گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا لە چینەوە گەیشتە هەرێم کەچی موچە هەر نەگەشت

لای کورد تەنانەت کۆرۆنای مەترسیداریش بەشی گاڵتەکردنی تێدایە (تایبەت)

2020.03.02 - 17:02
App store icon Play store icon Play store icon
لای کورد تەنانەت کۆرۆنای  مەترسیداریش  بەشی گاڵتەکردنی تێدایە (تایبەت)

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - شەهرام عەزیز ماوەی چەند مانگێکە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەتا لە چین و دواتر لە چەندین وڵاتی دیکەی جیهان بڵاوبووەتەوە کە دواهەمینیان هەرێمی کوردستان بوو، ئەگەرچی تاڕادەیەک هاوڵاتیان ترسیان لە ڤایرۆسەکە هەیە، بەڵام لەگەڵ مەترسیداری و فۆبیای خەڵک لە ڤایرۆسەکە، کۆرۆنا بووەتە جێی گاڵتەجاڕی خەڵک لە هەرێم.  . تەنز نوسین لەسەر زۆرێک لە بابەتەکان ساڵانێکی زۆرە لەنێو کورددا بووەتە نەریت، تەنانەت کۆرۆناش لە تەنزەکانی کورد بەدەر نەبوو، توێژەرێکی دەرونیش سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئەوەدا نییە بابەتەکە بکرێتە گاڵتە، بەڵام دەشڵێت، ترس یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی بەرگری مرۆڤ لە ڕووی دەرونییەوە و پێویستە هاوڵاتیان نەترسن. . لە یەکێک لە تەنزەکاندا لەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق دەڵێن: "عێراق چارەسەری کۆرۆنای دۆزییەوە، لەسەر چوار کەس تاقییان کردووەتەوە، سێ کەسیان مردوون و ئەوی دیکەیان لەسەرە مەرگدایە". . هاوکات لە تەنزێکی دیکەدا کۆرۆنا تێکەڵ بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کراوە و دەڵێن: "کۆرۆنا لە چینەوە گەیشتە هەرێم موچەی فەرمانبەران نەگەیشتە موچەخۆران". . تەنزێکی دیکەی کورد لەسەر کۆرۆنا ئەوەیە کە دەڵێن: "بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا هەموو بەیانییەک سەلکێک پیاز بە کاڵی بخۆ، هەرچەندە هیچ پەیوەندیی بە کۆرۆناوە نییە، بەڵام بە درێژایی ڕۆژەکە هەموو خەڵک لێت دوور دەکەونەوە و بەوەش کۆرۆنا ناگریت." . لە تەنزێکی دیکەدا هاتووە: "پەرلەمانی چین گۆشتی مارو شەمشەمەکوێرەو جرجی قەدەغە کرد، چونکە سەرچاوەی ئەم کۆرۆنایە بوون، دەی وەڵاهی ئەمانە دەرمانی کۆرۆناش بن ناخورێن، نەک خودی نەخۆشیەکە". . "نەک کەلوپەلەکانمان، تەنانەت مردنەکەشمان چینیە و لەسەری نوسراوە (made in china)"، تەنزێکی دیکەیە لەسەر کۆرۆنا. . دەشڵێن: "دەزگا تەندروستییەکان چوون بۆ گرتنی ژنێک کە بە قاچاخ لە ئێرانەوە هاتووەتە، ئەویش وتویەتی، تازە بۆچی ئەمگرن وەڵاهی هەشت تەعزێم کردووە". .  هەروەها دەڵێن: "بەهۆی کۆرۆناوە بڕیاردرا دەوامی فەرمانبەران کەم بکرێتەوە لە کاتژمێر 3:00 بۆ 1:00، بەو حسابە بێت، کۆرۆنا لە دوای سەعات یەکەوە لەخەو هەڵدەستێ و دەست بەئیش دەکات". . هەروەها، هاوڵاتییەک لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی: "دەستاودەستکردنی پارە سەرچاوەیەکی سەرەکی گواستنەوەی کۆرۆنایە، بۆیە حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە مووچە دابەش نەکات." . لە لایەکی دیکەشەوە هاوڵاتییەکی عێراقی نووسیویەتی: " لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند کە وەزارەتی تەندروستی لە عێراقدا نەماوە." . هاوڵاتییەکی سلێمانیش بە تەنزەوە دەپرسێت: "ئایا کۆرۆنا دەزانێت ئێمە میللەتێکین کنگر دەخۆین؟"  .  ئەمانە و چەندان تەنزی دیکە لەسەر کۆرۆنا نوسراون، کە دوینێ یەکشەممە بۆ یەکەم جار چوار حاڵەتی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا کە هەر چوار حاڵەتەکە لە شاری سلێمانییە. . لەوبارەیەوە عومەر پەتی، پزیشکی پسپۆڕی ڕێنماییە دەروونییەکان بە ناس کوردی وت: "لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ئەوەدا نیم بابەتەکە بە گاڵتە تەماشا بکرێت، بەڵام پێویستە هاوڵاتیانیش نەترسن لە ڤایرۆسەکە و تەنها ڕێنماییە پزیشکییەکان جیبەجێ بکەن". . وتیشی، لەڕووی دەروونییەوە ترس لە شتێک بەرگریی مرۆڤ دادەبەزێنێت و توشی نەخۆشی دەکات، تا وای لێدێت پێویستی بە چارەسەر دەبێت، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان هێندە لە ڤایرۆسەکە نەترسن. . "ڤایرۆسەکە چونکە نوێیە، ئەو پڕوپاگەندانەشی لەسەری بڵاودەکرێتەوە نوێن و خەڵک پێیان ئاشنا نییە، بۆیە بەوشێوەیە خەڵک ترسێندراوە، تەنها ئەوەی لەسەر هاوڵاتیانە ڕێنماییە پزیشکییەکان بە باشترین شێوە پەیڕەو بکەن و خۆیان بپارێزن"، عومەر پەتی وای وت. . ئەو پسپۆڕە دەرونییە ڕونیشیکردەوە، وەک چۆن بەو خواردن و ڤیتامینانەی کە پزیشکە تەندروستییەکان دەیڵێن، پێویستە هاووڵاتیان بەرگریی لەشیان بەهێز بکەن، دەکرێت بە خۆ گەشبینکردن و ئاسودەیی لە ڕووی دەرونیشەوە خۆیان بەهێز بکەن و ڕوبەڕووی ئەو ڤایرۆسە ببنەوە.