کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- دواى ئەوەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەوە بڵاوکرایەوە، مامۆستایانى ئاینى و ئەوقافى پشدەر بۆ سبەینێ بڕیارى ئەنجامدانى نوێژى هەینیانداوە، بەڕێوهبەرى ئەوقافى سنورەکە دەڵێت ئەو بڕیارە هەڵوەشاوهتەوە و هەر مامۆستایەک نوێژى مزگەوتەکەى ئەنجامدەدات خۆى دەچێتە ژێر ئەو بەرپرسیارێتیەوە و ئەوان وەکو ئەوقاف پابەندى بڕیارى وەزارەت و ئەنجومەنى وەزیرانن. . مامۆستا ساڵح پشدەرى، بەڕێوەبەرى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى سنورى پشدەر تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند "ئێمە ڕێنمایى سەرووى خۆمان جێبەجێ دەکەین کە وەزارەتى ئەوقاف و ئەنجومەنى وەزیرانە و ئەوان نوێژکردنى هەینیان بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکەوە بۆ ماوەیەکى کاتى لەمزگەوتەکاندا ڕاگرتووە بۆیە ئێمەش پابەندى ئەو بڕیارە دەبین". . وتیشى "بڵاوبونەوەى بڕیارى ئەنجامدانى نوێژى هەینى بۆ سبەى دواى ئەوە هات، ئەمڕۆ مامۆستایانى ئاینى سنورى پشدەر لەبارەگاى یەکێتى زانایان کۆبونەتەوە و تاوتوێ بڕیارى ڕاگرتنى نوێژى هەینیان کردوە و باس لەوە کرا هیچ حاڵەت و مەترسیەکى ڤایرۆسەکە لەسنورەکەدا نییە بەو هۆیەوە دواتر گەیشتنە بڕیارێک بۆ سبەینێى نوێژى هەینى ئەنجامبدرێت و بۆ داهاتوش سەیرى واقیعەکە بکرێت". . مامۆستا ساڵح ئەوەشى ڕوونکردەوە، دواى بڵاوبونەوەى بڕیارەکەى مامۆستایانى سنورى پشدەر، وەزارەتى ئەوقاف پەیوەندى پێوەکردوون داواى لێکردوون ئەو بڕیارە هەڵبوەشێننەوە هاوشێوەى شارەکانى تر پابەند بن و نوێژى هەینى بۆ ماوەیەکى کاتى لەمزگەوتەکاندا ڕابگرن". . لەوەڵامى ئەوەى چارەنوسى بڕیارەکەى مامۆستایانى سنورى پشدەر بۆ ئەنجامدانى نوێژى هەینى، بەڕێوەبەرى ئەوقافى ئەو سنورە وتى "ئەوان لەگەڵ بڕیارى ئەوقاف و ئەنجومەنى وەزیراندان و نامانەوێت لەشارەکانى تر خۆمان جیا بکەینەوە و بەڵام ژمارەیەک لەمامۆستایانى شارەکە بڕیارەکەى خۆیان بەلاوە باشترە نوێژەکە ئەنجامدەدەن و هەر کەسێک لەبڕیارەکەى خۆى بەرپرسە و ئەوان وەکو ئەوقافى شارەکە ناچنە ژێر ئەو بەرپرسیارێتیەوە". . مامۆستا ساڵح پشدەرى باسى لەوەش کرد، سەرەتا ویستویەتى بۆ سبەێنێ بۆ نوێژى هەینى بچێتە گوندێک و بەشدارى هەینى بکات بەڵام بڕیارەکەى هەڵوەشاندووەتەوە و بەهۆى دۆخى نالەبارى تەندروستیەوە لەماڵەوە نوێژەکەى ئەنجام دەدات. . دوێنێ (چوارشەممە، 4ى ئادارى 2020)، دواى ئەوەى مامۆستایەکى ئاینى لەشارى سلێمانى کۆچى دواییکرد و تەندروستى شارەکەش ئەوەى ڕاگەیاند کەبەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە گیانیلەدەستداوە، یەکێتى زانایان لقى سلێمانى بڕیاریدا نوێژى هەینى و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان بۆ ماوەیەکى کاتى لەسنورى شارەکە ڕابگیرێت. .