کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگهیاند "بەشداریکردنى لەکۆبونەوەکەى ئەمڕۆى پەڕلەمانى عێراق بۆ متمانەدان بەکابینەکەى عەلاوى بەواتاى ڕێکكەوتن نایەت لەسەر کابینەکە"، دەشڵێت "کورد و سوننە بۆ متمانەدان بەکابینەکە تا ئێستا ڕێکنەکەوتوون". . لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا محهمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ماوەیەک دەبێت نامەیەکى بۆ سەرۆککۆمار ناردووە و تیایدا هەڵوێستى لایەنە سیاسیەکانى عێراقى بۆ پێکهێنانى حکومەت، ڕونکردۆتهوه. . ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ناوەڕۆکى نامەکە جەختکردنەوە بووە لەسەر هەڵوێستى هاوپەیمانى لەسەر پێویستى سازانێکى نیشتیمانى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران و ئەوانیش پاڵپشتى لایەنە شیعەکان دەکەن بۆ ئەوەى لەسەر کاندیدێک بسازێن کە ڕەزامەندى کورد و سوننەشى لەسەر بێت. . سەرۆکى پەرلەمانى عێراق باسى لەوەش کرد، ڕەتکردنەوەى ئەسعەد عێدانى كە کاندید کرا بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران لەلایەن بەرهەم ساڵح سهرۆككۆمارەوە کارێکى بێ پاساو بووە و ئەوانیش بەشێک نین لەو لایەنانەى کە عەلاوییان بۆ سەرۆکایەتى حکومەت کاندید کردووە. . لەبارەى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ (پێنجشهممه)ى پەڕلەمانیشەوە، حەلبوسى وتویەتى :" ئامادەى کۆبونەوەکەى پەڕلەمان دەبم و سەرپەرشتى دەکەم و ئەو کۆبونەوەیەش بەواتاى ئەوە نایەت کە ڕێکكەوتن بۆ متمانەدان بەکابینەکە کرابێت". . حەلبوسى جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، هاوپەیمانێتى نێوان هێزەکان بۆ بەشداریکردن و بایکۆتکردن ماوەتەوە و تا ئێستاش هیچ ڕێکكەوتنێكی سوننە و کورد بۆ پێکهێنانى کابینەکە نیە. . حەلبوسى گومانى لەسەر ڕێکكەوتنى لایەنە شیعەکان لەسەر عەلاوى هەیە و دەشڵێت :"کارنامەى حکومەت لەماوەى ساڵێکدا بۆ حکومەتەکەى عەلاوى قسەى لەبارەوە ناکرێت و چەند ئاماژەیەکیش هەن بۆ دەستوەردانى سەرۆککۆمار لەدیاریكردنی وەزیرەکانى کابینەکەی عهلاویدا". .