کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لەدوای کردنەوەی سنورەکانی تورکیا بەڕووی کۆچبەراندا، دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بەهیچ شێوەیەک لەئێستادا بیر لە کۆچی نائاسایی نەکەنەوە، چونکە ئەو کارەی تورکیا کارتێکی فشاری سیاسییە و دەکرێت بە زیانی کۆچبەران بشکێتەوە و مانای ڕێگەدانیش بە کۆچ نییە. . لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران هاوڵاتیانی هەڕێمی کوردستان و عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە مەترسییەکانی کۆچکردن لەئێستادا و ڕایگەیاند: "بڕیاری حکومەتی تورکیا بۆ کردنەوەی سنوورەکانی و کۆچی نایاسایی بەرەو ئەوروپا بۆ کۆچبەران کارتێکی فشاری سیاسییە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت لە بڕیارەکەی پاشکەزبێتەوە و لەزیانی پەنابەران بشکێتەوە". . ئاماژەی بەوەشکردووە، کردنەوەی ئەو سنوورانە مانای ڕێگەدان بە کۆچ نییە و لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەت یۆنان و بولگاریا ڕێکاری زۆر توندیان گرتووەتەبەر و ڕێگا بە دەربازبوونی کۆچبەران بەئاسانی نادەن. . دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران هاووڵاتیانیشی ئاگادارکردووەتەوە لە مەترسییەکانی کۆچ و داوا لە هاووڵاتیان کردووە، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و نالەبارەدا، بە هیچ جۆرێک بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کەیسی پەنابەران وەک کەیسێکی مرۆیی و ئەخلاقی سەیردەکرێت، نەک کەیسێکی سیاسی و بەرژەوەندی تاک لایەنە و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار. . دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای لوتکە: . 1- ئەم بڕیارەی حکوومەتی تورکیا کارتێکی فشاری سیاسییە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت لە بڕیارەکەی پاشکەزبێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردابێت و لەزیانی پەنابەران بشکێتەوە. . 2- کردنەوەی ئەم سنوورانە مانای ڕێگەدان بە کۆچ نییە و لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەت یۆنان و بولگاریا ڕێکاری زۆر توندیان گرتووەتە بەر و ڕێگا بە دەربازبوونی کۆچبەران بەئاسانی نادەن. . 3 - لەم کات و ساتەدا کەشوو ھەوا نالەبارە و سەرماو سۆڵەیە و دۆخەکە بۆ کۆچبەرەکان زۆر دژوارەوە تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکانی دیکە مەترسییەکی جددییە بۆسەر ژیانی خۆتان و کەسوکارتان بەتایبەتی توشبوون بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە پەتایەکی کوشتندەو بەربڵاوی جیهانییە لەئێستادا. . 4- لە ئەگەری دەربازبوونیشدا، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە وڵاتانی ئەوروپا زۆرینەی ڕەهای کەیسی پەنابەران ڕەتدەکەنەوە و ئەگەری وەرگرتنی ئیقامە ئێجگار کەمە. . 5- ئەم لێشاوە هەلێکی زێڕینە بۆ ئەو قاچاخچی و گروپ و باندە چاوچنۆکانەی کە ژیانی کۆچبەران لەلایان هیچ بایەخێکی نییە، تاکو لەپێناو بەدەستهێنانی پارە و ساماندا، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری کۆچبەر بخەنە ناو یەختی کۆن و تێکشکاو، کە سەرەنجام کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە. . 6- داواکارین لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەهەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن و نەبنە هۆی هاندانی هاووڵاتیان بۆ کۆچ کردنیان لەم کات و ساتەدا کە ناوچەکە و جیهان بەقۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی و تەندروستیدا تێپەر دەبێت. . بۆیە دەزگای لوتکە بە ئەرکی خۆیی دەزانێت هەموو لایەک ئاگادار بکاتەوە لە مەترسییەکانی کۆچ و داوا لە هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دەکەین بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و نالەبارەدا، بە هیچ جۆرێک بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کەیسی پەنابەران وەک کەیسێکی مرۆیی و ئەخلاقی سەیردەکرێت نەک کەیسێکی سیاسی و بەرژەوەندی تاک لایەنە و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار.