کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
باندێكی سێ كەسی لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوا دەستگیركران كە تۆمەتبارن بە بازرگانیكردن و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر و بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر راگیراون.
لەراگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، هاتووە "هێزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوا (زەڕایەن) زانیارییان پێگەیشت كە باندێكی سێ كەسی بەكارهێنەر و بازرگانیكەرن بەماددەی هۆشبەر ، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەكانیان دەستپێكرد و زانیاری تەواو لەسەر تۆمەتباران دەستكەوت و توانرا لەچەند شەوێكی جیاوازدا و لەچەند بۆسەیەكدا كە لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماواوە دانرابوو هەرسێ تۆمەتبار دەستگیربكرێن" .
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتباراندا دەستگیرا بەسەر سێ جۆر لەماددەی هۆشبەرو كەرەستەی ئامادەكراو بۆ بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەو ماددانە هەروەها ئۆتۆمبێلێك دەستی بەسەردا گیرا كە بە تۆمەتباران بووە .
راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی روونیدەكاتەوە، لە ئێستادا هەرسێ تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر ڕاگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران كراوەتەوە.