گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی دیاریدەکرێن

ئارێز عەبدوڵا: هاوسەرۆکەکانى یەکێتى جێگریان نابێت

2020.02.29 - 10:46
ئارێز عەبدوڵا: هاوسەرۆکەکانى یەکێتى جێگریان نابێت
ناس کورد- ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنى سکرتارییەتى ئەنجومەنەکە، ئەندامێکى سەرکردایەتى ئەو حزبەش دەڵێت هاوسەرۆکەکان جێگریان نابێت. . لەپاڵ هەڵبژاردنى سکرتارییەتى ئەنجومەنەکە، سەرکردایەتى یەکێتى لەهەوڵى دیاریکردنى دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتیدایە کە لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە سەرۆکایەتى دەکرێت. . ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەمرۆ هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستانە دەکرێت کە ماوەتەوە و ڕەنگە سکرتاریەتى ئەنجوومەنى سەکردایەتیش هەڵبژێرین، کاندیدەکان ئازادن لە خۆپاڵاوتنیان بۆ هەر پۆستێک". . وتیشى "سکرتاریەتى ئەنجوومەنى سەکردایەتى لە سێ کەس پێکدێن و دەکرێن بە ستافی بەرێوەبردن و دیاریکردنى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى سەکردایەتى". . بەپێی پەیڕەوى ناوخۆى یەکێتى، ئەنجومەنى سەرکردایەتى ئەو حزبە کە لە 110 ئەندام پێکدێت، بەرزترین دەسەڵاتى هەیە، لەدوو هەفتەى ڕابردوودا ئەنجومەنەکە هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى بەهاوسەرۆک هەڵبژارد. . ئارێز عەبدوڵا وتى "بەپێى پەیرەوى ناوخۆی یەکێتى هاوسەرۆکان جێگیریان نابێت و مەکتەبی سیاسیش پێکدێت لە لە لێپرسراوى مەکتەبەکان، کارگێر و هاوسەرۆکان". . سەرەڕاى هەوڵەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى بۆ هەڵبژاردنى سکرتارییەتى ئەنجومەنەکە، هێشتا دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى چارەسەرنەکراوە و لە پەیڕەوى ناوخۆدا پەسەندنەکراوە، کە لەدوو هەفتەى ڕابردوودا ناکۆکى دروستکرد لەنێوان هەردوو ئەنجومەنەکەدا. . بەهۆى کێشەکانەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و لەسەر داواى کۆسرەت رەسوڵ کۆبوونەوەکانى سەرکردایەتى ڕاگیران، دواتر و دواى پێکهێنانى لیژنەى هاوبەش لەنێوان هەردوو ئەنجومەنەکەدا بۆ دیاریکردنى دەسەڵاتەکان کۆبوونەوەکان دەستیپێکردەوە. . بەوتەى ئارێز عەبدوڵا، بەپێى پەیرەوى ناوخۆ ئەنجوومەنى سەکردایەتی بەرزترین دەسەڵاتى لەناو حزبەکەدا دەبێت و سەرجەم ئەو رێکەوتنانەى دەکرێت لەوێدا پەسەند دەکرێت. . وتیشى "لە هەوڵداین میکانزمێکى ئیشکردن بۆ ئەنجوومەنى باڵاى سیاسی دیاریبکەین بۆ ئەوەى کارەکانیان تێکەڵ نەبێت و هاوسەنگیەکی هەبێت لەگەڵ ئەنجوومەنى سەکردایەتى، بەڵام تائێستا دەسەڵاتەکانى لەلایەن ئەنجوومەنى سەکرایەتى یەکێتیەوە پەسەندنەکراوە".