کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- دەسەڵاتدارانى چین تۆمارکردنى 109 حاڵەتى گیان لەدەستدانى نوێیان بەهۆى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆناوە ڕاگەیاند، بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە. . لیژنەى تەندروستى نیشتیمانى چین لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، 109 حاڵەتى نوێی گیانلەدەستدان بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە لە چین تۆمارکراوە، بەوەش ژمارەى ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە بۆ 2345 حاڵەت بەرزبووەوە. . وتیشى هەروەها 397 توشبووى نوێی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون، ئەوەش زۆر کەمترە لەو ژمارەیەى دوێنێ تۆمارکران کە 900 حاڵەت بوو، بەوەش ژمارەى توشبووان بۆ نزیکەى 76 هەزار کەس لە چین بەرزبووەوە. . پێنجشەممەى ڕابردوو دەسەڵاتدارانى چین ڕایانگەیاند، جارێکى تر شێوازى ژماردنى ژمارەى توشبووانیان گۆڕیوە و لە ئێستادا تەنها ئامارى ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە کە بەپێی پشکنینەکان توشى ڤایرۆسەکە بوون. . هاوکات کۆریاى باشور ڕایگەیاند، 142 حاڵەتى دیکەى توشبووى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەوەش ژمارەى توشبووان بۆ 346 حاڵەت بەرزبووەوە، هەروەها حاڵەتێکى دیکەى گیان لەدەستدان لەو وڵاتە تۆمارکراوە، بەوەش ژمارەى حاڵەتەکانى گیان لەدەستدان بۆ دوو کەس بەرزبووەوە. .هەروەها لە ئیتاڵیاش کەسێکى دیکەى توشبوو بە ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانى لەدەستدا، ئەوەش یەکەم ئیتاڵییە بەو هۆیەوە گیانى لەدەستدابێت.