گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نێچیرڤان بارزانى بۆ بڕیارى کۆتایی دەچێتە بەغدا

ناس کورد دواین بژاردەکانى لایەنەکانی هەرێم بەرانبەر عەلاوى ئاشکرادەکات

2020.02.26 - 14:42
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد دواین بژاردەکانى لایەنەکانی هەرێم بەرانبەر عەلاوى ئاشکرادەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەرێمى کوردستان تاوتوێی سێ بژاردەى کردووە بەرانبەر کابینەکەى عەلاوى و بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەى یەکێکیان و بڕیارى کۆتایی بچێتە بەغدا. . ئەو سێ بژاردەیە لەکۆبوونەوەى ڕۆژى دووشەممەى نێوان لایەنە کوردییەکان و شاندى هەرێم بۆ بەغدا و سەرۆکایەتى هەرێمدا تاوتوێکرا، کە تایبەت بوو بە پرسی پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق بەسەرۆکایەتى محەمەد تۆفیق عەلاوى. . سێ بژاردەکەى هەرێم هەرچەندە گفتوگۆکانى هەفتەى ڕابردووى شاندى سیاسی هەرێم و عەلاوى بێئەنجام بووە و ئەو لایەنانە دژى هەنگاوەکانى عەلاوى وەستاونەتەوە، بەڵام هێشتا هەڵویستى خۆیان یەکلانەکردووەتەوە، پێدەچێت ئاماژەکان زیاتر بەرەو ئەوەبن کە هەرێم بیەوێت بەهەر نرخێک بێت لەگەڵ عەلاوى ڕێکبکەوێت نەک بژاردەى بایکۆت هەڵبژێرێت. . ترسی ئەو لایەنانە پەیوەندى بە دوو پرسەوە هەیە، یەکەمیان رێگەنەدان بە لایەنەکان بۆ ئەوەى پشکەکانى کورد لە کابینەکەى دیارى بکەن، دووەمیان پرسی شایستە داراییەکانى هەرێمە بەتایبەت پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران. بەوتەى بەشێک لە پەرلەمانتارانى کورد و ئەندامانى شاندى هەرێم، محەمەد تۆفیق عەلاوى تا ئێستا چەند جارێک بەڵێنیداوە کە پشکى هەرێم لە بودجە نابڕێت، بەڵام تا ئێستا خودى عەلاوى بەفەرمى هیچ هەڵوێستێکى لەو بارەیەوە دەرنەبڕیوە. . جەمال کۆچەر، ئەندامى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا و بەشداربووى کۆبوونەوەى لایەنەکان و سەرۆکایەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکە باسى سێ بژاردە کرا کە لەکۆتاییدا دوو بژاردە دەمێننەوە، بژارەى ناڕازیبوون و داواى گۆڕانکاری، چونە ناو حکومەت و کردنى داواکارییەکان بە فەرمى، گرتنەبەرى هەڵوێستى هاوشێوەى مالیکى کە ڕازى نییە بەم حکومەتە بەڵام دژایەتیشى ناکات و ناچێتە ناوییەوە". . بەدرێژایی کابینە جۆراوجۆرەکانى دواى ساڵى 2003، لایەنە کوردییەکان هیچکات بژاردەى بایکۆتیان بەکارنەهێناوە، لەجیاتى ئەوە لەگەڵ شیعە و سوننە رێککەوتوون لەسەر بنەماى دابەشکردنى پۆستە وەزارییەکان و ڕێککەوتنى تایبەت بە شایستە داراییەکان و جێگیرکردنى لە پڕۆژەى بودجەدا. . جەمال کۆچەر وتى، "بۆ ئێمە وەک کورد بژاردەى سێیەم قابیلى قبوڵ نییە، چونکە ئێمە مافمان هەیە، دوو بژاردەکەى دیکە دەمێنێتەوە کە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێردرێت". . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، لەناو ئەو دوو بژاردەیەشدا بژاردەى بایکۆت قورسە، چونکە بارودۆخى دارایی هەرێم بەرگەى پاشەکەوتێکى دیکە ناگرێت، ئەوەى دەمێنێتەوە گەرەنتیکردنى داواکارییەکانە بەتایبەت کە عەلاوى بەڵێنیداوە بە پابەندبوون بە ناردنى موچە و بودجە و ڕێککەوتنى هەرێم و بەغداوە. . نێچیرڤان بارزانى دەچێتە بەغدا چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ و سبەینێ لایەنە کوردییەکان خۆیان لەسەر بژاردەیەک یەکلابکەنەوە، بەتایبەت کە بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکى باڵا بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم بچێتە بەغدا. . ئەحمەدى حاجى ڕەشید، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى عێراق لە تویتێکدا دەڵێت، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ جارێکى تر شاندى کوردى بگەڕێتەوە بەغدا بە سەرۆکایەتى سەرۆکى هەرێم. https://twitter.com/AhmadHajiRashid/status/1232572549453766656?s=20 باسى لەوەشکردووە، ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە عەلاوى سورە لەسەر هەڵوێستەکەى کە ڕێگە بە وەزیرى حزبى نادات، ئایا شاندى کوردى دەتوانێت عەلاوى ڕازیبکات، یان بەدەستى خاڵى دەگەڕێتەوە. . ڕۆژى دووشەممەى ڕابردوو سەرۆکایەتى هەرێم و لایەنەکان دواى کۆبوونەوەى نێوانیان جەختیانکردەوە کە هەنگاوەکانى عەلاوى جێگەى دڵنیایی نییە و پێویستە پێداچونەوەى پێدابکرێت، جەختیشیان کردەوە مافى دامەزراوەکانى هەرێمە کاندید بۆ پشکەکانى کورد دیاریبکات. . کێ خاوەندارێتی لە عەلاوی دەکات؟ "یەکخاڵ ماوە کە رەنگە شاندەکە بۆ ئەوە بچێت، هەندێک لایەن هەیە کە خۆیکردووەتە خاوەنى عەلاوى، لەوانە موقتەدا سەدر و هادى عامرى، هەندێکیش داواى لە کورد کردووە بچنە ناو حکومەتەکەوە، وەکو عەمار حەکیم و مالیکى"، جەمال کۆچەر وایوت. . ڕونیشیکردەوە "لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازى ئەوەکرا کە مادام وایە ئەو کەسە بێخاوەنە و دوو کەسیش هەیە لە ژێرەوە خاوەندارێتى دەکەن، دووانى دیکەش داواى ئەوەیان کردووە بچینە ناو ئەو حکومەتە، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەر چواریان بکرێت و پێکەوە کۆبنەوە، بڵێن ئێمە دێینە ناو حکومەتەوە لەسەر داواى ئێوە، بەڵام گرەنتیمان دەوێت، چونکە ترسمان لەگەڵ ئەو پیاوە ئەوەیە ئەگەر بەڵێنەکان جێبەجێنەکرا بۆ کێ بگەڕێینەوە، با ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە بە نوسراو بکرێت". لەبارەى ئەوەى تاچەند ئەگەر هەیە لەو بارەیەوە بگەنە ڕێککەوتن، جەمال کۆچەر باسى لەوەکرد، ئەگەرى گۆڕانکاری لە کۆتا ساتەکانى دانوستانەکاندا هەیە، وەک هەر دانوستانێکى دیکە. . ئەوەى ئەگەرى ڕێککەوتنى لایەنە کوردییەکان و عەلاوى بەهێزکردووە ئەوەیە پەرلەمانتارانى کورد سەرقاڵى جێکردنەوەى مافەکانى هەرێمن لە کارنامەى حکومەتەکەى عەلاوى کە پێشکەشى پەرلەمانى کردووە. . لایەنە کوردییەکان بەردەوامن ڤیان سەبرى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بەردوامى بە دانوستان دەدەین تا کاتى دەنگدان، ئێستا سەرقاڵى تاوتوێکردنى کارنامەى حکومەتین کە هیچ مافێکى هەرێمى تێدا نییە". . کارنامەى حکومەتەکەى عەلاوى لە دووبەش پێکهاتووە، بەشى یەکەم تایبەتە بە بەرنامەى وەزارى و بەشى دووەمیش تایبەتە بە چاکسازیی حکومى و هیچ خاڵێکى تێدا نییە لەبارەى ڕێکخستنى پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان. . ڤیان سەبرى وتى، "ئێستا لە قۆناغى ئەوەداین مافەکانى هەرێم لەو کارنامەیەدا جێگیربکەین، وەکو مافەکانى دەستورى و بودجە و پێشمەرگە و شایستە داراییەکانى جوتیاران و ماددەى 140 و هەندێ لێکتێگەیشتنى نێوان هەرێم و بەغدا". لەبارەى ئەگەرى ڕێککەوتن لەگەڵ عەلاوى لەکۆتا ساتەکانى دانوستانەکاندا، ڤیان سەبرى وتى "تائێستا بەردەوامى هەیە بە دانوستان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن". . هەرێم گرەنتى دەوێت لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت پێش ڕازیبوون بە دەنگدان بە عەلاوى، گەرەنتى ئەوە لە عەلاوى و لایەنەکان وەرگرن، کە پشکى هەرێم لە بودجە و شایستە داراییەکان لە پەرلەمان تێپەرێنرێت، لەکات پەسەندکردنى بودجەدا، چونکە عەلاوى خاوەنى هیچ کوتلەیەکى پەرلەمانى نییە. . جەمال کۆچەر وتى، "یەکێک لە مەترسییەکان ئەوەیە هەموو بەڵێنەکانى عەلاوى بە فلتەردا تێدەپەرێت، بۆ نمونە موچەى فەرمانبەران و بودجەى هەرێم و پارەى پێشمەرگە، دەبێت بە فلتەرى بودجە و پەرلەماند تێپەڕن، ئەگەر پەرلەمان تێینەپەڕێنێت، هیچى جێبەجێ ناکرێت، ئەوکات ئەویش دەڵێت من ناردم بەڵام پەرلەمان تێینەپەڕاندووە، کورد گرەنتى هەم لە عەلاوى هەم ئەو لایەنانە دەوێت". . سەربارى ئەو بژاردە و مەترسیانە، لایەنە کوردییەکان ترسیان لە هەژموونى موقتەدا سەدر هەیە بەسەر کابینەکەى عەلاوییەوە، بەو پێیەى سەدر بە بەهێزى لە پشتى عەلاوییەوە وەستاوە. . "کێشەمان نییە لەگەل ئەم پیاوە، هەم بێخاوەنە هەم دەستى لە پشتە، بەتایبەتى سەدر، مەترسی کورد لەسەدر زۆرترە لەم پیاوە، چونکە حکومەتێک دروستدەبێت هى سەدرە نەک عەلاوى، کورد سەیرى هەڵوێستى لایەنەکانى دیکە دەکات و پاشان بڕیارى کۆتایی خۆى دەدات"، جەمال کۆچەر وایوت.