گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە سەرو خۆیانەوە داوایان لێکراوە ئامادە نەبن

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەى ئاشکرا کرد

2020.03.03 - 18:08
App store icon Play store icon Play store icon
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەى ئاشکرا کرد

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجامبدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجامنەدرا و ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش دەڵێت، هۆکارەکەی ئامادەنەبوونی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و چەند بەرپرسێکی دیکە بووە کە لەسەروو خۆیانەوە ئاگادارکراونەتەوە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە پەکبخەن.  . دوێنێ دووشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا ئەمڕۆ (3ی ئازاری 2020) کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە مەبستی هەندێک ڕێکاری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام بدات. . ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەهۆی ئامادەنەبونی (پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) ئەنجام نەدرا". . ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکارەکەی ئەوەبوو لەسەروی خۆیانەوە ئاگادار کرابونەوە کە نەچنە ناو کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەشدارنەبن، لەکاتێکدا ڕۆژێک پێشتر ڕەزامەندبوون بچن بەدەم بانگهێشتەکەی ئەنجومەنەوە. . ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرۆکایەتی ئەنجومەن کۆبونەوەکەی بۆکاتێکی نادیار دواخست، لەکاتێکدا دەبوو لەناو هۆڵی کۆبونەوە بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن بڕیاری دواخستنی بدرایە، نەک لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا. . بەوتەی ڕەمەزان نامیق، بڕیاربووە لە کۆبوونەوەکەدا بۆ زیاتر بڵاونەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوتوێی ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگە حکومییەکانی سلێمانی بکرێت. . لە بەرامبەردا هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بە ناس کوردی وت: "بە هەموو شێوەیەک ئامادەبووم بەشداری کۆبوونەوەکە بکەم و هاوکار بم، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە یادی ڕاپەڕین لە ڕانییە نزیک دەبینەوە هەرچەندە یادەکە بەڕێوەش ناچێت، بەڵام هەندێک کاری تایبەت بەو پرسەم هەبووە و نەمتوانیوە بەشداری بکەم، چونکە نزیکەی شەش کاتژمێرم پێویست بوو بۆ بەشداریکردن". . سەرپەرشیاری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕەتیشیکردەوە هیچ کەسێک فەرمانی پێکردبێت لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری نەکات و جەختیکردەوە، بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کاری دیکەوە بەشداری نەکردووە. . هەر لەوبارەیەوە ڕێکەوی زەکی: "ئەندامی ئەنجومەنەکە دەڵێت، زۆرن ئەوانەی نایەنەوێ سلێمانی خاوەنی بریاری خۆی بێت، نەکردنی کۆبونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی پارێزگا بەنمونە". . ئەمە لەکاتێکدایە تائێستا لە هەرێمی کوردستان پێنج حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆماراکراوە کە سەرجەمیان لە شاری سلێمانین و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بۆ گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی خۆپارێزی بوو لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.