گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم ڕێوشوێنەکانى بۆ رێگرى لە کۆرۆنا توندتر دەکات

دۆخى گەشتیاران لە باشماخ هەندێکیان لەبەر سەرما دەمێننەوە

2020.02.21 - 22:46
App store icon Play store icon Play store icon
دۆخى گەشتیاران لە باشماخ  هەندێکیان لەبەر سەرما دەمێننەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   لەگەڵ زیادبوونى حاڵەتەکانى توشبوون و گیان لەدەستدان بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە لە ئێران، هەرێمى کوردستان رێوشوێنەکانى بۆ رێگرى لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە توندتر کردووە، سەربارى قەدەغەى هاتوچۆ لەخاڵە سنورییەکان، سەردانیکردنى نەخۆشخانە و زیندانەکانیش ڕاگیرا. . وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە هاتن و چوون لە خاڵە سنورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئێران قەدەغە بکات، بەو هۆیەشەوە خەڵکێکى زۆرى کورد کە لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە گیریان خواردووە و رێگەیان پێنادرێت بێنە هەرێمى کوردستان. . زۆرێک لەو کەسانە لە ئێستادا لە خاڵى سنورى باشماخ لەسنورى قەزاى پێنجوێن ماونەتەوە و چاوەڕوانى پشکنین یان گواستنەوەیانن بۆ شوێنى تایبەت، تا دواتر رێگەیان پێبدرێت بچنەوە ناوچەکانى خۆیان. . بەپێی رێوشوێنەکانى وەزارەتى تەندروستى، ئەو هاوڵاتییانەى هەرێم لە چین یاخود ئێرانەوە دەگەڕێنەوە، دەبێت بۆ ماوەى 14 ڕۆژ لە شوێنى تایبەت بە چاودێرى تەندروستى بهێڵرێنەوە و دواى دڵنیابوونى تەواو لەوەى هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. . بەشى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ لە ڕاگەیەنروێکدا ڕایگەیاند "ئەو هاوڵاتیانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە پێویستە بەووردی لەژێر چاودێری و پشکنینەکانی تیمە تەندروستییەکان بن بۆماوەی چواردە ڕۆژ". . ئاماژەى بەوەشکردووە “لەئێستادا باشترین شوێنمان بۆ دابینکردوون و لەچاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترداین کە شوێنیان لە سلێمانی بۆ دابینبکەن، ئێمە پاسیشمان بۆ ئامادەکردوون تا بیانگوازینەوە بۆ شوێنی تایبەت و دیاریکراو بەمەبەستی چاودێریکردنیان لەڕووی تەندروستییەوە، ڕێزیش لەوانەیان دەگرین کە ڕەتیانکردووەتەوە خزمەتیان بکەین و ئارەزوومەندانە سەرمایان هەڵبژاردووە ئیدی بەمەبەست بێ یاخود بێ مەبەست”. هەرێمى کوردستان و ئێران چەند دەروازەیەکى نێودەوڵەتى و دەیان دەروازەى نافەرمى پێکەوە دەیان بەستێتەوە، جگە لە گەشتى ئاسمانى لەنێوانیاندا، لە ئێستاشدا هاتوچۆ لەتەواوى ئەو دەروازانە وەستێنراوە. . جگە لەو رێوشوێنە خۆپارێزییە، دام و دەزگا تەندروستى و پەیوەندیدارەکان چەندین رێوشوێنى دیکەیان گرتووەتە بەر بۆ رێگرى لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمى کوردستان. . لەو چوارچێوەیەدا، بەرێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى سەردانیکردنى نەخۆشخانەکانى قەدەغەکرد، هەروەها بەرێوەبەرایەتى زیندانى چاکسازى گەورانى سلێمانى بڕیاریدا سەردانیکردنى زیندانییەکان قەدەغە بکات. . بەپێى بڕیارەکانى هەردوو وەزارەتى تەندروستى و ناوخۆى هەرێم، پێدانی ڤیزای هاتنەناوەوەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی بۆ ناو هەرێم تاکاتێکی نادیار راگیراوە، ئەوانەشی نشینگەی هەرێمیان هەیە ڕێگەیان پێ نادرێت بێنەناو هەرێمەوە جگە لەشاند و دیپلۆماتکاران کە پشکنینی تەواویان بۆ بکرێت. . هەروەها بریاردراوە بە قەدەغەکردنی هاتنەژوورەوەی ئەو هاوڵاتی یە بیانی یانەی کە لەبەرواری ۲۰۲۰/۲/٥ سەردانی ئێرانیان کردووە. ئەو هاوڵاتی یە عێراقیانەشی لەئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەر لەدەروازەکەدا بەووردی پشکنینیان بۆ دەکرێت لەلایەن تیمی تایبەتی تەندروستی بۆ دڵنیابوون لەتووشنەبونیان بەو ڤایرۆسە. لەگەڵ ڕاگرتنی گەشتی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار. . هەر بەپێى بڕیارەکان، تیمی تەندروستی تایبەت لەدەروازە پشکنینی تەواو ئەنجام دەدەن بۆ ئەو گەشتیارانەی دەگەنەوە خاکی هەرێم، پشکنینی بەردەوامیش ئەنجامدەدەن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەدەروازەکەدا لەئەرکدان.