کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- خەمیس خەنجەر کەسایەتى بازرگان و سیاسى ناودارى سوننەى عێراقى ڕایگهیاند مەسعود بارزانى زانیارى هەیە لەدانانى وەزیرەکانى عەلاوییدا دەستوەردان کراوە و ئەوانیش وەکو پڕۆژەى عەرەبى لەعێراقدا بەبێ ڕەزامەندى کورد و چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکان دەنگ بەکابینەکەى عەلاوى نادەن. . لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، خەمیس خەنجەر کەسایەتى بازرگان و سیاسى سوننەکانى عێراق و سەرۆکى پڕۆژەى عەرەبى ڕایگەیاند، محهمەد تۆفیق عەلاوى کەسایەتیەکى بەڕێز و ڕاستگۆیە بەڵام ئەو بنەمایانەى کە لایەنە سیاسیەکان یارى لەو پرسەدا پێدەکەن گرفتى تێدایە و کاتێک پشتیوانى ڕاسپاردنى عەلاوییان کردووە بۆ ئەوەى ببنە بەشێک لە چارەسەرکردنى قەیرانەکان ئەویش لەڕێگهی هەڵبژاردنى پێشوەختە و جێبەجێکردنى داخوازییەکانى خۆپیشاندەران و هەموارکردنى یاسای هەڵبژاردنەکان و دامەرزاندنى حکومەتێکى تەکنۆکرات بەڵام ئەو تەکتیکانەى کە قسە لەسەر برەودان بەعەلاوییەوە دەکەن هەڵەیەکى گەورە و ئایندەیەکى تەمومژاوییە. . وتیشی :" ئەو لایەنانەى کە پشتیوانى عەلاوى دەکەن لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن و شڵەژاون بەو هۆیەوە لەو باوەڕەدام ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانى حکومەتى نوێدا هەیە". . خەنجەر جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، نەبوونى کورد و سوننەکان و بەشێکى گەورەى شیعەکان کە ڕێکنەکەوتوون لەنێوان خۆیاندا کێشە بۆ پێکهێنانى کابینەکە دروستدەکەن و هەرەوەها پڕوپاگەندە و دزەپێکردنى زانیارییەکان بونەتە هۆى زۆربەى کێشە سیاسیەکان". . ئەو کەسایەتیە سوننیە باسى لەوەش کرد، مەسعود بارزانى زانیارى باوەڕپێکراوى لەلایە کە ئەو ناوانەى بۆ پڕکردنەوەى کابینە وەزارییەکانى عەلاوى خراونەتە ڕوو لەلایەن خەڵکانى ترەوە کاندیدکراون و عەلاویش نکۆڵى لەسەر ئەوە ناکات بەوەش ترسێک دروستبووە. . خەنجەر جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان وەکو سوننەکان بەبێ ڕەزامەندى کورد و چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکان دەنگ بەکابینەکەى عەلاوى نادەن و ئەمڕۆش لەکۆبونەوەیەکدا بڕیارى خۆیان بەفەرمى لەسەر ئەو پرسە ڕادەگەیەنن. . خەمیس خەنجەر یەکێکە لەکەسایەتیە بازرگان و سیاسیە سوننە کاریگەرەکانى عێراق و مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردووش لەلایەن وەزارەتى خەزێنەى ئەمریکا بەتۆمەتى تێوەگلان لەگەندەڵى و چەند پرسێکى ترەوە خرایە لیستى سزاکانى ئەمریکاوە. .