گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرچاوەکەى ئێرانەوە و بازرگانەکانیش کوردی هەرێمن

هەرێم بووەتە ڕێگای ترانزێتی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان.. 300 کیلۆ لە دوو مانگدا؟!

2020.03.01 - 15:48
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم بووەتە ڕێگای ترانزێتی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان.. 300 کیلۆ لە دوو مانگدا؟!

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - شەهرام عەزیز ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێم ناوهێنانی مادەی هۆشبەر و بیستنی شتێکی سەیر بوو، بەڵام ئێستا هەرێم بووەتە ناوچەیەکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی ئەو مادانە، بەشێوەیەک تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەموو ساڵی ڕابردوو زیاتر دەستبەسەر مادەی هۆشبەردا گیراوە، کە زیاترە لە 300 کیلۆگرام.  . هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە پەرلەمانی کوردستان یاسایەک دەرکرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوە و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، بەڵام بە پشت بەستن بە ئامارەکان تائێستا یاساکە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە بۆ کەمکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان. . "لە دوو مانگی ئەمساڵدا دەست بەسەر هێندە و نیوی ساڵی ڕابردوودا گیراوە" بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد و ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە سنوری هەولێر و دهۆک دەستیکەوتووە، تەنها لە مانگی یەک و دووی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە 300 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستیبەسەردا گیراوە، بەشێوەیەک لە یەک چالاکیدا لە 21ی کانونی دووەمی ئەمساڵ 130 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆین دەستیبەسەرداگیراوە و باندێکی سێ کەسیش دەستگیرکران. هاوکات لە چەند حاڵەتێکی دیکەدا هەر لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک بە بڕی 27 کیلۆگرام و 30 کیلۆ و زیاتریش دەستیبەسەردا گیراوە و چەندین تۆمەتباری دیکەش دەستگیرکراون. .  ئەو ڕێژە زۆرە بۆ دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بەگشتیی لە ساڵی 2019 لە سنوری هەولێر و دهۆک 203 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستیبەسەردا گیراوە، واتە تەنها لە دوو مانگی ئەمساڵدا هێندە و نیوێکی ساڵی ڕابردوو دەستیبەردا گیراوە. . هەرێم بووەتە ڕێگای ترانزێت بۆ وڵاتانی دیکە  بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە چەند حاڵەتێکی دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەردا ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، ئەو بڕەی دەستیبەسەردا گیراوە، هەوڵ دراوە بەڕێگەی قاچاخ ڕەوانەی دەرەوە بکرێت بە نمونە بۆ کەنەدا یاخود تورکیا. .  لەوبارەیەوە عیسا خدر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە ناس کوردی وت: "هەرێمی کوردستان بووەتە ڕێگەیەکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دیکە و لە ئێرانەوە دەیهێننە هەرێم و لێرەوە ڕەوانەی وڵاتانی دیکە دەکرێت". .  وتیشی، ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن و لێرە دەستگیرکراون، کەسانی ئێرانی و هاوڵاتانیانی ناوخۆشییان زۆر تێدایە و سەرجەمیان دراونەتە دادگا و بەشێوەی جیاواز سزادراون. ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە پەرلەمانی کوردستان یاسایەک دەرکرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوە و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و یەکێک لە سزاکانی ئەو کەسانەشی کە بازرگانی بەو مادەیەوە دەکەن، زیندانی هەتاهەتایی یاخود لەسێدارەدانە. . هۆکارەکان چین؟  زۆرێک لەو مادە هۆشبەرانەی لە هەرێم مامەڵەیان پێوەدەکرێت لە ئێران و لە سنورەکانەوە دەهێندرێن، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بۆ ناس کورد وتی، لاوازی دەروازە سنورییەکانی هەرێم هۆکارێکە بۆ ئەو ڕێژە زۆرەی بوونی مادەی هۆشبەر لە هەرێم. . وتیشی، ئەو مادانە بە ئاسانی لە سنورەکانەوە بە شاراوەیی یاخود لە ڕێگەی قاچاخەوە دەهێنرێن، ئەوەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر زیادبوونی ئەو مادانە لە هەرێم. . هاوکات عیسا خدر ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر لە سنورەکان ئەو مادانە دەستیان بەسەردا بگیرێت ئەوا ئەوان هێندە ماندوو نابن بەدەست گەڕان بەشوێن ئەو مادانەدا و داوا دەکەن لە سنورەکان و فڕۆکەخانەکان ڕێکاری زیاتر بگیرێتەبەر بۆ گرتنی ئەو مادانە.