسی نەخۆش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان بکرێت، بەڵام ئەگەری ئەوەشی هەیە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی ڕوون لەو ماوەیەدا دەرنەکەوێت. . زانایانی کۆلیژی "جۆنزهۆبکنز بلۆمبیرگ"ی ئەمریکی بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامی توێژینەوەکەیان پشکنینان بۆ 181  تووشبووی فایرۆسی کۆرۆنا کردووە، لە ئاکامدا درکەوتووە ناوەندی ماوەی مەڵاسدانی فایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بە کۆڤید 19 پێنج ڕۆژە و نیشانەکانی نەخۆشییەکەش لەماوەی 11 ڕۆژدا لە جەستەی تووشبووانی نەخۆشییەکە دەردەکەوێت.   . هاوکات جۆستن لیسلر، یەکێک لە دانەرانی توێژینەوەکەی کۆلێژی جۆنزهۆبکنز بلۆمبیرگ دەڵێت: "پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ورد لەسەر 10 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتووە تەنها 101 کەس لەو ژمارەیە نیشانەی نەخۆشییەکە پاش 14 ڕۆژ لە سەر جەستەیان دەردەکەوێت، ئەوانەی تریش هەموویان پێش ئەو ماوەیە نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرکەوتووە." . ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە، تیدروس ئەدانۆم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە میدیا جیهانییەکانی ڕاگەیاندبوو: "دوای تەشەنەسەندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 100 وڵاتی جیهان و گیرۆدەبوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس بەو ڤایرۆسە نیشانەی ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە بووەتە پەتایەکی جیهانی و ترسناک". . لە هەمانکاتیشدا ئەدانۆم ئەوەشی خستوەتەڕوو: "جیهان لەژێر ڕەحمەتی ئەو ڤایرۆسەدا نییە، چونکە ئەو ڕێکارانەی کە هەمووان پەیڕەوی دەکەن وایکردووە کاریگەرییەکانی ئەو ڤایرۆسیە تاڕادەیەکی باش قەتیس بکرێت، یەکەم پەتاش دەبێت لە مێژوودا بتوانرێت کۆنتڕۆڵبکرێت". . لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە وڵاتی چین بە تایبەتی لە شاری ووهان سەریهەڵدا، لە ئێستادا نەخۆشییەکە لە چەندین وڵاتی جیهان بوونی هەیە، بە گوێرەی دوایین ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا 100 هەزاری تێپەڕاندووە نزیکەی چوار هەزار کەسیش بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە و لە 110 وڵاتی جیهان گیانیان لەدەستداوە.