گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مۆڵەتەکەى تورکیا تەنها یەک ڕۆژی ماوە

ئيدليب؛ سوپای تورکیا بەبێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە بۆردومان بەردەوامە

2020.02.29 - 17:40
App store icon Play store icon Play store icon
ئيدليب؛ سوپای تورکیا بەبێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە بۆردومان بەردەوامە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- ئەمڕۆ دواین ڕۆژی ئەو مۆڵەتەیە کە ئەردۆغان دابووی بە حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا، تورکیا داوادەکات کە ئەسەد هێزەکانی لە هەموو ئەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە بە درێژایی دوو مانگی ڕابوردوو لە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەواداری تورکیای سەندووەتەوە، دەنا سوپای تورکیا بە زۆر دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ڕوسیای هاوپەیمانی ئەسەد و تورکیا دیاری کرابوون. . بە درێژایی ڕۆژانی مۆڵەتەکە، سوپای حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی، نەک هەر لە پەلامار نەوەستان بەڵکو پەیتا پەیتا ناوچەی زیاتریان دەخستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، لە 25ی شوباتەوە دژە هێرشی سەرکەوتووی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کە بڕبڕەی پشتیان بەرەی نوسرەیە، دەستی پێکرد و ئەو ڕۆژە نەیرەب و ڕۆژی دواتریش شاری ستراتیجیی سەراقیبیان بە یاریدەی سوپای تورکیا کۆنترۆڵکردەوە. سەرەڕای گرنگیی ئەم دەستکەوتە، هەواڵی کوژرانی 32 سەربازی تورکی و بریندار بوونی 35 ی دیکەیان لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەکانی سوپای سوریادا بوو بە سەردێڕی هەواڵەکان. . لە بواری سەربازیدا، تورکیا، هەر دوابەدوای ئەو ڕووداوە، دەستیکرد بە بۆردومانکردنی ناوچە دووردەستەکانی سوپای بەشار ئەسەد لە حەما و لازقییە و  چەندین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی یەپەگە لە تەل ڕىفعەت و منبج و خوارووی هەردوو شاری گرێسپی و سەرێکانی. . گەورە بەرپرسانی حزبوڵای لوبنانی پێکران  سوپای تورکیا چەندین بۆردومانی بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی ئەنجامداوە بە درێژایی شەقامی خێرای نێودەوڵەتیی حەلەب-دیمەشق بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ئەلکوسەیبییە کە بەپێی ڕاگەیەندراوی سوپای تورکیا کۆبوونەوەیەکی گەورە ئەفسەرانی سوپای ئەسەد و هاوپەیمانانی پێکرا، هەواڵەکان وا دەگەیەنن کە لە نێو کوژراواندا گەورە بەرپرسانی هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنانی لە ئیدلیب هەن. . هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا بۆسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبولصوهور کە لە قووڵایی ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی سوپای بەشار ئەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی میعەڕڕەت ئەلنوعمان سیستەمێکی دژە ئاسمانیی پێشکەوتووی پانسیر ئێس-1ی ڕوسی  پێکرا، هەروەها لە ئەنجامی هێرشێک بە موشەکی بالستی لە سوپای تورکیا ڕایگەیاند کە بە تەواوی فڕۆکەخانەی کوێریسی ڕۆژهەڵاتی حەلەبی لە کارخست. . هاوکات سوپای سوریا بەرپەرچی هێرشیکی تورکیای بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب دایەوە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیای ناچارکردن ئاسمانی ناوچەکە جێبهێڵن. . کارگەی چەکی کیمیایی؟ سەرەڕای ئەوەی بەپێی ڕێککەوتنێکی ڕوسیا و ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا، سوریا هەموو چەکە کیمیاییەکانی ڕادەستی ئەمریکا کرد، بەڵام چەندین جار سوپای ئەسەد بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار کراوە و ئاژانسەکانی هەواڵی نەیاری بەشار ئەسەد بە نەوەستان لە بەرهەمهێنانی ئەو چەکە کوشندەیە تۆمەباریان کردووە. لەم چوارچێوەیەشدا، سوپای تورکیا ڕایگەیاند کە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاییان بۆردومان کردووە کە 13 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبەوە دوورە. شایانی باسە هەواڵی بەکارهێنانی ئەو شوێنە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن هیچ دەزگایەکی دیکەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە و دیمەشقیش ڕەتیکردەوە. . دژە هێرشی سوپای ئەسەد سەرکەوتوو نەبوو سەرەڕای جوڵاندنی هێزێکی زۆر لە بەتواناترین یەکە سەربازییەکانی سوپای ئەسەد بەرەو دەوروبەری شاری سەراقیب، دوو ڕۆژ لە دژە هێرشیان سەرکەوتوو نەبوو و کۆنتڕۆڵی ئەو شارە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەدەست تورکیا و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاوە ماوە. لە پاڵ ئەوەشدا دوێنێ و ئەمڕۆ سوپای تورکیا بە خەستی بۆردومانی شارۆچکەی خان سەبیلی خوارووی سەراقیب دەکات بەمەبەستی ڕێخۆشکردن بۆ گرتنی لە لایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە، ئامانجی داهاتووی ئەو هێزانی گرتنەوەی میعەڕڕەت نوعمانە. بۆردومان کردنی پێگەیەکی روسی سەرەڕای ئەوەی سوپای تورکیا ڕاستەوخۆ بە درێژایی بارگرژییەکانی ئیدلیب پەلاماری هیچ پێگەیەکی سەربازیی ڕوسی نەدابوو، دوێنێ ڕاستەوخۆ تۆپبارانی بنکەکەکی ڕوسییان کرد لە ناوچەی کەشتیغار لە خۆرئاوای تەل ڕەفعەت کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگەدایە  و ڕوسەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ تورکیادا لەوێ نیشتەجێن. . تورکیا تەنهایە لە بەرامبەر ڕوسیادا هەوڵەکانی تورکیا بۆ کۆکردنەوەی پشتگیریی دیبلۆماسیی نێودەوڵەتی و سەربازیی ناتۆ و ئەمریکا، بە بنبەست گەیشتووە و پێدەچێت گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕوسیادا  تەنها بواری بەرەو هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بێت. سەرڕای ڕێککەوتنی ئەردۆغان و پوتین لەسەر کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر هێورکردنەوە لە ئیدلیب لە مۆسکو، بەڵام پێدەچێت هێشتا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئامادە نییە ڕۆژێکی دیاریکراو ڕابگەیەنێت بۆ ئەو کۆبوونەوەیە و پێدەچێت بۆ هەفتەیەک دوای هەڕەشەی دوا مۆڵەتەکەی تورکیا بۆ بەشار ئەسەد دوای بخەن، بە مەبەستی ناچارکردنی تورکیا بۆ دانبەخۆداگرتن تا ڕۆژی کۆبوونەوەکە. . شایانی باسە کە گۆڤاری پۆلیتیکۆی ئەمریکایی دوێنێ بڵاوی کردەوە کە ناکۆکی کەوتۆتە نێوان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگرییان لەسەر ئەوەی چۆن بە هانای تورکیاوە بێن. بەپێی هەواڵێکی تایبەتی پۆلیتیکۆ، دوای ئەوەی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەوان خەریکی تاوتوێکردنی ڕێوشوێنەکانی یارمەتیدانی تورکیان، جێمس جێفریی، نێردراوی تایبەتی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری سوریا داوای کردووە کە وڵاتەکەی موشەکی پاتریۆتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توانای ئاسمانی ڕوسیا لە باکوری ئیدلیب لە ناو تورکیادا بڵاوبکاتەوە، وەک دەربڕینێکی سەربازیی بەهێز و هۆشدارییەک بۆ ڕوسیا، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەو بیرۆکەیەی بە هەڵەشە لەقەڵەم داو ئامادە نییە جێبەجێی بکات. . ئەردۆغان تووڕە و دڵشکاو لە هاوپەیمانانی ناتۆ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەی دانبەخۆداگرتندایە و لەو قومارەیدا کە لە ئیدلیب دەیکات، جیهانیش چاوەڕێی هێورکردنەوەیە لێی.