کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سبەینێ کۆبوونەوەى باڵاى وەزارى حکومەتى هەرێم بۆ تاوتوێکردنى دەرکردنى بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەرێوەدەچێت و وەزیرى ناوخۆش دەڵێت تاوتوێی بڕیارى ڕاگەیاندنى پشوو دەکەن. . رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لە کۆنفڕانسێكى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "سبەینێ کۆبونەوەى باڵاى وەزاریمان هەیە کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادە دەبن، تاوتوێی بڕیار و رێنمایی نوێ دەکرێت، پێویستە پێداچونەوە بکەین بەو بڕیار و رێنماییانەى تا ئێستا دراون". . سەبارەت بە ڕاگەیاندنى پشوو لە بۆنەکانى ئادار و نەورۆز، رێبەر ئەحمەد وتى "ئەو پێشنیارە لەبەردەستە و سبەینێ گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، ئاڕاستەیەک هەیە کە دامەزراوەکانى حکومەت پشوو رابگەیەنن، بەڵام تا ئێستا بڕیار نەدراوە". . لەبارەى کۆنتڕۆڵکردنى خاڵە سنورییەکانەوە، وەزیرى ناوخۆ جەختیکردەوە، بەشێوەیەکى باش خاڵە سنورییەکان کۆنتڕۆڵکراون، بەڵام بەداخەوە چەندین خاڵ هەیە کە رێگەى قاچاخن و هاوڵاتیان بۆ گەڕانەوە بەکاریانهێناوە، بەشێکى دیکەى هاوڵاتییان لەڕێگەى خاڵەکانى عێراقەوە گەڕاونەتەوە. . وتیشى "بەشێک لەو کەسانە خۆیان بە تیمەکان ناساندووە، بەشێکى دیکەشیان لەلایەن تیمەکانەوە دۆزراونەتەوە و کەرەنتینە کراون". . لاى خۆیەوە، سامان بەرزرنجى وەزیرى تەندروستى ڕایگەیاند، رەوشى تەندروستى ژنە توشبووەکەى هەولێر جێگیرە، توشبووەکەى دیکەش خۆى نەخۆشى درێژخایەنى هەیە. .