کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - شەهرام عەزیز گروپی 15ی پەرلەمانتارانی کوردی دەرەوەى پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکانیان بوو، بەڵام لە یەکەم تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوو نەبوو. دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلاوی گروپی 15ی کرد بە دوو بەرەوە، ئەندامێکی گروپەکە پێی وایە "نێچیرڤان بارزانی هەوڵی تەواوی دا گروپەکە لاواز بکات و کردیشی". . گروپی 15 کە لە 15 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، ئایندە و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پێکدێت، جیاواز لە هەموو پەرلەمانتارانی دیکەی کورد هەشت کەسیان پشگیری پێکهێنانی کابینەکەی عەلاویان کرد. . زیاتر بخوێنەوە: گروپى 15 کێن و چۆن دروستبوون؟ . غالب محەمەد کە یەکێک بوو لەوانە دەڵێت، ئەو لە گۆڕان یاخی نەبووە، بەڵکو بەشێک لە سەرکردەکانی گۆڕان لە بەرنامەی گۆڕان یاخی بوون، ئەندامێکی دیکەی گروپەکەش کە بەشداری دانیشتنەکەی نەکرد، دەڵێت، عەلاوی لە بەڵێنەکانی پەشیمان بووەتەوە بۆیە دژی وەستاونەتەوە، نەوەک دوای پارتی و یەکێتی کەوتبن. . غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی گروپی 15 بە ناس کوردی وت: "ئەو گروپە دروست بوو بۆ پرسە نیشتیمانییەکان و گفتوگۆکردن و کاری هاوبەش لەنێوان ئەو 15 پەرلەمانتارەدا، بەڵام هەموومان لە بڕیارداندا سەربەخۆ بووین و دەکرێت لە پرسێکدا بۆچوونمان جیاواز بێت و لە پرسێکی دیکەدا کۆک بین".