کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتى تەندروستى ئێران ڕایانگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە لەو وڵاتە گیانیانلەدەستداوە لانى کەم گەیشتووەتە 210 کەس. . سەرچاوەکان بە بی بی سی یان ڕاگەیاندووە، زۆربەى قوربانییەکان دانیشتووى تاران و شارى قوم بوون کە یەکەم حاڵەتى توشبوون بەو ڤایرۆسەى تێدا تۆمارکرا لە 19ى ئەم مانگەدا. . ئەو ژمارەیە شەش هێندەى ئامارى فەرمى گیانلەدەستدانە کە ئێران بە 34 حاڵەت ڕایگەیاندووە، ئەوەش بەپێی ئەو ئامارەى وەزارەتى تەندروستى ڕایگەیاندووە. . کیانوش جیهانپور وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى جەختى لەو ئامارە فەرمییەى گیانلەدەستدان کردەوە بە 34 حاڵەت، بی بی سیشى بە بڵاوکردنەوەى هەواڵى ناڕاست تۆمەتبارکرد. . ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر نوێنەرێکى قوم لە پەرلەمانى ئێران دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەى بە شاردنەوەى ژمارەى حاڵەتەکانى گیان لەدەستدان تۆمەتبارکرد، هەروەها ئەمریکا نیگەرانى خۆى نیشانداوە لەوەى تاران سەرجەم زانیارییەکان لەو بارەیەوە دەشارێتەوە. . ئێران کە بووەتە سەرچاوەى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ چەندین وڵاتى دراوسێی، ڕێوشوێنى نوێی گرتووەتە بەر بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا. . وەزارەتى تەندروستى ئێران هۆشداریداوە لە بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووانى ڤایرۆسەکە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا کە ڕۆژى هەینى گەیشتە 388 حاڵەت کە 34 حاڵەتیان گیانیان لەدەستداوە. . ئەو ئامارە فەرمییە بەرزترین ئامارى توشبوونە لەدەرەوەى چین کە یەکەمجار ڤایرۆسەکەى تێدا بڵاوبووەوە.