گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێنج هۆکارى شکستهێنانى عەلاوى.. هاوپەیمانی فەتح لەدوا ساتدا پشتى بەردا

2020.03.02 - 22:43
پێنج هۆکارى شکستهێنانى عەلاوى..  هاوپەیمانی فەتح لەدوا ساتدا پشتى بەردا
ناس کورد- جموجۆڵە سیاسیەکانی لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق جارێکی تر گەڕایەوە چوارگۆشەی یەکەم، دواى ئەوەى محەمەد توفیق عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ شکستیهێنا لە بە دەستهێنانی متمانەى پەرلەمان بۆ کابینە وەزارییەکەی. . پێشکەشکردنی نامەی پۆزشی فەرمی بە سەرۆککۆمار لەلایەن عەلاوییەوە لە پێکهێنانی حکومەت، ئەوەندەی دیکە دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزترکرد، بە تایبەتی دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکان پاش مشتومڕێکی زۆر ئەوجا توانیان لەسەرکەسایەتییەکی وەک عەلاوی ڕێکبکەون بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. . پێنج فاکتەر هۆکاربوون عەلاوى هەر لەسەرەتاى راسپاردنیدا بۆ پێکهێنانى حکومەت جەختى لە پێکهێنانى حکومەتێکى سەربەخۆى دوور لە دەستى حزبەکان کردەوە، ئەوەش روبەڕووى کێشەى زۆرى کردەوە لەگەڵ حزبەکان تا دواجار ناچاربوو لەو ئەرکە بکشێتەوە. . سەعد مەتلەبی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالکی، بە ناس کوردی وت "پێنج فاکتەرهۆکاربوون بۆ شکستی عەلاوی لە پێکهێنانی حکومەتەکەی، نەبوونی پەیوەندی پتەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران، ڕاوێژکردن و ئاڵۆگۆڕکردنی ڕاوبۆچوونەکانی لەگەڵ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، فەرامۆشکردنی زۆربەی لایەنەکانی دیکە نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق، شکستهێنانی لە ڕازیکردنی لایەنە سیاسیەکان کە حکومەتەکەی حکومەتێکی کاتییە و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی سیاسەتەکەی بە سەر کوردا، ئەمانە هەمووی هۆکاربوون". . هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا یەکێک بوو لەو لایەنانەى هەر لەسەرەتاوە دژى عەلاوى وەستایەوە و ڕایگەیاند کە بەشدارى کابینەکەى ناکات. . پەرلەمانتارەکەى دەوڵەتی یاسا وتی "لەماوەی جموجۆڵەکانی عەلاویدا بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، عەلاوی چوارجارسەردانی مالکی کردوە، بەڵام سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە هیچ شێوەیەک باسی لە بەشداری دەوڵەتی یاسا لە حکومەتەکەی عەلاوی نەکردووە و بە هیچ شێوەیەکیش باسی لە پشکی دەوڵەتی یاسای لەو کابینەیەدا نەکردووە و بە فەرمیش ئەوەمان بە عەلاوی ڕاگەیاندووە".           . مەتلەبی پێیوایە، باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی کە ئێستا عێراقی تێدا گوزەردەکات، تەنها ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین هاوپەیمانییە لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە، بۆئەوەی ئەو کاندیدە دوور لە سیاسیەتی پشک پشکێنەو بتوانێت دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا بکات، لە کۆتایشدا بتوانێت لە ژێر گومەزی پەرلەماندا یەک کۆی لە سەدا پەنجای دەنگەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت بۆ کابینەکەی تێپەڕبکات". .

گەڕان بە دوای دەستکەوتی حیزبی و حکومی

هاوپەیمانی سائیرون کە دیارترین ئەو لایەنە سیاسیە بوو کە پشتگیریان لەکابینەکەی عەلاوی دەکرد، پێیانوایە هۆکاری سەرەکی تێپەڕنەبوونی کابینەکەی عەلاوی هەوڵدانی بێوچانی لایەنە سیاسییەکانە بوو بۆ بە دەستهێنانی دەستکەوتی حیزبی و حکومی لەو کابینەیەدا. . ڕیاز ئەلمەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائرونی سەر بە موقتەدا سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەو باریەوە بە ناس کوردی ڕاگەیاند "حیزبە گەندەڵەکان ئامادە نەبوون متمانە بە کابینەکەی عەلاوی بدەن". . وتیشی "عەلاوی هەوڵیدا وەزیری سەربەخۆ لە نێو کابینەکەیدا جێگیربکات، ئەوەش لە بەرژەوەندی حیزبە گەندەڵەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراقدانەبوو". . هاوپەیمانى سائیرون لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا هەوڵى زۆریدا رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران کۆبکاتەوە بۆ ئەوەى کابینەکەى عەلاوى تێپەڕێت، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون. . سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە لایەنە سیاسیەکان بۆ دەرچوون لەم قەیرانە سیاسییەدا ئەگەری هەیە جارێکی دیکە پەنا بەرن بۆ ڕاسپاردنی عەبدولمەهدی، ئەلمەسعودی وتی "لە ئێستادا حکومەتی عادل عەبدولمەهدی، حکومەتێکی کاربەڕێکەر و دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بە گوێرەی دەستوردەبێت جارێکی دیکە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بەفەرمی ڕاسپێردرێت". . محەمەد تۆفیق عەلاوى لە پەیامى کشانەوەیدا لەئەرکى پێکهێنانى حکومەت کە ئاڕاستەى سەرۆککۆمارى کردووە، هەندێ لایەنى سیاسی تۆمەتبارکردووە بەوەى جدى نەبوونە لە پرسی چاکسازیدا، بەبێ ئەوەى ناوى لایەنەکان بهێنێت. . ڕەعد ڕکابی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، دەڵێت "پۆزشهێنانەوەکەی عەلاوی بۆ سەرۆککۆمارلە پێکهێنانی کابینەکەی بە ویستی خۆی نەبوو، بەڵکو لە ڕاستیدا ئەو لەلایەن پەرلەمانەوە ناچارکرا کە دەستلەکاربکێشێتەوە لە پێکهێنانی کابینەکەی". . جێگرەوەى عەلاوى دواى کشانەوەى عەلاوى دۆخەکە ئاڵۆزبووە، بەوتەى هەندێک لە شارەزایانى بوارى دەستور، پاش شکستهێنانی عەلاوی، سەرۆککۆماری عێراق مافی ئەوەی هەیە بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ گەورەترین هاوپەیمانی بەربژێرێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات. . ڕەعد ڕکابی پێیوایە، مەحاڵە لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتی فەتح و سائرون بەوە ڕازیبن، چونکە ئەوان پێیانوایە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکی حکومەت لەدەسەڵاتی ئەواندایە و یەکێکە لە مافەکانیان. . سەبارەت بە شکستهێنانی عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەکەی، سەرباری داکۆکیکردنی هەردووهاوپەیمانی فەتح و سائرون، ڕکابی وتی "پاشگەزبوونەوەی هاوپەیمانی فەتح لە پاڵپشتیکردنی عەلاوی لە دواساتەکاندا هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بەدەست نەهێنانی متمانە بۆ حکومەتەکەی لە نێو هۆڵی پەرلەماندا".   . پەرتەوازەیی ناوماڵی شیعە لە سەرەتاى ڕاسپاردنیدا بۆ پێکهێنانى حکومەت لەدووى شوباتدا، زۆربەى زۆرى لایەنەکان پشتیوانیان بۆ عەلاوى دەربڕى، وەکو کەسایەتییەکى سەربەخۆ و جێگەى ڕەزامەندى هەموان، بەڵام ئەوەندەى نەبرد پشتیوانییەکان گۆڕان بۆ دژایەتى، کاتێ ئامادەنەبوو لەپرسی دانانى وەزیرەکاندا گوێ بۆ حزبەکان بگرێت. . ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو بابەت بەناس کوردی وت "پەرتەوازەیی ناوماڵی شیعە هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی کابینەکەی عەلاوی بوو". . وتیشی "هەموو لایەن سیاسییەکان بەرپرسیارن لە شکستی کابینەکەی عەلاوی، بەڵام پشکی شێر لەو شکستییە بەرلایەنە شیعییەکان دەکەوێت، چونکە ئەوان دەیانتوانی وەک ئەوەی چۆن توانیان لە پەرلەمان یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەعێراق بەتەنها وبە بێ کورد و سونە تێپەڕبکەن بە هەمان شێوەش ئەگەر ویستیان لەسەر ئەو کابینەیە هەبوایە دەیانتوانی بەئاسانی متمانەی پێبدەن و تێپەڕی بکەن". . پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق خۆی بۆ ماوەی 15 ڕۆژ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە دەبات تائەو کاتەی بەرپژێرێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دیاریدەکرێت .