گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح مانۆڕێکی سیاسیی دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەى جێگرەوەى عەلاوی

2020.03.02 - 22:13
بەرهەم ساڵح مانۆڕێکی سیاسیی دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەى  جێگرەوەى عەلاوی
ناس کورد- کۆبونەوەکانى بەرهەم ساڵح بۆ گفتوگۆکردن دەربارى دیاریکردنى شوێنگرەوەیەک بۆ محەمەد تۆفیق عەلاوى دەستى پێکردوە و لەگەڵ چەند کەسایەتى و سەرۆکى هاوپەیمان و حزبەکان کۆبوەوە. . دواى ئەوەى دوێنێ 1ی شوباتی 2020، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت و شوێنگرتنەوەى عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى دەستلەکارکێشاوە ڕاسپارد، سەرەڕاى چەندین مشتومڕ و کۆبونەوە، عەلاوى نەیتوانى سەرجەم لایەنەکان بە تایبەتى کورد و سونە ڕازى بکات بۆ دەنگدان بە کابینەکەى، سەرەنجام درەنگانێکى شەوى یەک شەممە لەسەر دوو شەممە کشانەوەى خۆى ڕاگەیاند. . بەرهەم ساڵح لەگەڵ دەستەلەکارکێشانەوەى عەلاوى دەستبەجێ دەستیکرد بە کۆبونەوە لەگەڵ لایەنەکان بۆ دیاریکردنى کەسێکى تر بۆ شوێنگرتنەوەى عەلاوى. . سەرۆکایەتى کۆمار لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی ئازاری 2020، بەرهەم ساڵح بە جیا پێشوازیکردوە لە ھەریەک لە عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و حەیدەر عبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر. . ڕونیشکراوەتەوە، لە میانی دیدارەکاندا بەرهەم ساڵح جەختی لە گرنگی  پەلەکردن لە ڕێککەوتنی فراکسیۆنە سیاسییەکان کردوەتەوە بۆ ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، کە جێگەی ڕەزامەندی بێت لەسەر ئاستی نیشتمانی و جەماوەری، هەروەها دوپاتی لەپابەندبون بە ماوە دەستورییەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکان و ڕوبەڕوی ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق ببێتەوە. . بەپێى بەیاننامەکە، سەرۆكکۆمارى عێراق ئاماژەی بەوە شکردووە هەموان بەرپرسیارن لەم ئەرکە نیشتمانییە و دورخستنەوەی وڵات لەو دۆخە سەختەی ئێستای کە پێدا تێدەپەڕێت و ئامادەکردنی کەشێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و جێبەجێکردنی خواستی گەلی عێراق بە تەواوی پێکهاتەکانییەوە. .  هەروەها جەختکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکاندا هەموان هاوڕابون لەسەر بەردەوامی دیالۆگ و ڕاوێژکردن لە نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ دیاریکردن و بەربژێریکردنی کەسێک کە پەسەندکراو بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی بەرکەوتەکانی قۆناغی داهاتوو و جێبەجێکردنی داواکاری و چاکسازییەکان بێتەوە لە وڵاتدا. . لاى خۆیەوە، هاوپەیمانى سائرون ڕایگەیاند کە دەستوەردان لە دیاریکردنى کاندیدى داهاتوو ناکات، ئەوەش دواى ئەوە دێت کە سائیرون و هاوپەیمانى فەتح بە دیاریکردنى عەلاوى تۆمەتبار دەکران کە لەلایەن شەقامەوە کەسێکى قبوڵ نەکراو بوو. .  هاوکات ئەحمەد کنانى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى فەتح جەختیکردووەتەوە، ئەوان دەستوەردان لە دیاریکردنى کاندیى داهاتوو بۆ پێکهێنانى حکومەت ناکەن و تەنها مەرجیان ئەوەیە بڕیارى دەرکردنى هێزە بیانیەکان جێبەجێ بکات.