گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمپانیایەکى کوردى چارەسەرى کۆرۆنامان لایە… چارەسەرەکە چییه‌ و چۆن به‌كارده‌هێنرێت؟!

2020.03.02 - 09:15
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمپانیایەکى کوردى چارەسەرى کۆرۆنامان لایە… چارەسەرەکە چییه‌ و چۆن به‌كارده‌هێنرێت؟!

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

  ناس كورد-  کۆمپانیاى بایۆماد تایبەت بە دروستکردنى دەرمان بانگەشەى ئەوە دەکات کە چارەسەرى ڤایرۆسى کۆرۆناى دۆزیوەتەوە و وتەبێژى کۆمپانیاکەش دەڵێت، ئامادەین بە بێ بەرامبەر دەستبکەین بە دروستکردنى و تەنها شوێنێکیان دەوێت حکومەت دابینى بکات بۆیان. . کۆمپانیاى بایۆماد بۆ لێکۆڵینەوە بایۆ تەکنەلۆژیەکان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، کە ئەوان چارەسەرى ڤایرۆسى کۆرۆنایان لایەو ئامادەن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستاندا کاربکەن بۆ دروستکردنى، لەو بارەیەوە "عەتا جەمالى" وتەبێژى کۆمپانیاکە بە ناس کوردى وت، چارەسەرەکە چەندین ساڵە کارى لەسەر دەکرێت و تەنها تایبەت نییە بە ڤایرۆسى کۆرۆناوە بەڵکو تایبەتە بە هەموو ڤایرۆسەکانەوە و هەوڵدراوە بگونجێنرێت لەگەڵ ڤایرۆسى کۆرۆنا. . ئەوەشى ڕونکردەوە، ئەو چارەسەرە پێشتر تاقیکراوەتەوەو کارى بەهێزکردنى سیستمى بەرگرى لەشە بەشێوەیەک بەهێزى دەکات کە بەرەنگارى هەموو جۆرە ڤایرۆسێک ببێتەوە، کارەکەش لەوەوە سەرچاوەى گرتوە کە سیستمى بەرگرى شەمشەمەکوێرە ئەوەندە بەهێزە هیچ ڤایرۆسێک ناتوانێت زەفەرى پێببات. . سەبارەت بەوەى کە ئەم بابەتەیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان تاوتوێ کردوە یاخود نا وتى، پرۆپۆزەڵمان داوە بە لیژنەى بەرەنگاربونەوەى کۆرۆنا و چاوەڕێى وەڵامى ئەوانن، ئامادەن تیمە زانستیەکانى خۆیان بنێرن و کار لەگەڵ حکومەتدا بکەن بۆ دروستکردنى دەرمانەکە و تەنها شوێنێکیان دەوێت کە حکومەت بۆیان دابین بکات تا ئەو کارە بکەن. . هەموو جۆرە دەرمان و چارەسەرێک پێشتر لەسەر گیاندار و دواتر لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە، سەبارەت بەوەى ئایا دەرمانەکەیان تاقیکراوەتەوە عەتا جەمال ئەوەى بۆ ناس کورد وت، دەرمانەکە تاقیکراوەتەوە و هەموو لێکۆڵینەوە و بەڵگە زانستیەکانیش لەبەردەستدان و ئامادەن پیشانى لایەنى تایبەتمەند بدرێت، زۆر دڵنیاشن لەوەى کە چارەسەرەکە زۆر سەرکەوتوە بەجۆرێک وا لە ڤایرۆسى کۆرۆنا بکات کە وەک هەڵامەتێکى ئاسایى بێت. . سەبارەت بەو بابەته‌ ناس کورد پەیوەندیکرد بە د.محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان و ناوبراو وتى، هیچ شتێکى لەو بارەیەوە نەبیستوە بەڵام چارەسەر پێویستى بە چەندین تاقیکردنەوەیە هەیە و ماوەیەکى زۆرى پێدەچێت، ئەگەر شتێکى لەو جۆرەش هەبێت ئەوا هەموو لایەک خۆشحاڵ دەبێت پێى و بە پرۆپۆزەڵ پێشکەشى وەزارەتى تەندروستى بکرێت و سەیر دەکرێت. . دوێنێ (یەکشەممە) وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکردنى چوار حاڵەتى توشبوو بە ڤایرۆسى کۆرۆناى لە شارى سلێمانى ڕاگەیاند کە لەوڵاتى ئێرانەوە گەڕاونەتەوە، بەوەش کۆى گشتى ئەو حاڵەتانەى لەسەرتاسەرى عێراق تۆمار کراون گەیشتە 13 حاڵەت کە سەرجەمیان لە وڵاتى ئێرانەوە توشبون، ڕاگەیاندنى ئەو کۆمپانیایەش لەکاتێکدایە کەژمارەیەک وڵاتى جیهان سەرقاڵى دۆزینەوەى چارەسەرن و بەشێکیان ئاماژە بەوە دەدەن کە دۆزینەوەى چارەسەرێکى ڕاستەقینە چەندین مانگى تر دەخایەنێت. .