گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 نرخى نەوتیشى لەبازاڕەکانى جیهاندا دابەزاندووە

کۆرۆنا چەند کۆمپانیایەکى زەبەلاحى لەپەکخستن نزیک کردووەتەوە

2020.02.28 - 22:22
App store icon Play store icon Play store icon
کۆرۆنا چەند کۆمپانیایەکى زەبەلاحى لەپەکخستن نزیک کردووەتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى وزەى جیهانى، بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسه‌ر دابەزینى نرخى نەوت لەبازاڕەکانى جیهاندا هەبووە و چەند کۆمپانیایەکى پیشەسازیشی لەپەکخستن نزیک کردووەتەوە. . بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا کە بۆ یەکەمجار لەسەرەتاى مانگى کانونى دووەمى ئەمساڵدا لەچینەوە بڵاوبویەوە، کاریگەرى بۆ سەر نرخى نەوت و جموجۆڵە ئابورى و بازرگانیەکان هەبوە، بەجۆرێک لە ڕۆژی (6ى کانوونى دووەم) کەنرخى نەوت لەو مانگەدا بەرزترین ئاستى تۆمار کردووە، نرخى یەک بەرمیل نەوت گەیشتووەتە 59.91 پەنجاو نۆ دۆلار و نەوەد و یەک سەنت لەبازاڕەکانى جیهاندا. . بەراورد بەو رێکەوتە کە سەرەتاى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە بوو لەچینەوە بۆ جیهان، دواى نزیکەى دوو مانگ بەسەر بڵاوبونەوەى کۆرۆنا بەژمارەیەک وڵاتى جیهاندا کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر جوڵەى ئابورى وڵاتان دروستکرد بەتایبەت لەکەرتى نەوتدا کە زۆرترین مادەى سەرچاوە سروشتیەکانە لەجیهاندا مامەڵەى پێوە دەکرێت. . دوێنێ (27ى شوبات) نرخى یەک بەرمیل نەوت لەبازاڕەکانى جیهاندا بۆ 52.18 پەنجاو دوو دۆلار و هەژدە سەنت دابەزى، گەر بەراورد بکرێت بەسەرەتاى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئەوا بەرێژەى 24.24 % ئاستى نرخەکەى دابەزیوە. . لەو بارەیەوە ئاژانسى وزەى جیهانى پێیوایە بۆ یەکەمینجار و لەماوەى دە ساڵى ڕابردودا خواست لەسەر نەوتى خاو لەجیهاندا ڕوو لەدابەزینە. . بەپێى ڕاپۆرتى مانگانەى ئاژانسەكه‌ خواستى جیهانى لەسەر نەوت بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە زیانى خراپى بەرکەوتووە و تەنانەت دەنگۆى ئەوەش لەئارادایە کەتەواوى ئابورى چین پەک بخات، وا چاوەڕواندەکرێت لەڕاپۆرتى وەزریدا کە ساڵانە پێشکەش دەکرێت و لەڕاپۆرتى سەرەتاى ئەم وەرزەى ئاژانسەکەدا وا چاوەڕوان بکرێت کە خواست لەسەر نەوت بەبڕى 435 هەزار بەرمیل کەم بکات. . هەر بەپێى ڕاپۆرتى مانگانەى ئاژانسەکە، ئەوە یەکەمین دابەزینە بۆ خواست لەسەر نەوتى خاو لەماوەى دە ساڵى ڕابردودا لە هەموو وڵاتانى جیهان. . ئاژانسەکە باسى لەوەش کردووە، چین گەورەترین هاوردەکەرى نەوتى جیهانە و بەبۆنەى ڤایرۆسەکەوە چاوەڕواندەکرێت بۆ ئەو ئاستە هاوردەکردنى نەوت کەم بکاتەوە. . ڤایرۆسى کۆرۆنا بەتەنها نرخى نەوتى لەبازاڕەکانى جیهاندا دانەبەزاندووە، به‌ڵكو چەند جوڵەیەکى ترى بازرگانى و ئابورى لاواز کردووە و بەشێکیشیانى بەتەواوەتى پەکخستووە. . بۆ نمونە هەر لەئابورى پیشەسازیى چینەوە،کۆمپانیاى نیسان و هیونداى ڕایانگەیاندوە بەهۆى ئەوەى لەچینەوە پارچەى ئۆتۆمبیلەکانیان بەدەست ناگات لەلایەن چینەوە چەندین کارگەى دروستکردنى ئۆتۆمبیلى خۆشیان لەدەرەوەى چین داخستووە. . کۆمپانیاى داو دەرمانى جیهانیش چاوەڕوانى ئەوە دەکات بەرهەمهێنانى دەرمان لەجیهاندا توشى کورتهێنان ببێت بەهۆى ئەوەى لەچینەوە مادە بنەڕەتیەکانى دەرمانیان بەدەست ناگات، هەروەها هاوبەشى کۆمپانیاى بەرهەمهێنەرى کاڵاکانى ئەپڵ لەچین کە ناوى فۆکس فۆنە هۆشیارى ئەوەیداوە کە ناتوانێت بەرهەمهێنانى بەپێى گرێبەستەکانى ڕایبکات. . لەئەنجامى کەمبونەوەى بەرهەمى پیشەسازى لە جیهاندا گەورە کۆمپانیاکانى فرۆکەوانى ڕایانگەیاندووە کە چاوەڕوانن لەسێ مانگى یەکەمى 2020 دا داهاتیان 4 بۆ 5 ملیار دۆلار کەم بکات. .