گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەلاوى خۆى بە کێوێکدا کێشا

چۆن پیرى سیاسەت شکستى بە محەمەد تۆفیق عەلاوى هێنا؟

2020.03.04 - 12:17
چۆن پیرى سیاسەت شکستى بە محەمەد تۆفیق عەلاوى هێنا؟
ناس کورد- لە کۆتایی کانونی دووەمی ئەمساڵ، محەمەد عەلاوى، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو خاوەنى پشتیوانیەکى زۆر بوو بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ، بەڵام دواتر ڕووى لە دابەزینى بەرچاو کرد هەرچەندە ڕەوتى سەدر پشتیوانێکى گەورەى بوو. . "عەلاوى خۆى بە کێوێکدا کێشا"، سەرچاوەیەکى نزیک لە نورى مالیکى، سەرۆکوەزیرانى پێشتر بەم جۆرە باسى لە شکستى عەلاوى کرد لە پێکهێنانى کابینەیەکەیدا، "مالیکى دژى بەربژێرکردنى عەلاوى بوو بەڕادەیەک خەریک بوو بەهۆیەوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هادى عامرى بپچڕێنێت، کە داواى لە مالیکى کردبوو ڕەزامەندى بدات لەسەر بەربژێرکردنى عەلاوى". . سەرچاوەکە بە ماڵپەڕەى حورەى وتووە، هادى عامرى چووەتە شوێنى مانەوەى مالیکى و داوایلێکردووە پاشەکشە بکات لە دژایەتیکردنى عەلاوى، بەڵام مالیکى کە سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسایە سوربووە لەسەر هەڵوێستەکەى و تەنانەت هەڕەشەى پچڕانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عامرى کردووە، ئەگەر کابینەکەى عەلاوى تێپەڕێت. . پیرى سیاسەت بە تۆنێک کە خاڵى نەبوو لە حەماسی، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا مالیکى بە پیرى سیاسەت و ڕیمۆت کۆنتڕۆڵى پڕۆسەى سیاسی ناودەبات، "زۆر کەس هاتنە لاى مالیکى کە پۆستى سەرۆکوەزیرانیان دەویست، لەوانە ئەسعەد عیدانى، هەیسەم جبورى، سامى ئەعرەجى، دەیانویست پشتیوانى مالیکى بەدەستبهێنن". . وتیشى، "مالیکى بەوە ناسراوە کە هەڵوێستە سیاسییەکانى نەگۆڕە و هەڵگەڕانەوەى تێدا نییە"، لە ئاماژەیەکدا بۆ هەڵوێستەکانى موقتەدا سەدر. . بەوتەى نوسەیف، ئەیاد عەلاوى ڕۆژانە پەیوەندى لەگەڵ مالیکى هەبووە و هەردوکیان جەختیانکردووەتەوە لەسەر ڕەتکردنەوەى کاندیدکردنى عەلاوى، "سەرەڕاى ئەوەى فەتح و سائیرون بەپەرۆش بوون بۆى، بەڵام مالیکى توانى دەنگى پێوست کۆبکاتەوە، بۆ شکستهێنانى بەربژێرکردنى عەلاوى". . کوتلە کوردییەکان و بەشێک لە سونە و شیعەکان، دژى بەربژێرکردنى عەلاوى بوون، بەوەش پەرلەمان دابەشبونێکى گەورەى تێدا ڕوویدا، تەنانەت هەندێک پەرلەمانتارى فەتح دابەشبوون لەنێون دژایەتى و پشتیوانى عەلاویدا.   عالیە نوسەیف وتى، "پەرلەمانتارانى عەسائیب و بەدر بە مالیکیان وت کە دەنگ نادەن بە عەلاوى، سەرەڕاى ویستى فەتح لەو بارەیەوە، بە کردەیی ئەوەش ڕویدا". . هەڵوێستى مالیکى ڕۆشنە، بەتایبەت کە بەوە ناسراوە کە سروشتێکى تۆڵسەندنەوەى هەیە، وەک ئەحمەد حسێن ڕۆژنامەنوسى عێراقى باسیدەکات. . وتیشى، "مالیکى ناسراوە بەوەى لێبوردە نییە لەگەڵ ڕکەبەرەکانى، بەتایبەتى ئەگەر بگاتە ئاستى دوژمنایەتى ئاشکرا، بۆ نمونە بەردەوامى دژایەتى لەگەڵ سەدر سەرەڕاى نێوەندگیریی و هەوڵەکان بۆ کۆتایی پێهێنانى". . بەوتەى ئەو ڕۆژنامەنوسە، لێدوانەکانى عەلاوى لەکاتى وەزیریدا لە کابینەکەى مالیکى، هۆکارى دژایەتى مالیکیە بۆى. هەروەها پێش بەربژێرکردنى بۆ سەرۆکوەزیران، عەلاوى مالیکى تۆمەتبارکرد بەوەى دەیەوێت ڕێگرى دروستبکات بۆ بەربژێرکردنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق. . عەلاوى لە کابینەکەى مالیکى وەزیرى پەیوەندییەکان بوو دواتر دەستى لەکارکێشایەوە، ئەوکات ڕایگەیاندبوو کە کەسانى دەوروبەرى مالیکى گەندەڵن و مالیکى هیچ ڕێوشوێنێکى نەگرتووەتەبەر. هەروەها مالیکى تۆمەتبارکردووە بەوەى دەستوەردانى کردووە لە کاروبارى وەزارەتەکەیدا. . عەلاوى جەختیشیکردبووەوە کە بەڵگەنامەى لەبەردەستدایە لەبارەى بوونى دەستکەوتى نایاسایی لەناو حکومەتدا و لەکاتى گونجاودا ئاشکراى دەکات. ڕەنگە ئەو بەڵگەنامانە هۆکارێکى دیکەى ڕەتکردنەوەى عەلاوى بێت لەلایەن مالیکییەوە. . سەرەڕاى دژایەتى مالیکى بۆ عەلاوى، هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا ڕەتیدەکاتەوە دەستوەردانى کردبێت بۆ شکستهێنانى عەلاوى. . عەمار شبلى، پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا دەڵێت، "دەوڵەتى یاسا دژى ڕاسپاردنى عەلاوى نەبووە، تەنها مەرجى ئەوە بووە کە کارنامەکى سەرکەوتوو دابنێت و سەربەخۆ بێت". . بەڵام راستییەکە ئەوەیە، حزبى دعوە بەسەرۆکایەتى مالیکى دواى رۆژێک لە ڕاسپاردنى عەلاوى، دژایەتى خۆى بۆ دەربڕى.