کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڵمەتێكی دەرمان ڕشتن لەشاری سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و پاككردنەوەی شەقام و بازاڕەکان دەستیپێكرد و بەشى زۆرى شوێنەکان دەرمانڕێژکران. . بەپێی ڕاگەیەنراوێکى قایمقامیەتى سلێمانى، هەڵمەتەكە قۆناغ بە قۆناغ نێو بازاڕی شاری سلێمانی و شوێنە گشتیەكان دەگرێتەوە بەهۆی ئەوەی رۆژانە لەو شوێنانە خەڵكێكی زۆر كۆدەبێتەوە و دەیانەوێت لەرێگەی دەرمان رشتن رێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بكەن. . ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە هەڵمەتی دەرمان ڕشتن چەندین رێكاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ پارێزگاریكردن لە تەندروستی گشتی. . بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە هەڵمەتەكەی ئەمشەودا چەند شەقام و گوزەرێك لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی لەلایەن تیمەكانەوە دەرمان كراو بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی و بەرگری شارستانی و ئاسایش و شارەوانی و چاودێری بازرگانی و لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەشداربوون، لە رۆژانی ئایندەشدا هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و هەموو شوێنە گشتی و پێویستیەكان دەگرێتەوە. . هەڵمەتى رشتنى دەرمان لەناو بازاڕ و شەقامەکانى سلێمانى، دواى بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا دێت لە پارێزگاکە بۆ 10 حاڵەت کە یەکێکیان گیانى لەدەستداوە، لەکۆى 13 حاڵەت کە لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. .