گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤایرۆسى کۆرۆنا چۆن کۆتایى دێت؟ .. زانایان باس لە سێ سیناریۆ دەکەن

2020.03.03 - 23:37
App store icon Play store icon Play store icon
ڤایرۆسى کۆرۆنا چۆن کۆتایى دێت؟ .. زانایان باس لە سێ سیناریۆ دەکەن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ COVID - 19 تائێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسى لەجیهاندا کوشتوە و ژمارەى قوربانیانیش بەردەوامە لە زیادبوون، سەرەڕاى ئەوەى لە وڵاتى سەرچاوەى ڤایرۆسەکەوە کە چینە وردە وردە ژمارەى قوربانیان بەرەو کەمبونەوە دەچێت، بەڵام ڤایرۆسەکە تابێت بە جیهاندا زیاتر بڵاودەبێتەوەو زیاتر لە 60 دەوڵەتى جیهانى گرتوەتەوە. . کۆرۆنا یەکەم ڤایرۆس نییە بە جیهاندا بڵاوببێتەوە پێشتریش چەندین ڤایرۆسى تر لە چەندین وڵاتدا بڵاوبوەتەوەو هەندێکیان قوربانى زۆریان بەدواوە بووە، بەڵام لەکۆتاییدا ئاسەوارى ڤایرۆسەکە نەماوەو جیهان ڕوى لە ئاسایی بونەوە کردوە، بەڵام ئایا کۆرۆناى نوێ چۆن کۆتایى دێت؟ وە ئایا چارەسەرێکى بۆ دەدۆزرێتەوە پێش ئەوەى ببێت بە پەتایەکى جیهانى؟. . هیچ کەس وەڵامى ئەم پرسیارانەى لا نییە، بەڵام بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمریکى زۆرینەى زانایانى جیهان لەسەر سێ سیناریۆ بۆ کۆتایى هاتنى ڤایرۆسەکە یەکلا بونەتەوە. . سینــاریۆى یـەکــەم بەپێى سیناریۆى یەکەم زانایان پێشبینى ئەوە دەکەن کە دەزگاى تەندروستى جیهانى کۆنترۆڵى ڤایرۆسەکە بکات، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەى کە کۆرۆناى نوێ لە ڤایرۆسى سارس دەچێت کە لەساڵى 2002 لە کیشوەرى ئاسیا بڵاوبویەوەو %10ى توشبوانى کوشت، بەڵام دامەزراوە تەندروستیە گشتیەکان ڕێگەی کۆنترۆڵکردنى ڤایرۆسەکەیان دۆزیەوە. . سارس نیشانەکانى زۆر لە ڤایرۆسى کۆرۆنا توندتر بوو و توشبوو هەر لەسەرەتاى توشبون بە ڤایرۆسەکە دەچوە نەخۆشخانە، ستیوارد ویستۆ، زاناى ڤایرۆسەکان لە زانکۆى میریلاند دەڵێت، شوێنکەوتن و دۆزینەوەى توشبوان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا زۆر سەختە، چونکە نیشانەکانى سوکن کە وا لە توشبوو دەکات نازانێت توشى ڤایرۆسەکە بوە، لەگەڵ گروپێک شیکەرەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نمونەى ڤایرۆسەکە کردوەو بۆیان دەرکەوتوە کە لە قۆناغەکانى سەرەتاى توشبون سەختە بزانیت کە توشبویت، زانایان پێیان وایە ئەمە نزیکترین سیناریۆیە کە لەوانەیە ڕوبدات. . سینـاریـۆى دووەم ڤایرۆسى کۆرۆنا زیاتر لەو دەوڵەتانە دەدات کە گەشەسەندنیان لاوازە و بارودۆخەکە سەخت دەبێت، بەڵام دواتر باشتر دەبێت، هەروەها ڤایرۆسى ئیبۆلاش لە ساڵى 2014 بۆ 2016 بەهەمان شێوە بوو کە لە خۆرئاواى ئەفریقا بڵاوبویەوە و 28  هەزار کەسى توشکرد و 11 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا، بەڵام لەکاتێکى دیاریکراودا بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە وەستا. . لەو وڵاتانەى ئیبۆلا بڵاوبویەوە کارمەند و پزیشک و پێداویستى کەمبون، بەڵام مەوداى بڵاوبونەوەى زۆر کەمتربوو لە کۆرۆناى نوێ کە لەڕێگەى پرژەى کۆکە و پژمینى کەسى توشبوەوە دەگوازرێتەوە کە ئەو پرژانە دەکەونە سەر تەنەکان و دواتر کەسانى تر دەست لەو تەنانە دەدەن و دواتریش دەست دەبەن بۆ دەم و لوت و چاویان. . ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانیى داوا لە دەوڵەتانى جیهان دەکات کە ئامادەکارى بکەن بۆ خراپتر و پلەى مەترسى بەرز بکەنەوە بۆ پلەى باڵا، پێشى وایە کە کۆرۆنا تاقیکردنەوەى ڕاستەقینەى حکومەتەکانە و ئاشکرانەکردنى ڤایرۆسەکەو نەبونى توشبوو لە هەر وڵاتێکدا واتاى ئەوە نییە کە پێویستى بەوە نییە بۆ چارەسەر بگەڕێت. . سینـاریـۆى سێیـەم ئەگەرى هەیە ڤایرۆسەکە ببێت بە بەشێک لە واقیع و لەگەڵیدا بژین، هەروەک چۆن لە ڤایرۆسى ئەنفلۆنزاى بەراز H1N1 ڕویدا، کە لەناو %21ى دانیشتوانى جیهاندا بڵاوبویەوە و ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانیى وەک پەتایەکى جیهانى ناساندى، بەڵام ئێستا بوەتە یەکێک لە ڤایرۆسە وەرزیەکان کە ساڵانە لە جیهاندا دەردەکەوێت و دواتر دیارنامێنێت. . ژمارەى ئەو کەسانەى لەساڵى 2009 بۆ 2010 بەهۆى ئەنفلۆنزاى بەرازەوە لە جیهاندا گیانیان لەدەستدا هەزار و 269 کەس بون و 60 ملیۆن کەسى لەجیهاندا توشکردو 274 هەزار کەس برانە نەخۆشخانەکان. . زانایانى بوارى پەتاکان لەوە دەترسن کۆرۆناى نوێ وەک  ئەنفلۆنزاى ئیسپانى وابێت کە لەساڵى 1918 بڵاوبویەوەو %2.5ى توشبوان گیانیان لەدەستدا، کە مەرتسیدارترین بوە لەمێژوى مرۆڤایەتیدا و 50 ملیۆن کەسى لەجیهاندا کوشت، بەڵام فلۆریان کرامر، زاناى تایبەتمەندى ڤایرۆسەکان دەڵێت: "ساڵى 1918 جیهان جیاواز بوە لە ئێستا و ئامڕازى گرنگ بەردەست نەبوون و نەخۆشخانەکان شوێنى مردن بون نەک چارەسەر، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى لەو کاتەدا جەنگ جیهانى گرتبوەوە". . هۆکارە یارمەتیدەرەکان دواى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى ئەنفلۆنزاى بەراز زانایان توانیان پەرە بە ڤاکسینێک بدەن کە مرۆڤ لەو ڤایرۆسە بپارێزێت و ئەوەش یارمەتیدەرێکە بۆ ئەو ناوچانەى کە لە داهاتودا ئەو ڤایرۆسەیان تیا بڵاودەبێتەوە، ڤاکسینەکەش بوە هۆى ئەوەى کە ڤایرۆسەکە بکات بە ئەنفلۆنزایەکى وەرزى بێ مەترسى. . هەرچەند تا ئێستا کاریگەرى وەرزە گەرمەکان لەسەر کۆرۆناى نوێ دیار نییە، تەنانەت ئەگەر بە دەستپێکردنى ئەو وەرزانەش ڤایرۆسەکە کۆتایى هات ئەوا پێویستە زانایان ڤاکسین و چارەسەرى بۆ بدۆزنەوەو بەردەوام بن لە لێکۆڵینەوە لەوەى کە ئایا دەبێتە ڤایرۆسێکى وەرزى و رێگەى خۆپاراستن بدۆزنەوە. . ماریا ڤان کیرخوف، زاناى پەتاکان لە ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى دەڵێت: "هێشتا شتى زۆر لەسەر ڤایرۆس فێر دەبین و هیچ هۆکارێک نییە کە وامان لێبکات وا بیربکەینەوە کە لە ژینگە جیاوازەکاندا ڤایرۆس جیاواز هەڵسوکەوت دەکات، بۆیە پێویستە چاوەڕێ بکەین بزانین چى ڕودەدات". . زانایان دەڵێن، پێویستە بەردەوام بن لە دۆزینەوەى سەرچاوەى ڤایرۆسەکە، ڤایرۆسى سارس لە شەمشەمەکوێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ پشیلەو دواتریش بۆ مرۆڤ، مێرس لە شەمشەمەکوێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ حوشتر و دواتر بۆ مرۆڤ، بەڵام تائێستا دیار نییە سەرچاوەى گیاندارى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ چییە بەتەواوەتى، ئەمەش سەرەڕاى ئەوەى کە گومان لە پانگۆلین دەکرێت کە بەڕێگەیەکى نایاسایى بازرگانى پێوەدەکرێت.