گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەناو چوار کاندیددا

ناوى عەبادى بۆ سەرۆکوەزیران دێتەوە بەرباس.. جموجوڵەکان دەستیان پێکردووە

2020.03.04 - 14:35
App store icon Play store icon Play store icon
ناوى عەبادى بۆ سەرۆکوەزیران دێتەوە بەرباس.. جموجوڵەکان دەستیان پێکردووە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- لە کۆبوونەوەکانى بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لەگەڵ سەرکردەى لایەنە سیاسیەکاندا، ناوى چەند کاندیدێک خراوەتە بەر باس بۆ ڕاسپاردنى بۆ سەرۆکوەزیران، کە هەندێکیان پێشتر باسکراون و یەکێک لەو کاندیدانەش کە ناوى تازە خراوەتە سەر باس و پێشتر سەرۆکوەزیران بووە حەیدەر عەبادییە، بە وتەى پەرلەمانتارانیش بەهۆى بەهێزى کەسایەتیەوە چانسى زۆرە. . کۆبونەوە و کەسایەتیەکان دواى شکستهێنانى عەلاوى لە تیپەڕاندنى کابینەکەى لە پەرلەمان، گەڕى نوێى گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنى کەسێکى تر بۆ پۆستەکە دەستیپێکردووە بەتایبەتى لەناو لایەنە شیعییەکاندا، تا ئێستا کورد و سونە بەشدار نین بەڵام مەرجەکانى خۆیان بۆ کاندیدى نوێ ئاشکرا کردووە. . جاسم بەخاتى، پەرلەمانتار بە ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، گفتوگۆکان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کەسایەتیەکى جێگرەوە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران ڕابسپێردرێت کراوەتر و لەجێى خواستى هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکاندا بێت. . بەخاتى واى بۆ دەچێت چەند کەسایەتیەکى تر دووبارە بێنەوە بەرباس کەپێشتر باسیان لێوە کران، ئەوانەش لەڕووى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى و ناوخۆیشەوە لەلایەن پێکهاتەکانەوە تاڕادەیەکى باش ڕەزامەندیان لەسەر هەیە. . ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، دیالۆگ و کۆبونەوەکان کە لەماوەکانى ڕابردودا پەکی کەوتبوو چالاک دەبنەوە بەوەرگرتنى ڕاوبۆچونى پێکهاتەکانى تر بۆ دیاریکردنى کاندیدى سەرۆکوەزیرانى نوێ. بەخاتى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، پێویستە سود لەو هەڵە و کەموکوڕیانە وەربگیردرێت کە عەلاوى بەجێهێشت و بووەهۆى وەرنەگرتنى متمانەدان بەکابینەکەى و شکستى هێنا، ئێستا دیالۆگى جدیى هەیە بەتایبەت دواى ئەوەى ماڵى شیعیى و چەند لایەنێکى تر لەسەر متمانەدان بەکابینەکەى پەرتبوون. . لاى خۆشیەوە حەنین قەدۆ، پەرلەمانتارى هاوپەیمانی فەتح ڕاگەیاندووە، لە کۆبونەوەکانى سەرۆک کۆمار لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا گفتوگۆ لەسەر چوار ناو کراوە، لەوانە مستەفا کازمى ، محمد شیاع سودانى و عەلى شوکرى و حەیدەر عەبادى. . ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، عەبادى خاوەن کەسایەتیى دیارە و لە کۆبونەوەکەى سەرۆککۆمار و لایەنە سیاسیەکاندا ناوى هاتووە، بەڵام لەو گفتوگۆیانەدا کە کۆشکى سەلام لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدراوە ڕیکەوتن لەسەر هیچ ناوێک نەکراوە و گفتوگۆکان بەردەوامیان دەبێت. . عەبادی دەستپێشخەری هەیە ئەمڕۆ سێشەممە، حەیدەر عەبادی کە سەرۆکى هاوپەیمانی نەسرە دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی عێراق پێشکەشکردووە و داوا دەکات لەماوەى 15 ڕۆژدا سەرۆککۆمار کەسایەتییەکی سەربەخۆ و بەتوانا بۆ سەرۆکایەتی حکومەت. . هەروەها داواش دەکات حکومەتێکی بچووککراوە پێکبهێنرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم ماوە کاتییە کە تەمەنی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات و کاری سەرەکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان. . سەرەتاى جموجۆڵە سیاسییەکان جموجۆڵە سیاسیەکان بۆ دیاریکردنى جێگرەەوەى عەلاوى هێشتا لەسەرەتادایە، دیار نییە فراکسیۆنى گەورە سورە لەسەر کاندیدکردنى ناوە کۆنەکانى یاخود کاندیدى نوێترى هەیە، یاخود سازان لەسەر کاندیدێک دەکەن لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا کاریگەرییان هەبێت. . ئەحمەد کەنانى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى بەننا دەڵێت، "هێشتا گفتوگۆکان نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنێکى یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنى کاندیدەکە، ئیتر ئایا بەڕێگەى سازانى سیاسى یاخود لەرێگەى فراکسیۆنى گەورە، گەر کارەکە کەوتە سەر فراکسیۆنى گەورە ئەوا مشتومڕەکان درێژە دەکێشن و ئەم بارودۆخەى ئێستاش مشتومڕى زۆر هەڵناگرێت". . کەنانى باسى لەوەش کردووە، شکستهێنانى عەلاوى بۆ ڕازیکردنى لایەنە سیاسیەکان بەهۆى ئەوە بوو کە ناوبرا و پێوەرى ماف و دەستکەوتەکانى لایەنە سیاسیەکانى تێپەڕاند. . مشتومڕەکانى فراکسیۆنى گەورە پێش ڕاسپاردنى عەلاوى چەندین بەربژێرى لایەنەکان لەلایەن شەقامەوە ڕەتکرانەوە، تەنانەت عەلاویش لەو ڕەتکردنەوەیە دەرباز نەبوو، لەکاتێکدا خۆى بە کاندیدى دڵخوازى شەقام وێنا دەکرد. . ئەسعەد مەرشدى، پەڕلەمانتارى ڕەوتى حیکمە ئاشکرایکرد، بەرهەم ساڵح داواکارییەکى لەبارەى تایبەتمەندییەکانى کەسایەتى کاندیدى سەرۆکوەزیرانەوە پێشکەشى لایەنە سیاسیەکان کردووە بۆ ئەوەى ئەو داواکارییانە کە پێشتر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕادەستى کراوە لایەنە سیاسیەکان ڕەچاوى بکەن لەکاتى دیاریکردنى کاندیدەکانیاندا بۆ ئەو پۆستە. . مەرشدى هۆشیدار ئەوەشیداوە، دووبارە کردنەوەى مشتومڕى فراکسیۆنى گەورە عێراق دەخاتە تونێلێکى تاریکەوە و دەبێت سەرۆککۆمار خۆى کەسێک ڕابسپێرێت کە مشتومڕى لەسەرنەبێت و ڕەزامەندى لایەنەکانیشى لەسەر بن. . لەنێوان سائیرون و دەوڵەتى یاسادا هاوپەیمانى سائیرونى موقتەدا سەدر، کە شکستیهێنا لە کۆکردنەوەى ڕێژەى پێویستى پەرلەمان بۆ تیپەڕاندنى کابینەکەى، مەرجى هەیە بۆ بەربژێرکردنى هەر کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە. ڕیاز مەسعودى، پەڕلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون ڕایگەیاندووە، ئەوان سێ مەرجیان بۆ پشتیوانیکردنى هەر کاندیدێک بۆ شوێنەکەى عەلاوى هەیە کە شکستى هێنا لەمتمانە وەرگرتنى کابینەکەى. . وتیشى، "قسەکردن بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەى عەبدولمەهدى لەلایەن دەستورییەوە ڕەوایە بەڵام ئەو کارە پێویستى بە پێداچونەوە لەلایەن مەرجەعیەتەوە هەیە چونکە دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى وەکو مەرجەعیەت ڕاگەیاند بەڕێنمایى ئەو بووە ئەوەش لەئێستادا مەحاڵە کە مەرجەعیەت هەڵوێستى خۆى بگۆڕێت". . پەرلەمانتارەکەى سائیرون سێ مەرجەکەى فراکسیۆنەکەیان ئاشکرا دەکات کە بۆ کاندیدى نوێ دایانناوە ئەوانیش، کەسایەتیەکى بەهێز و ناسراو کابینەیەکى دور لەحزبەکان پێکبهێنیت و کار بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە بکات و ڕووبەڕوى گەندەڵکاران بێتەوە و لێکۆڵینەوە لە بکوژى خۆپیشاندەران بکات. . بەڵام موجاهید ڕکابى، پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا کە دژى بەربژێرکردنى عەلاوى بوون دەڵێت، هاوپەیمانێتیەکەى ئەوان هیچ مەرجێکى کەسیى و تایبەتى نیە بۆ ڕازى بوون لەسەر کاندیدێک، بەڵکو پێوەرى هاوپەیمانیتیەکەیان ئەوەیە ئەو کەسە بتوانێت شکۆ بۆ هێزە چەکدارەکان بگەڕێنیتەوە و کاتێک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیارى بکات و چەک لەشەقامیش دابماڵێت. . ئەوەشى ئاشکرا کردووە، هەر لەیەکەم ڕۆژى ڕاسپاردنى محمەد تۆفیق عەلاوییەوە دەوڵەتى یاسا لەوە تێگەیشت کە کاتى متمانەدان بەو کاندیدە نییە. . هەڵوێستى کورد لایەنە کوردییەکان کە دژى بەربژێرکردنى عەلاوى وەستانەوە، چاوەڕوانى سازانى لایەنەکانە تا کەسێک بۆ جێگرەوەى دیاریبکرێت. . خالیدە خەلیل، پەڕلەمانتارى پارتى لە بەغدا ڕایگەیاندووە، چەند ناوێک لەدواى عەلاوى خراونەتە بەر باس و چاوەڕى ئەوە دەکرێت سازان لەسەر کاندیدێک کە لایەنە سیاسیەکان لەسەرى ڕەزامەند بن بێتە کایەوە. . باسى لەوەشکردووە، لایەنە کوردیەکان بەتایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، هیچ پێوەرێکى تایبەتیان بۆ کەسایەتى سەرۆکوەزیرانى نوێ نییە لەبەرئەوەى ئەو پۆستە پشکى شیعەیە و ئەوان کاندیدى دەکەن. . خالید لەبارەى مەرجى کوردوە بۆ کاندیدى نوێ ڕایگەیاندووە، پێکهاتەى کوردى چەند مەرجێکى هەیە کە دەبێت کاندیدى نوێ ڕەچاوى بکات، ئەویش پاراستنى بەرکەوتە و مافەکانى کوردە بەپێى دەستور وجێ بەجێ کردنیەتى نەک بەشێوەیەک خواستێکى جێبەجێبکرێت و ئەوانى تری پشتگوێ بخرێت.