گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی توشبونی چوار هاووڵاتی شاری سلێمانى به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا..چۆن لەناو سەدان کەسدا دۆزرانەوە؟

2020.03.01 - 19:52
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی توشبونی چوار هاووڵاتی شاری سلێمانى به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا..چۆن لەناو سەدان کەسدا دۆزرانەوە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   بە تۆمارکردنى چوار حاڵەتى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسلێمانى، هەرێمى کوردستان لە قۆناغى خۆپارێزییەوە لەو ڤایرۆسە چووە ناو قۆناغى چارەسەرسازییەوە. . لە دووەم ڕۆژى هەفتەى یەکلاکەرەوە بۆ بوونى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە سلێمانى، چوار حاڵەتى توشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمارکران، کە سیانیان لەیەک خێزانن و ئەوەى دیکەش ژنێکە. . ئەو چوار کەسە هەشت ڕۆژ لەمەوبەر لەرێگەى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخەوە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان و رەوانەى شوێنى تایبەت بە هێشتنەوەى ئەو کەسانە کران کە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە. لە کاتی ئێستاشدا لە نەخۆشخانەی جیاکراوەی تایبەت بەم نەخۆشیە دانراون. . هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا لەگەڵ هەردوو بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى و ئاسایشى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەو سێ کەسە لە ژن و پیاوێک و منداڵە هەشت ساڵەکەیان پێکهاتوون، ئەو ژنەى دیکەش کە توشى ڤایرۆسەکە  بووە تەمەنى 22 ساڵە. . وتیشى "لەئەمڕۆوە لە قۆناغى خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەوە دەچینە قۆناغى چارەسەرسازییەوە". . پارێزگارى سلێمانى داواى لەو کەسانە کرد کە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە لە زوترین کاتدا خۆیان بە تیمەکانى تەندروستى بناسێنن، بەتاییبەتى ئەوانەى تا ئێستا خۆیان نەناساندووە. . بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم، دەرچوونى ئەنجامى پشکنینى ئەو چوار کەسە و دەرکەوتنى ئەنجامەکان بەوەى توشى ڤایرۆسەکە بوون، لەناو پشکنینى 24 گومانلێکراودا بووە کە ئەو جۆرە پشکنینەیان بۆکراوە. . د.سەباح هەورامى، بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى وتى "ئەو هاوڵاتییانە هیچ نیشانەیەکیان نەبووە، بەشێوەیەکى ئاسایی ژیانیان بەسەر بردووە، بەڵام ئێمە لەناو سەدان هاووڵاتى توانیمان بیاندۆزینەوە، چونکە ئەوانە دەبوونە هۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە و هیچ نیشانەیەکیان لێدەرنەکەوتووە".  . وتیشى "ئەو کەسانە بارى تەندروستیان جێگیرە تەمەنەکانیان لەوانەیە کە دەتوانن زاڵ بن بەسەر نەخۆشییەکەدا". . بەوتەى سەباح هەورامى، بەهۆى بوونى سنورێکى زۆرى سلێمانى لەگەڵ ئێراندا و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە، "نەدەبوو ڤایرۆسى کۆرۆنا لەناو سلێمانیدا نەبووایە، تەنانەت گومانمان لە ئامێر و پشکنینەکانمان هەبوو". . "ئەمڕۆ لە دوێنێ جیاوازە و رێکارەکان گۆرانیان بەسەردا دێت، هەموویان بۆ هاوڵاتییان روندەکەینەوە"، سەباح هەورامى وایوت. . باسى لەوەشکرد، پێویستە ئەوانەى بەرکەوتنى راستەوخۆیان لەگەڵدا ئەو چوار کەسە هەبووە پشکنین بکەن و ئەوانە وەک گومانلێکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. . بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان، ئەو کەسانەى توشى ڤایرۆسەکە دەبن دەبێت تا کاتى چاکبوونەوەیان لەنەخۆشخانەى تایبەت بهێڵرێنەوە و بەتەواوى لەخەڵک دابڕێندرێن. . لەهەرێمى کوردستان چەند نەخۆشخانەیەکى تایبەت بۆ توشبووانى کۆرۆنا دروستکراوە، کە یەکێکیان لەشارى سلێمانییەو چوار توشبووەکە رەوانەى ئەو نەخۆشخانەیە کراون. . جگە لەو کەسانەى لە کەرەنتینەکاندان، بەرپرسانى تەندروستى و ئاسایش ترسیان لەو کەسانەیە کە بە قاچاخ لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و خۆیان بە تیمەکانى تەندروستى نەناساندووە. . لیوا حەسەن نورى بەڕێوەبەرى ئاسایشى سلێمانى وتى "داوا لەخەڵک دەکەین هاوکارمان بن بۆ دیاریکردنى ئەو کەسانەى کە بە قاچاخ لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە". . وتیشى "هەندێ کەس ئەم دۆخەیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەى بە پارە خەڵک بگەڕێننەوە، بەڵام بە هاوکارى خەڵک رێگریمان کردووە، دەستمان بەسەر ئەو ئۆتۆمبیلانەدا گرتووە کە کارى قاچاخچێتى پێدەکرێت".   .