گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە بەرانبەر متمانەدان بە کابینەکەى عەلاوی، پێشنیازی پۆستێکی باڵا بۆ لایەنە کوردییەکان کراوە

2020.02.29 - 14:54
لە بەرانبەر متمانەدان بە کابینەکەى عەلاوی، پێشنیازی پۆستێکی باڵا بۆ لایەنە کوردییەکان کراوە
ناس کورد بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی هەرێم و محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێدانی متمانە بە کابینەکەى، سەرۆککۆمارى عێراق پێشنیازى پێدانى پۆستى جێگرى سەرۆک وەزیرانی بۆ کورد کردووە. . ناس کورد توانی لە دوو سەرچاوەی ئاگاداری سیاسییەوە زانیارییەکانی پشتڕاستبکاتەوە، سەرچاوەیەک وتی، "پێشنیازەکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی کورد و عەلاوی دراوە". . دەشڵێت، "پێشنیازەکەى سەرۆککۆمار بە ناونیشانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەرێمى کوردستان کراوە ئەوەش پۆستێکى باڵایە لە حکومەتى عێراقدا و چاوەڕوانى وەڵامى پێشنیازەکەیە". . سەرچاوەکان ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە کە بەرهەم ساڵح پیی باشە کورد لەئێستادا بەشدارى کابینەکەى عەلاوی بکات و دەیەوێت کێشەکانى هەرێم لەگەڵ کاندیدى ڕاسپێراو بۆ کابینەى نوێ چارەسەر بکرێت. . ناس کورد ئەوەشى زانیووە، ئەگەر لایەنە کوردییەکان و عەلاوى لەسەر ئەو پۆستە بگەنە ڕێککەوتن ئەوا پۆستى جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەرێم بەر پارتى دەکەوێت، ئەوەش بەهۆى ئەوەى نوێنەرى ئێستاى هەرێم بۆ کاروبارى بەغدا لە پشکى پارتییە و ئەو حزبەش وەکو بەرکەوتەى هەڵبژاردن کەئێستا زۆرترین ناکۆکى لەگەڵ عەلاویدا لەسەر پۆستە وەزارییەکان هەیە بەمافى خۆى دەزانێت. . پێشتر ناس پێشنیازێکی هاوشێوەى عەلاوی بۆ لایەنە کوردییەکان ئاشکرا کرد، لە کۆبونەوەى نێوان شاندی لایەنە کوردییەکان و محەمەد تۆفیق عەلاوى لە بەغدا، کاندیدى ڕاسپێردراو بۆ کابینەى نوێ پێشنیازى ئەوەى بۆ شلندی کوردى کردبوو کە وەزارەتێکى تر بۆ نوێنەرایەتى هەرێم بداتە حزبەکان و ئەوان وەزیرەکەى دابنێن بەدەر لەو سێ وەزیرەى کە لەڕێگەى پێشکەشکردنى سیڤییەوە دایان دەنێت. . ساڵى 2016 لەمیانى ڕاگەیاندنى زنجیرەیەک لە چاکسازى، حەیدەر عەبادى سەرۆکى پێشووترى حکومەتی عێراق بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پۆستى جێگرانى سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیران دەرکرد کە لەسەر بنەماى پشکپشکینەى حزبى دانرابوون.