گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئۆردوغان بەرز فڕی و خراپ نیشتەوە

رێککەوتنی تورکیا و رووسیا لە مۆسکۆ لەسەر چی بوو؟

2020.03.06 - 19:43
App store icon Play store icon Play store icon
رێککەوتنی تورکیا و رووسیا لە مۆسکۆ لەسەر چی بوو؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-ئالان م نوری رەجەب تەیب ئۆردوغانی سەرۆکی تورکیا، داوی ئەوەی سوپای وڵاتەکەی بە ئاشکرا و راستەوخۆ گلاندە شەڕی نێوان سوپای حکومەتی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانانی لە لایەک و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی هەواداری تورکیا لە لایەکی دیکە لە ناوچەی ئیدلیبی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا، و بێهودە هەوڵیدا ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ بەگشتی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تایبەتی بەشدار بکات لەو شەڕەدا،  پاش ئەوەی بە هەموو جیهانی راگەیاند کە ئاکامی بەشداریی لە شەڕەکەدا ناچارکردنی حکومەتی سوریا دەبێت بە گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە کۆتایی ساڵی 2019 دا بە دەستیانەوە بوو، بەڵام دوای هەفتەیەک لە شەڕ و بۆردومان و مووشەکبارانکردنی سوپای سوریا، لەسەر ئەرزی واقیع سوپای تورکیا و هەوادارانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا هیچ سەرکەوتنێکی سەربازیی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا و ئەوەی گرتیان لێیان سەندرایەوە، بە تایبەتی شاری ستراتیژیی سەراقیب کە لە دووڕێیانی هەردوو جادەی خێرای M5 و M4 ە. . ئەوجا دوای ئەوەی هەوڵی ناچارکردنی ئەوروپا بۆ لایەنگیریی ئامانجەکانی دەست تێوەردانە سەربازییەکەی، لە رێی بەرەڵڵا کردنی سنوورەکانی تورکیا لە بەردەم کۆچی ملیۆنان پەنابەردا بەرەو ئەوروپا، ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتەوە و کەنارگیریی تورکیای زیاد کرد و دوای ئەوەی کە ئەمریکا تەنانەت سیستەمی پاتریۆتی دژە ئاسمانیی پێنەدان، و پەیتا پەیتا تەرمی ئەفسەر و سەربازی تورک بەرەو شارە جیاجیاکانی تورکیا گەیشتن، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای نزیک لە دامودەزگا سەربازییەکانی تورکیا لە پەرلەمان لە دژی دەستێوەردانی سەربازیی تورکیا نارەزاییان راگەیاند، ئیتر دیار بوو کە ئەڵتەرناتیڤەکان بە دەستی ئۆردوغانەوە کورتیان هێنا… لە دوای هەموو ئەمانەوە، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا باوەشی بۆ کردەوەو و بانگهێشتی کرد بۆ مۆسکۆ بۆ گفتوگۆ لەسەر مەرجی نوێی ئاگربەست لە ئیدلیب.  . رێکكەوتننامەی نوێ، یان ملکەچیی ئۆردوغان؟ دوێنێ 5 مارت پاش ٦ سەعات کۆبوونەوە هەردوو سەرکردە رێکكەوتننامەیەکی نوێیان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ئیدلیب راگەیاند کە هەر لە نیوەشەوی هەمان رۆژدا دەستبەکار بوو. . ئەوەی مایەی سەرنج و سەرسوڕمانی هەوادارنی تورکیا بوو لە بارەی ئەم رێکكەوتنە نوێیە ئەوەیە کە رێککەوتنەکە نەک هەر سوپای حکومەتی سووری و هاوپەیمانانی ناگەڕێنێتەوە بۆ هێڵەکانی پێشووی کۆتایی ساڵی رابوردوو، خودی رێککەوتنەکە هێڵێکی نوێ دروست دەکات  جادەی خێرای M4 ە لە نێوان دێی ترەنبە لە نزیکی سەراقیبەوە لە خۆرهەڵات تا دەگاتە دێی عەین ئیلحوور کە دواخاڵی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنە لە قۆڵی خۆرئاوا لای شاری جیسر ئیلشوغوور. . خاڵی سەرەکیی رێکكەوتننامەکە ناوچەیەک دیاريدەکات شەش کیلۆمەتر لەسەروو و شەشی دیکە لە خوارووی M4 لە نێوانی ئەو دوو دێیەدا کە دەبێت بە ناوچەی دەورییەی هاوبەشی هەردوو سوپای روسیا و تورکیا، وەک لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە: هەروەک لە نەخشەکەدا روونە، ئەم هێڵە بەشێکی بەرچاوی ناوچەکانی شارۆچکەی ئەلبارە و جەبەل ئەلزاویە و دەیان گەندی خۆرئاوایان کە لە ئێستادا بە دەست ئۆپۆزیسیۆنەوەن دەخاتە دەرەوەی رێکكەوتننامەکە و چارەنووسی شەڕ تێیاندا بەلای هێزەکانی حکومەتی ئەسەد دەشکێنێتەوە. . هەروەها هەموو جادەی M5 ، بە شاری سەراقیبیشەوە کە حکومەتی سووری سەندیەوە لە ئۆپۆزیسیۆن لەدەرەوەی ئەم رێکكەوتننامەیەن.   مافی پەنابەران لە رێکكەوتننامەکەدا؟ خاڵێکی دیکەی بەرچاو ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی هەموو لەشکرکێشییەکەی تورکیا لە لای رای گشتی جیهانی دەربارەی پەناهەندەکانی شار و شارۆچکەکانی ناوچەی ئیدلیب بوو کە بە هۆی هێرشی سوپای حکومەتی ئەسەد هەڵهاتوون و نزیکەی دوو ملیۆنیان لە ناوچەکانی سنووری ئیدلیبی سوریا لەگەڵ پارێزگای هەطای تورکیا گیریان خواردووە، رێکكەوتننامەکەی نێوان تورکیا و روسیا باسیان لێ ناکات و هیچ زامنێک بۆ گەڕانەوەیان بۆ شارەکانی وەک سەراقیب و معەررەت ئیلنوعمان  و ئەتاریب و میعەررەت ئەلنەعسان باس نەکراوە. . ئۆردوغانی بریندار بە دوای سەرکەوتندا دەگەڕێت ئەم رێکكەوتننامەیە، سەرەڕای ئاکامە پۆزەتیڤە چاوەڕوانکراوەکانی لە راگرتنی شەڕ یان لانی کەم هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، بەڵام لەبەر ئەوەی ملکەچییەکی تەواوی ئۆردوغانە بۆ رووسیا و لەبەر ئەوەی بەشێکی گەورەی ناوچەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە پاڵپشتی تورکیا بێبەش دەکات، پێدەچێت لە سەر ئاستی ناوخۆی تورکیادا گێچەڵی سیاسیی نوێ بۆ ئۆردوغان دروست بکات و لەسەر ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی هەواداری تورکیا ئاستێکی نوێی بێ هیوایی لە ناویاندا بڵاو بکاتەوە. . ئۆردوغانی بریندار، رەنگە سەرکەوتنی سەربازیی سەر سۆسیال میدیا بەس نەبێت بۆی و رەنگە بە هێرشی نوێ بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی یەپەگە و هەسەدە بیەوێت وێنە تێکشاوەکەی پێکەوە بنێتەوە.