گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چارەنوسی موچەى فەرمانبەرانی هەرێم لەدوای هاڕەی نرخی نەوت

2020.03.09 - 19:13
App store icon Play store icon Play store icon
چارەنوسی موچەى فەرمانبەرانی هەرێم لەدوای هاڕەی نرخی نەوت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح   لەگەڵ داڕوخانى خێراى نرخى نەوتدا لە بازاڕەکانى جیهان، حکومەتى هەرێم جەختدەکاتەوە لەسەر دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران، کە بۆ دابینکردنى بەشێکى پشت بە فرۆشتنى نەوت دەبەستێت. . حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچە مانگانە پێویستى بە 881 ملیار دینارە و بۆ دابینکردنیشى پشت بە دوو سەرچاوەى سەرەکى دەبەستێت، ئەو بڕە پارەیەى مانگانە لە بەغداوە دێت کە بڕەکەى 453 ملیار دینارە، لەگەڵ داهاتى فرۆشتنى نەوت و داهاتى ناوخۆ. . هەرچەندە حکومەت مانگانە ئامارى هەناردەى نەوت بڵاوناکاتەوە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ئێستادا ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە بەشێکى داهاتەکەى بۆ دابەشکردنى موچە خەرجدەکرێت. . دابەزینى خێراى نرخى نەوت و گەیشتنى نرخى هەربەرمیلێکى بۆ خوار 35 دۆلار، کاریگەرى لەسەر داهاتى مانگانەى هەرێم دروستدەکات و دیار نییە ئەو کاریگەرییە لەسەر موچەى فەرمانبەران چی دەبێت، بەتایبەت کەساڵى 2016 هەرێم بەهۆى بڕینى بەشە بودجە و دابەزینى نرخى نەوتەوە دەستى بۆ پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران برد. . جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى کاریگەرى دابەزینى نرخى نەوت لەسەر دابەشکردنى موچە ڕایگەیاند، "ئەولەویەتى حکومەتى هەرێم دابەشکردنى موچەیە و ئەوە ستراتیژی حکومەتە و پێوەى پابەندە". . حکومەتى هەرێم بەدرێژایی ساڵى ڕابردوو تا ئێستاش بۆ دابەشکردنى موچەى هەر مانگێک چاوەڕوانى پارەکەى بەغداى کردووە، لەهەر دواکەوتنێکیدا دابەشکردنى موچە دواکەوتووە، وەکو موچەى ئەم مانگە کە بەهۆى دواکەوتنى ناردنییەوە لە بەغدا دابەشکردنى دواکەوت. بەڵام دیار نییە بەغدا کە زیانمەندێکى گەورەى دابەزینى نرخى نەوتە دەست بۆ بڕینى پارەکەى هەرێم دەبات یان نا، ئەگەر هەرێم بەردەوام بێت لە رادەستنەکردنى نەوت بە بەغدا. . شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت، "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، لە فرۆشی ئەوە نەوتەش 300 ملیۆن دۆلاری بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانکردووە". . وتیشی "ئەگەر نرخی نەوت لەوەش زیاتر دابەزێت حکومەتی هەرێم دەتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات، بەو پێیەی ئەو داهاتەی کە حکومەت لە فرۆشتنی ئەو 500 هەزار بەرمیل نەوتە دەستیدەکەوێت زۆر لەوە زیاترە کە  حکومەت بۆ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی تەرخانکردووە". . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو 450 ملیار دینارەی کە حکومەتی عێراق ڕەوانەی هەرێمی دەکات بۆ موچەی فەرمانبەران هیچ کێشەیەکی نابێت لە دابینکردنی موچە. . نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکان بەرێژەی 30% دابەزی بە جۆرێک کە لە دوای ساڵی 1991وە ئەوە یەکەمجارە نرخی نەوت بەتەنیا لە یەک ڕۆژدا بەو ڕێژەیە دادەبەزێت و گەیشتە 33 دۆلار. . دوای دابەزینی نرخی نەوت، بەهای پشکەکان لە بازاڕەکانی بۆرسەی وڵاتانی کەنداو دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بازارەکانی بۆرسەی حەوت وڵاتی عەرەبی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداو لە ڕۆژی ڕابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن لە دابەزین. . هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، ئەو داشکانە گەورەیە کە سعودیە بۆ نەوتی خۆی کردوویەتی و دەیەوێت شەڕی نرخەکانی نەوت لەگەڵ ڕوسیا و بەرهەمهێنەرانی دیکە دەستپێبکات. . ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەی نێوان ڕێکخراوی ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپێک شکستیهێنا کە تیایدا ڕێکخراوی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی سعودیە پێشنیازی بۆبەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە دیارترینیان ڕوسیا، کرد کە ڕازی بن بە کەمکردنەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕەکاندا، بەڵام ڕوسیا پێشنیازەکەى ڕەتکردەوە.