گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى فەتح بۆ ناس کورد: لەم هەفتەیەدا بەربژێرکردنى کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران یەکلادەبێتەوە

2020.03.09 - 22:57
پەرلەمانتارێکى فەتح بۆ ناس کورد: لەم هەفتەیەدا بەربژێرکردنى کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران یەکلادەبێتەوە
ناس کورد- ئەندامێکى هاوپەیمانى فەتح لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەربژێرکردنى کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران یەکلابکرێتەوە و لە ئێستادا ناوى چەند کەسێک لە ئارادایە بۆ بەربژێرکردنى بۆ  پۆستەکە. . لەدواى کشانەوەى عەلاوى لە ڕاسپاردنى بۆ پێکهێنانى حکومەت لە دووى ئەم مانگەدا، چەند ناوێک دەستاودەستى پێوەدەکرێت بۆ جێگرتنەوەى، بەڵام هێشتا هیچ ناوێک یەکلانەکراوەتەوە کە ڕادەستى سەرۆککۆمار بکرێت. . مەهدی تەقی، ئەندامى پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "تائێستا لایەنە سیاسییەکان کۆدەنگ نین لە سەرهیچ ناوێکی دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەکانیش بەردەوامە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە". . وتیشی، "ئەو ناوانەی کە ئێستا باس دەکرێن لە کۆبوونەوەکاندا برتین لە عەلی شوکری، ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، وەزیری پێشووی پیشەسازی و پەرلەمنتاری ئێستا پەرلەمانی عێراق". . بەپێی دەستور، پێویستە لەماوەى 15 ڕۆژى دواى کشانەوەى عەلاوییەوە، کەسێک بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ لەلایەن سەرۆککۆمارەوە ڕاسپێردرێت، بەڵام وادەکە لەکۆتایی نزیکبووەتەوە و هێشتا هیچ بەربژێرێک یەکلایی نەکراوەتەوە. . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، بڕیارە لەم هەفتەیدا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە و لایەنە سیاسییەکان لە سەر کەسێک ڕێکبکەون.      . سەبارەت بە دەنگۆی دژایەتى میلیشاکان و گروپە چەکدارەکانی ناو دەستەی حەشدی شەعبی بۆ بەربژێرکردنی مستەفا کازمی، تەقی وتی، "بەڵی هەندێ گروپی ناو حەشدی شەعبی هەیە دژ بە بەربژێرکردنی مستەفا کازمی وەستاونەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت، بەڵام ئەوانە هەندێکیانن هەموویان نیین".  . مستەفا کازمى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى عێراقە و ساڵى 1967 لەبەغدا لەدایک بووە، بڕوانامەى بەکالۆریۆسى هەیە لە یاسادا.