گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژیان و مردن لە ماوەى دوو کاتژمێردا

مامۆستا ڕەشید چ نەخۆشییەکی هەبووە و کەسە نزیکەکانی چی دەڵێن؟

2020.03.04 - 12:33
App store icon Play store icon Play store icon
مامۆستا ڕەشید چ نەخۆشییەکی هەبووە و کەسە نزیکەکانی چی دەڵێن؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- وەک هەرجارێکى دیکە و لەگەڵ خراپبوونى دۆخى تەندروستیدا، مامۆستا ڕەشید چووە نەخۆشخانە، بەڵام ئەمجارە پشکنینەکانى شتێکى دیکەى دەرخست و "دەرکەوت توشبووى ڤایرۆسى کۆرنایە" و دواتریش گیانى لەدەستدا. . ڕەشید عەبدوڕەحمانى تەمەن 63 ساڵ، ماوەى ساڵانێک بوو وتاربێژ و پێشنوێژى مزگەوتى خانەقاى مەحوى بوو لە ناوەندى شارى سلێمانى و بەدەست چەندین نەخۆشییەوە دەیناڵاند، وەکو شێرپەنجە و نەخۆشى دڵ و فشارى خوێن و شەکرە. . وەک کەسە نزیکەکانى دەیگڕێنەوە، مامۆستا ڕەشید تا ڕۆژى شەممە بەردەوام چووەتە مزگەوتەکەى و نیوەڕۆى ئەو ڕۆژە پێشنوێژى کردووە، لەکاتێکدا تەنگەنەفەس بووە. . حاجى جەبار کە بەردەوام سەردانى ئەو مزگەوتە دەکات و کەسى نزیکى مامۆستا ڕەشید بە ناس کوردى وت، "مامۆستا خۆى نەخۆشى دڵ و فشارى خوێن و شەکرەى هەیە زوو زوو تەنگەنەفەس دەبوو، ڕۆژى شەممە نوێژى نیوەرۆى بۆ کردین". . وتیشى "مامۆستا پێی وتین تۆزێک تەنگەنەفەسم، کەسە نزیکەکانى زوو دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکانیشى دەڵێن خرۆکە سپییەکانى دابەزیوە و پشکنینەکانیان ڕەوانەى نەخۆشخانەى هیوا کردووە". . ئەمجارەیان کە تەندروستى تێکچوو، مامۆستا ڕەشید سەردانى نەخۆشخانەى شارى کرد لە سلێمانى، لەوێ گومانیان لێکردووە و داوایانلێکردووە پشکنین بکات. دواى تێپەڕبوونى چەند کاتژمێرێک بەسەر پشکنینەکەیدا، کاتژمێر 9:30 سەرلەبەیانى ئەمڕۆ وەزارەتى تەندروستى بەفەرمى تۆمارکردنى شەشەم توشبووى ڕاگەیاند کە بارى تەندروستى ناجێگیرە، ئەو کەسەش مامۆستا رەشید بوو. . سۆران رەشید، کوڕى مامۆستا ڕەشید بە ناس کوردى وت، "باوکم سەردانى ئێرانى نەکردووە، توشى کۆرۆناش نەبووە، تەنها تەندروستى ناجێگیر بوو". . دواى ڕاگەیاندنى توشبوونى مامۆستا ڕەشید بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، خێزان و کەسە نزیکەکانى ڕەوانەى پشکنین کران. . حاجى حەسەن کەسى نزیکى مامۆستا ڕەشید بۆ ناس کورد باسى لەوەکرد، "مامۆستا دەمارەکانى دڵى سەمامەى تێدایە، هەموو جارێک ناڕەحەت دەبوو، دواینجار کە پێکەوە قسەمانکرد وتى خوێنم دابەزیوە، دوێنێ تەندروستى باش بووە". . کاتى تۆمارکردنى حاڵەتى توشبوونى بە نەخۆشییەکە و گیان لەدەستدانى مامۆستا ڕەشید، تەنها دوو کاتژمێرى لەنێواندا بوو، بەپێی بەدواداچونەکانى ناس کورد بەهۆى خراپى دۆخى تەندروستییەوە بەرپرسانى تەندروستى نەیانتوانیوە قسەى لەگەڵدا بکەن و زانیارى لێوەربگرن لەبارەى هاتوچۆ و مامەڵەى لەگەڵ خەڵکدا. . بەپێی بەدواداچونەکانى ناس کورد، مامۆستا رەشید نەخۆشى شێرپەنجەى هەبووە و نەخۆشى نەخۆشخانەى هیوا بووە لە سلێمانى، کە تایبەتە بە چارەسەرى توشبووانى شێرپەنجە. . هەرچەندە کەسە نزیکەکانى جەختدەکەنەوە کە مامۆستا رەشید سەردانى ئێرانى نەکردووە، بەڵام هێشتا بەرپرسانى تەندروستى لەوە دڵنیانەبوونەتەوە و بەدواداچونەکانیان لەو بارەیەوە بەردەوامە. . هێرش سەلیم جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى وت "تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە یان نا، نازانین، کەس زانیارییەکى وردى نەداوە بە ئێمە". . وتیشى "ئەو کەسە شێرپەنجەى خوێنى لەگەڵ بووە قەستەرى دڵى بۆ کراوە و نەخۆشى نەخۆشخانەى هیوا بووە". . گیان لەدەستدانى ئەو توشبووەى کۆرۆنا لە سلێمانى، یەکەم حاڵەتى گیان لەدەستدانە لەناو 32 توشبووى ڤایرۆسەکەدا لەسەرتاسەرى عێراق کە تا ئێستا تۆمارکراون. . محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى وت، "ناتوانین زانیارى کەسى تایبەت بەو کەسە بدرکێنین، بەڵام بارى تەندروستى ناجێگیر بووە و نەخۆشى درێژخایەنى هەبووە". . لەبارەى ئەوەى ئایا هۆکارى گیانلەدەستدانى کۆرۆنا بووە یان نەخۆشییە درێژخایەنەکەى، محەمەد قادر وتى، "ئەگەر پێویستبکات ئەوە بەشى توێکارى پزیشکى بڕیارى لەسەردەدات، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا هەر کەسێک نەخۆشى درێژخایەنى هەبێت و توشى کۆرۆنا بێت، ڕێژەى مردنى زۆر بەرزدەبێتەوە، جگە لەوەى تەمەنیشى بەرزبوو".