گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک: لەوانەیە دواى 20 ى مانگ هەندێک شتى نوێ ڕوبدەن

گفتوگۆکانى دیاریکردنى جێگرەوەى عەلاوى بەکوێ گەیشتوون؟

2020.03.08 - 21:45
گفتوگۆکانى دیاریکردنى جێگرەوەى عەلاوى بەکوێ گەیشتوون؟
ناس كورد-  نیوەى ئەو کاتەى لەبەردەست بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراقدایە بۆ ڕاسپاردنى کەسێک بۆ پێکهێنانى حکومەت تەواو بووە و تائێستاش هیچ سەرەداوێک بۆ ڕاسپاردنى کەسێک بونى نییە، کوتلە سیاسیە کوردى و سونییەکان چاوەڕێى ماڵى شیعەن تا کەسێک دیارى بکەن و پێشکەشى سەرۆککۆمارى بکەن. . شیروان میرزا، پەرلەمانتارى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى وت "تائێستا هیچ ڕێکكەوتنێک نەکراوە و چاوەڕێى سەرۆککۆمار دەکەین بزانین کەس ڕادەستپێرێت یاخود نا، لە ڕاستیدا سەرۆککۆمار چاوەڕێى لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتى ناو ماڵى شیعە دەکات بۆ ئەوەى بزانێت لەسەرچى ڕێکدەکەون، چونکە پۆستى سەرۆکوەزیران پشکى ئەوانە، ئەوەى تائێستا دیارە هیچ بەرەوپێشچونێک نییە و هیچ ڕێکەوتنێکیش نەکراوە". . سەبارەت بەوەى ئەگەر لەماوەى ئەو 15 ڕۆژەدا نەتوانرێت کەسێک ڕاسپێردرێت، ئەو پەرلەمانتارە وتى "ئەو کاتە ئەگەرى هەیە عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى دەستلەکارکێشاوە لە پۆستەکەى بەردەوام بێت، ئەگەر ئەوەش نەکرێت ئەوا ئەگەرى هەیە سەرۆککۆمار کارەکانى سەرۆکوەزیران بگرێتە دەست". . لەدواى کشانەوەى عەلاوى لە راسپاردنى بۆ پێکهێنانى حکومەت لە دووى ئەم مانگەدا، چەند ناوێک دەستاودەستى پێوەدەکرێت بۆ جێگرتنەوەى، بەڵام هێشتا هیچ ناوێک یەکلانەکراوەتەوە کە رادەستى سەرۆککۆمار بکرێت. . ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتارى عێراق بۆ ناس کورد باسى لەوەکرد، تا ئێستا لایەنەکان لە گفتوگۆدان و یەک ناوى دیاریکراو نییەو چەند ناوێک هەیە، هەندێک لایەن پێى وایە دەبێت عادل عەبدولمەهدى بەردەوام بێت و هەندیک لایەن ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن دەبێت کەسێکى نوێ بێت، "بە بڕواى من دواى 20ى مانگ ڕەنگە هەندیک شتى نوێ ڕوبدات". . پێشتریش حەیدەر مولا، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عیراق بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی لەندەنی وتبوو "دەركەوتنی كتوپڕی عادل عەبدولمەهدی لە چەند رۆژی رابردودا هیچ نییە جگە لەوەی دوبارە خۆی نمایش دەكاتەوە، بەتایبەتی كە ئێستا دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بوە بە كارێكی سەخت و هەندێك فراكسیۆنیش هەوڵی ئەوە دەدەن دوبارە بیگێڕنەوە بۆ پۆستەكەی". . ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای شكستهێنانی هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی شوێنگرەوەی سەرۆكوەزیران، بەڵام كێشەی بەردەم عادل عەبدولمەهدی نەبونی دەرچەی یاساییە بۆ گەڕانەوەی بۆ پۆستەكەی، چونكە ناوبراو دەستی لەكاركێشاوەتەوە. .