کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سەرکردەیەکی هاوپەیمانی قیوای سونەکان بە فەرمی داوای لە سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کرد داوای لێبوردن بکات لە تەواوکردنی کابینەکەی و بانگەوازیش دەکات لایەنە سیاسییەکان جێگرەوەیەک بۆ ناوبراو بدۆزرێتەوە. . محەمەد تەمیم، سەرکردە لە هاوپەیمانی قیوا ڕایگەیاند، هاوپەیمانیەتی قیوا "دژی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوە چونکە هیچ کەسێکی بەشدار نەکردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەیە و هاوبەشی نیشتمانی پشتگوێخستووە." . دەشڵێت، "هاوپەیمانیەتی قیوا دەنگ بە حکومەتەکەى نادات و پێویستە سیاسییەکان جێگرەوەیەکی بۆ بدۆزنەوە." . هاوپەیمانی قیوا گەورەترین فراکسیۆنى سونەکانە و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتى دەکات. . پیشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی شاندی لایەنە کوردییەکان بۆ بەغدا ڕایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوى سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى عێراق لەگەڵ حسێنیە و مزگەوتەکاندا باسى پێکهێنانى کابینەکەى دەکات، نەک هێزە سیاسیەکان. . پێشى وایە، لەوانەیە کورد دەنگ بە حکومەتەکەى عەلاوى نەدات، لەگەڵ حزبە عێراقییەکانى تریشدا گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکەن، هەر کاندیدێک بەبێ رەزامەندى حزبە کوردیەکانى هەرێمى کوردستان قبوڵ نەکراوە.