گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەسەد: کورد تەنها بە ڕاگەیەندراو شەڕى تورکیا دەکات و شتێک نییە بەناوی دۆزی کورد لە سوریا

2020.03.05 - 22:05
ئەسەد: کورد تەنها بە ڕاگەیەندراو شەڕى تورکیا دەکات و شتێک نییە بەناوی دۆزی کورد لە سوریا
ناس کورد- بەشار ئەسەد، سەرۆکى ڕژێمى سوریا دەڵێت، ناردنى سوپا لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوە پەیوەندى بە بەرژەوەندى باڵاى تورکیاوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە ئایدۆلۆژیاى ئیخوانى ئەردۆگانەوە هەیە، ئاماژە بەوەشدەدات کە کوردەکان تەنها بە ڕاگەیەندراو دەڵێن کە شەڕى دژى داگیرکارى تورکیا دەکەن. ، ئەسەد لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ساناى زمانحاڵى حکومەتەکەى ئاماژەى بەوەداوە، ئەردۆگان ناتوانێت بەگەلەکەى بڵێت کە بۆچى سوپا دەنێرن بۆ تورکیا و بۆچى سەربازەکانیان لە سوریا دەکوژرێن، ئەوەى ئەو دەیکات پەیوەندى بە بە بەرژەوەندى باڵاى تورکیاوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە ئایدۆلۆژیاى ئیخوانى ئەردۆگانەوە هەیە. ، لەبەشێکى ترى قسەکانیدا سەبارەت بە وەى کە چى لەگەڵ کوردەکان دەکەن کە لەئێستادا هاوپەیمانى ئەمریکان و چ شتێکیش هەیە کە ناتوانن بۆیان بکەن ئەسەد وتى: "ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ گروپە سیاسییە کوردیەکان لە ناوچەکانى باکورى سوریا هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەندێک لەو لایەنانە "هەمویان نا" لەژێر دەسەڵاتى ئەمریکیەکاندا کاردەکەن، ئێمە ناڵێین کوردەکان چونکە زۆرینەى کورد لە گروپە عەشایەریە نیشتمانیەکانى سوریان و لەگەڵ دەوڵەتدا وەستاون، بەڵام ئەو گروپانە لەناوچەکانى خۆیان دەنگیان نییە و چەند گروپێکى بچوک کە کار لەگەڵ ئەمریکیەکاندا دەکەن کۆنترۆڵى ئەو ناوچانەیان کردوە. ، رونیشیکردوەتەوە، ئەوەى پێى دەوترێت "دۆزی کوردى" شتێک نییە بەناوى دۆزی کوردیەوە ئەوەش بەهۆکارێکى سادە، کورد هەیە بەدرێژایى مێژوو لە سوریا دەژین، بەڵام ئەو گروپانە لە سەدەى پێشودا بەهۆى سەرکوتکارى تورکیاوە هاتون و لە سوریا پێشوازیان لێکراوەو کورد و ئەرمەن و چەندین گروپ و نەتەوەى تر هاتون، بەڵام هیچ کێشەیەک نەبوە، بۆ نمونە کێشەى سورى - ئەرمەنى بونى نییە و چەندین نەتەوە لە سوریادا هەن و کێشەمان لەگەڵ کەسیاندا نییە، بۆچى کێشەمان لەگەڵ کورددا هەبێت؟". ، بسەرۆکی ڕژێمی سوریا ئاماژەی بەوەشکردووە: "کێشە لەگەڵ ئەو گروپانەدا هەیە کە چەندین دەیەیە جوداخوازن بەتایبەتى لەسەرەتاى هەشتاکاندا، کاتێک تورکیا دەستى کرد بە سەرکوتکردنى کوردەکان ئێمە لەگەڵ کوردەکاندا وەستاین و دژى دۆزەکەیان نەوەستاین ئەگەر بە دۆز ناوى دەبەن، لە سوریا ڕەگەزنامەیان وەرگرت کە لە بنچینەدا سورى نەبوون و هەمیشە بەرامبەر بابەتى کوردى ئیجابى بوین، ئەوەى ناودەبرێت بە "دۆزی کوردى" دەربڕێنێکى نادروستە و ناونیشانێکى وەهمى و درۆینەیە. ، ئەسەد رونیشیدەکاتەوە: "لەئێستادا کێشەکە لە مامەڵەکردندایە لەگەڵ ئەمریکادا، ئەمریکا داگیرکەرەو زەویەکانى داگیرکردوەو دزەو نەوتى سوریاى دزیوە، ناکرێت لەنێوان ئەوەى کە یاسا دەپارێزێت و ئەوەى پێشێلکى دەکات لەناوەڕاستدا بیت، ناکرێت لەهەمان کاتدا لەگەڵ پۆلیسدا بیت و لەگەڵ دزیشدا بیت، دەبێت یان لەگەڵ پۆلیس بیت یان دز، دەبێت یان لەگەڵ داگیرکەر بیت یان دژ بیت، تەنانەت ئەگەر هەزاران جاریش لەگەڵ کوردەکاندا کۆببینەوە ناتوانین بگەینە ئەنجام تەنها کاتێک نەبێت کە هەڵوێسێتیکى ڕونیان هەبێت کە ئەویش هەڵوێستێکى نیشتمانیە، دەبێت دژى ئەمریکا بیت، چونکە داگیرکەرە و دژى تورکیا بیت چونکە ئەویش داگیرکەرە، تورکیا داگیرکەرەو ئەمریکاش داگیرکەرە بەسادەترین شێوە ئەوە داواکارى ئێمەیە". ، سەبارەت بە هەڵوێستى کورد دژى داگیرکارى تورکیا ئەسەد ئەوەى ڕونکردوەتەوە: "هەندێک لە لایەنە کوردیەکان دەڵێن دژى تورکیان و ڕاگەیەندراو دەردەکەن کە شەڕلە دژى دەکەن، کاتێک تورکیا هاتە ناو خاکى سوریا یەک گولـلەیان نەتەقاند.. بۆچى؟ چونکە ئەمریکا دیارى کرد تورکیا بێتە خاکى سوریاوە، ئەوان دەڵێن دژى تورکیان، بەڵام هیچ شتێکیان نەکردوەو ئەوا بێلایەنن و لەگەڵ ئەمریکا و تورکیان، تەنها حکومەتى سوریى و چینەکانى گەلى سوریا دژى داگیرکارى تورکیا وەستاونەتەوەو هەموو ڕۆژێک شەهید دەدەن، ئەگەر دەڵێن دژى تورکیان ئێمەش لەگەڵتان دژى تورکیا ڕێکدەکەوین و پێیان دەڵێین ئێمە ئامادەین، شەڕکەرمان بۆ بنێرن با بەیەکەوە دەستبکەین بە شەڕ و بەرگرى لە زەویەکانمان بکەین".   وتەکانی ئەسەد لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا و بەدرێژایی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کە باکوری سوریایە، شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەگە بەرخودانیان ئەنجامدا و لە دژیان وەستانەوە و چەندین شەڕڤانیان لێ شەهید بوو.