گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حكومه‌تی هه‌رێم بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

2020.03.10 - 14:48
App store icon Play store icon Play store icon
حكومه‌تی هه‌رێم بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت بگرێتەبەر، بۆ روبەڕوبوونەوەى دابەزینى نرخى نەوت. . بەپێی ڕاگەیەنراوێکى حکومەتى هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتە و لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان کرد. . ئاماژە بەوشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا کە  رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر. هەروەها لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە. . لاى خۆیەوە، مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە بەڵکو بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووری جیهان لێکەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەتایبەتی بە هۆی دابەزینی خێرا و زۆری نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. . روونیشیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت ئەوەیە و لە سەریشی بەردەوام دەبین کە ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و نابێت تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەسترێت. . وتیشى "بۆ ئەم مەبەستە دەستمان بە کۆمەڵێک رێکاری پێویست کردووە بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەجێنداکە، پەیوەستە بە جێگیریی و سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئابووریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لە سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت". . سەرۆکی حکومەت داوای لە لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و تەواوی لایەنە سیاسیەکان  و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە  تێپەڕێنین. . سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەکردەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە لە گرتنەبەری رێکارە تەندروستیی و ئەو ئامادەکارییانەی بۆ دۆخی سەختی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان لە بەرچاو بگیرێت. .