گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى هەڕەشەکانى کەسى دووەمى سەدر لە شاندى هەرێم

بۆچى لایەنە کوردییەکان سەنگەریان لە عەلاوى گرت؟

2020.03.02 - 21:08
بۆچى لایەنە کوردییەکان سەنگەریان لە عەلاوى گرت؟
ناس کورد- شکستهێنانى محەمەد عەلاوى لە وەرگرتنى متمانەى پەرلەمانى بۆ کابینەکەى، دەرگاى لەپشت چەندین پرسیاردا کردەوە، لەوانە بۆچى لایەنە کوردییەکان سەنگەریان لێگرت، لەکاتێکدا بە وتەى بەشێک لە پەرلەمانتارانى کورد عەلاوى بەڵێن و گmرەنتى زۆریداوە لەبارەى موچە و بودجەى هەرێمەوە. . درەنگانى شەوى ڕابردوو لەگەڵ کۆتایی هاتنى وادەکەى بۆ پێکهێنانى حکومەت، محەمەد تۆفیق عەلاوى لە پەیامێکدا بۆ سەرۆککۆمار پۆزشی لە ئەرکى پێکهێنانى حکومەت هێناوە، دواى چوار جار دواخستنى کۆبوونەوەى پەرلەمان بەهۆى ئامادەنەبوونى ڕێژەى یاساییەوە بۆ متمانەدان بە کابینەکەى. . هەنگاوەکانى عەلاوى لەلایەن بەشى زۆرى لایەنەکانەوە ڕەتکرایەوە بەتایبەت لەپرسی دانانى "وەزیرى سەربەخۆی" دوور لە حزبەکان، ئەوەش وایکرد نەتوانێت کابینەکەى لە پەرلەمان تێپەڕێت. . جگە لە هەردوو هاوپەیمانى سائیرون و فەتح، هیچ کوتلەیەک بە ئاشکرا پشتیوانى لە عەلاوى نەکرد، تەنانەت لەناو فەتحیشدا بۆچوونى جیاجیا هەبوو لەو بارەیەوە.   بەرەى دژە عەلاوى هەرزوو خۆى ڕاگەیاند، کە سەرەتا لە هەڵوێستى هاوبەشى پارتى و هاوپەیمانێتییەکەى محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەماندا خۆى نیشاندا، دواتریش بەرەکە فراوان بوو بۆ لایەنە کوردییەکان و بەشى زۆرى سوننەکان و بەشێک لە لایەنە شیعییەکان کە پێکەوە سەرجەم هەوڵەکانیان بۆ متمانەدان بە کابینەى عەلاوى لەباربرد. . جەمال کۆچەر، ئەندامى شاندى لایەنەکانی هەرێم بۆ بەغدا کە لەدوو هەفتەى ڕابردوودا لەگەڵ عەلاوى و لایەنەکان کۆبوونەوە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "دابەشبوونى زۆر هەبوو لەناو سەرجەم لایەنەکاندا، ئەوەش وایکرد کە عەلاوى شکستبهێنێت". . شاندى لایەنەکانی هەرێم دواى یەک کۆبوونەوە لەگەڵ عەلاوى لەچەند هەفتەى ڕابردوودا بەئاشکرا دژى هەنگاوەکانى وەستانەوە و لەگەڵ لایەنە عێراقیەکانى دیکە دەستیانکرد بە دروستکردنى لۆبى بۆ شکستهێنانى سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو. . جەمال کۆچەر کە هاوکات سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووە لە پەرلەمانى عێراق وتى، "ناو ماڵى کورد لە هەموو لایەنێکى دیکە رێکوپێکتر بوو، شیعەکان دابەشبونی زۆریان هەبوو تەنانەت لەناو خودى لایەنەکانیشدا، لەناو ماڵى سونەش بارودۆخەکە وابوو، کورد هیچ جارێک بەم ڕێکوپێکییە نەچووەتە دانوستانەوە و بڕیارەکانى بەکۆدەنگى بووە، ئەوەى تر کە ئێستا دەوترێت تەنها تەحلیلە". . سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، عەلاوى لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئەو لایەنانە جەختى لە گەرەنتیکردنى موچە و بودجەى هەرێم دەکردەوە، بەڵام ئەوە هەڵوێستى لایەنەکانى بە ئاڕاستەى پشتیوانى نەشکاندەوە. . کاوە محەمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى، "هەرچەندە هەموو کورد نا، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم و دواتریش هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دژی هەوڵەکانی (د.محەمەد تۆفیق عەلاوی) بۆ پێکهێنانی کابینەکەی وەستانەوە. ئەوە جگە لەچەند پەرلەمانتارێکی کورد، زۆرینەی پەرلەمانتارانیش لەسەر بڕیاری حزبەکانیان لەگەڵ دەنگدان بە عەلاوی و کابینەکەی نەبوون". . ئاماژەى بەوەشکردووە، عەلاوى ئامادەبوو لە هی کابینەکەی ئێستای عادل عەبدولمهدی وەزارەتی زیاتر بداتە کورد کە جگە لە سێ وەزارەت، جێگرێکی سەرۆکوەزیرانیش لە کورد دابنێت. لەوەش گرنگتر ئامادەبوو بەڵێننامەی نووسراو بۆ کورد ئیمزا بکات بۆ جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانی لە موچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و جووتیاران و مادەی 140 و ئەمنیەتی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. . بە بۆچوونى کاوە محەمەد، هۆکارى سەنگەرگرتنى کورد لە عەلاوى ئەوەیە، جیا لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشتر هیچ حیسابێکی بۆ حزبەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەکرد، سەردانی هەولێری نەکرد تا هەندێ بەرپرسی کورد دەروونی پڕ لە گرێیان ئارام ببێتەوە. . بەڵام جەمال کۆچەر دەڵێت، "بەڵێن و مامەڵە شتێکى ترە، عادل عەبدولمەهدى بەدۆستى کورد ناسراو بوو چەندین بەڵێنی دا بە هەرێم، بەڵام تەنها موچەى نارد، ئەم کەسێکى تاقینەکراوە بوو". . لە سەرەتاى ڕاسپاردنیدا بۆ پێکهێنانى حکومەت لەدووى شوباتدا، زۆربەى زۆرى لایەنەکان پشتیوانیان بۆ عەلاوى دەربڕى، وەکو کەسایەتییەکى سەربەخۆ و جێگەى ڕەزامەندى هەموان، بەڵام ئەوەندەى نەبرد پشتیوانییەکان گۆڕان بۆ دژایەتى، کاتێ ئامادەنەبوو لەپرسی دانانى وەزیرەکاندا گوێ بۆ حزبەکان بگرێت. . "عەلاوی بێمنەت بوو لە کورد" "مامەڵەى عەلاوى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و هەرێم بێمنەتییەکى ناسروشتى بووە، مامەڵەى لەگەڵ هەرێم هەڵە بوو، وتى من مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان ناکەم خۆم وەزیرى سەربەخۆ دادەنێم، پێمانوت باشە کاندیدت بۆ پێشنیاز دەکەین بەلام مامەڵە لەگەڵ حکومەتى هەرێم بکە، وتى قبوڵیناکەم و بەدڵتان بوو دەنگى پێبدەن و بەدڵتان نەبوو دەنگى پێمەدەن"، جەمال کۆچەر وایوت. . پشتگیریکردنى عەلاوى لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، کێشەیەکى دیکەى لایەنە کوردییەکان بووە لەگەڵ عەلاوى، بەتایبەت دواى کۆبوونەوەى شاندى هەرێم لەگەڵ نەسار ڕوبەیعى کەسى سێیەمى موقتەدا سەدر. . جەمال کۆچەر کە خۆى بەشدارى کۆبوونەوەکە بووە وتى، "نەسار روبەیعى هەڕەشەی دەکرد و دەیوت ئێوە مەجبورن بێن و ئێمە گوێ لەو شتانە ناگرین و ئەگەر سونەش نەیەتە کۆبوونەوەى پەرلەمان ئەوەى بێت دەیکەینە سەرۆکى پەرلەمان و هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکەین و 100 کورسی دێنین و حکومەتى زۆرینە پێکدەهێنین، کورد و سونە و شیعەش بۆ ئێمە گرنگ نییە، هەروەها قسەکانى سەدر لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا دۆخەکەى زۆر خراپ کرد". . لەگەڵ هەموو ئەو ناکۆکیەکاندا لەگەڵیدا، جەمال کۆچەر دەڵێت، "عەلاى بۆ ئێمە دەرچوو پیاوێکە زۆر دەستپاکە و حەزى بە خزمەتە، بەڵام بڕیارەکانى خۆى نەبوو، لەم دواییانە هەرچیت پێبوتایە دەیوت با قسە لەگەڵ شێخ وەلید بکەم کە کەسى دووەمى ڕەوتى سەدرە، کە دەهاتە پەرلەمان دەچوو لاى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان سەر بە ڕەوتى سەدر نەک بۆ لاى سەرۆکى پەرلەمان". . لەدوا ساتەکانى پێش دواخستنى کۆبوونەوەى دوێنێی پەرلەمان بەشێک لە پەرلەمانتارانى کورد بۆچونیان بەلاى ئەوەدابووە کە دەنگ بە کابینەکەى عەلاوى بدەن، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکە دواخرا و هەوڵەکە سەرینەگرتووە. . کاوە محەمەد دەشڵێت، "ڕۆژی  1ی ئازار ڕاستەوخۆ ئەمەم بە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وت کە ئەگەر ئەوان شەڕ لەسەر دانانی وەزیرەکانی خۆیان ناکەن، فەرموو ئەوە (د.عەلاوی) ئامادەیە داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ بکات، بۆچی ئێمەی کورد دەنگ بە کابینەکەی نەدەین، داوامانکرد کە قسەیەک لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەی بکات و وەڵاممان بداتەوە". . وتیشى، "هەموو فراکسیۆنەکان ئەو قەناعەتەمان بۆ دروست بوو، تەنها پارتی مابوو بێتە سەر ئەو ڕایە..بەڵام بەداخەوە ئەو وەڵامەمان وەرنەگرتەوە تا جەلسە بەبێ نیساب بڵاوەی پێکرا و دواتریش د.عەلاوی لە ڕاسپاردنەکەی کشایەوە". . بەڵام جەمال کۆچەر دەڵێت، "ئەگەر ناوماڵى شیعە قبوڵى نەکەن ئێمە چی بکەین، ئەوان لەکۆى 180 کورسی، 80 کەسیان لە کۆبوونەوەکە بوون، بۆ بچینە کۆبوونەوەى پەرلەمان و دەستى ماچ بکەین، دیارە کێشەیەک هەیە". . "بۆچوونى لایەنە کوردییەکان هەر ئەوەیە کە چاوەڕوانى کاندیدێکى دیکەى شیعە دەکەن، ئەگەر وەک عەلاوى نەگونجا هەمان ڕێگا دەگیرێتە بەر ئەگەرنا کەسێکى گونجاو بوو دانوستانى لەگەڵ دەکەن".