گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاسایش بەدواى دوو گومانلێکراودا دەگەڕێت

پێنجەم هەڵگرى کۆرۆنا لە هەرێم لە سلێمانى تووش بووە يان ئێران؟ [تایبه‌ت]

2020.03.03 - 15:02
App store icon Play store icon Play store icon
پێنجەم هەڵگرى کۆرۆنا لە هەرێم لە سلێمانى تووش بووە يان ئێران؟ [تایبه‌ت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   لێکۆڵینەوە و پشکنینە تەندروستییەکان دەریدەخەن کە پێنجەم توشبووى کۆرۆنا لەڕێگەى مامەڵەکردن لەگەڵ توشبووەکانى دیکە لەسلێمانى تووش نەبووە، بەڵکو لە ئێران لەگەڵیان بووە و لەو رێگەیەوە توشبووە، ئەوەش بەوتەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى کە بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد. . شەوى ڕابردوو وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم، تۆمارکردنی پێنجەم حاڵەتى توشبوونى بە کۆرۆنا ڕاگەیاند، کە کەسێکى نزیکى ئەو خێزانەیە کە چواریان توشبووى ڤایرۆسەکەن. . هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو خێزانە چوار کەس بوون، ژن و مێرد و دوو منداڵ لەگەڵ خوشکێکى ژنەکە، دوو کەسی دیکەش لەئێران لەگەڵیاندا بوون و پێکەوە دەبن بە حەوت کەس". . ڕۆژى یەکشەممە ئەنجامى پشکنینى چوار ئەندامى خێزانەکە لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە ڕاگەیەنرا بەوەى توشبووى ڤایرۆسەکەن، تەنها یەکێکیان نەبێت کە دەرکەوتووە توش نەبووە. . هێرش سەلیم وتى "بەپێی پشکنینەکان چواریان دەرکەوتووە توشبوون و منداڵێکیشیان دەرکەوتووە کە تووش نەبووە، ئەو کچەش کە دوێنێ توشبوونى ڕاگەیەنرا لە ئێران لەگەڵیان بووە". . هەرچەندە دوێنێ هێرش سەلیم ڕایگەیاندبوو، توشبووى پێنجەم لێرە تووش بووە بەهۆى مامەڵەکردنى لەگەڵ توشبووەکان، بەڵام ئەنجامى بەدواداچوونەکان شتێکى دیکەى دەرخستووە. . "یەکەمجار لەسەر بنەماى قسەى کچە توشبووەکە وتمان کە بەهۆى مامەڵە بووە لەگەڵ یەکێک لە توشبووەکان، بەڵام دواتر گەیشتینە لێكۆڵینه‌وه‌ی کۆتایی و دەرچوو قسەکە وانییە و خۆى لە ئێران لەگەڵیاندا بووە"، هێرش سەلیم وایوت. . ئەو پێنج کەسە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکەن، لە سنورى باشماخەوە گەڕاونەتەوە و راستەوخۆ خراونەتە کەرەنتینەوە، بەڵام دوو کەسەکەى دیکە بەجیا هاتونەتەوە و تا ئێستا سۆراخیان نییە. . جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى وتى "ناوى ئەو دوو کەسە دراون بە ئاسایش و تا ئێستا سۆراخیان نییە، دەبێت ئاسایش بیاندۆزێتەوە، مەرجیش نییە هەڵگرى ڤایرۆسەکە بن، بەڵام مامەڵەیان لەگەڵ توشبووەکان کردووە، خێزانەکە قسەکانیان دەگۆڕن لەبارەى شوێنیانەوە، بەڵام ئاسایش خۆى بەدواداچوون دەکات". . تەنها ئەو دوو کەسە نین کە هێزەکانى ئاسایش بەدوایاندا دەگەرێت، بەڵکو خەڵکێکى زۆرى دیکە هەیە کە بە قاچاخ گەڕاونەتەوە و لەدەرەوەى ڕێوشوێنە تەندروستییەکان و کەرەنتینەکان ماونەتەوە، ئەوەش ترسی لەلای بەرپرسانى تەندروستى دروستکردووە. . بەوتەى هێرش سەلیم، بەهەزاران خەڵک لە ئێرانەوە هاتوونەتەوە و وەکو "بۆمبى تەوقیتکراو" لەناو خەڵکدا دەسوڕێنەوە، زۆر خەڵک هەیە تا ئێستا نەهاتووەتە پێشەوە، ئێستا وردە وردە خەڵک هەیە داوادەکات کەرەنتین بکرێت، ئەوانەى 14 ڕۆژیان تێپەڕاندبێت دەکرێت لەماڵەوە خۆى کەرەنتین بکات و تا هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ نەیەتە دەرەوە، ئەگەر نیشانەى لێدەرکەوت سەردانى نەخۆشخانە بکات. . ئەو کەسانەى توشبوون لەگەڵ 150 کەسى دیکە لە کەرەنتین بوون لە هۆتێلێکدا لە سلێمانى، بەڵام بەوتەى هێرش سەلیم هەموو ئەو کەسانە پشکنینان بۆ کراوە و دەرکەوتووە هیچیان تووش نەبوون. . لەبارەى دۆخى تەندروستى توشبووەکانیشەوە وتى "تەندروستى هەموویان زۆرباشە و سەلامەتن، هیچ نیشانەیەکیان لێدەرنەکەوتووە، هەڵگرانى ڤایرۆسەکە دواى 14 رۆژ هێشتنەوەیان پشکنینیان بۆ دەکرێت ئەگەر دەرکەوت چاکبونەتەوە، دەریاندەهێنین و هەفتەیەک دەیانهێڵێنەوە و لە قاوش دەخڵیاندەکەین و دواتر ئیزنیان دەدەین". .