گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە پەیوەندی بە ڕادەستنەکردنی نەوتەوە هەیە

2020.02.28 - 15:01
App store icon Play store icon Play store icon
 نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە پەیوەندی بە ڕادەستنەکردنی نەوتەوە هەیە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز جارێکی دیکە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە کێشەی بۆ دروست بوویەوە و ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، وەزارەتی دارایی بە پشتبەستن بە داوایەکی لیژنەی دەستپاکی بە بیانوی ڕادەستنەکردنی نەوت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی وەستاندووە. ، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت: "بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ لە لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراقەوە نوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرا بۆ ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم، هەربۆیە وەزارەتی دارایی ناردنی پارەکەی ڕاگرتووە". ، وتیشی، هۆکاری داواکەی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ڕادەستی بەغدا نەکردووە و ئەو کارەش لەلایەن بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتی داراییەوە کراوە. ، بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، فواد حسێن، وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە کێشەکەی چارەسەرکردووە و لە هەفتەی داهاتوودا پارەکە دەنێردرێت. ، ئەوە لەکاتێکدایە، وەزیری دارایی عێراق هەفتەی ڕابردووش بەهەمانشێوە بە چەند پەرلەمانتارێکی کوردی ڕاگەیاندبوو کە کێشەکە چارەسەر کراوە و پارەکە دەگات، بەڵام تائێستا هیچ وادەیە دیارنییە بۆ ناردنی پارەکە، چەند بۆچوونێکیش هەن دەربارەی ئەوەی کە ئەوە فشارێکی بەغدایە لەسەر هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی. ، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، زۆرێک لە سیاسییەکانی عێراق باس لەوەدەکەن کە بەهیچ شێوەیەک دەست بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابەن، بەڵام ئەمە سیاسەتە و هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە.