کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى هێزەکان کە لە بەشێکی سونەکان پێکهاتوون ئاشکرایکرد، بەفەرمى دەنگ بە کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى نادەن و سەرچاوەیەکیش دەڵێت، کوردیش بەهەمان شێوە بڕیارى داوە دەنگ بەو کابینەیە نەدات، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد لەسەر پشکى یەکێتی ئەوە ڕەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، شتێکى لەو جۆرە نییەو کورد هێشتا بڕیارى نەداوە. ، محەمەد کەربولى، پەرلەمانتار لەسەر پشکى هاوپەیمانى هێزەکان لە هەژماری خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر نوسیویەتى: "بەفەرمى .. هاوپەیمانى هێزەکان ڕایدەگەیەنێت کە بەتەواوەتى لەگەڵ گەل و داواکاریەکانى خۆپیشاندەراندایە کە تێپەڕاندنى کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى رەتدەکەنەوە، هەروەها ئەو پێودانگانەش ڕەتدەکەنەوە کە ناوبراو پشتى پێبەستوە بۆ هەڵبژاردنى پێکهاتەى حکومەتەى، چونکە ئەو مەرجانەیان تێدا نییە کە خۆپیشاندەران دایان ناوە". ، ئاماژەى بەوەشداوە، پێيانوایە عەلاوى کەسى گونجاوى ئەم قۆناغە نییە، بۆیە لە پەرلەمان دەنگ بە کابینەکەى نادەن. ، لەلایەکى ترەوە بەشێک لە میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویانکردووەتەوە، کوتلە کوردیەکانیش رەتیدەکەنەوە دەنگ بە حکومەتەکەى محەمەد تۆفیق عەلاو بدەن و ئەوەشیان بەلایەنە شیعەکان وتوە، ئەوان داوادەکەن راسپاردنى بکێشرێتەوە. ، لەوبارەیەوە، شیروان میرزا، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە ناس کوردى وت: "هەموو سونە بڕیارى نەداوە دەنگ نەدەن بە کابینەکەى عەلاوى، هاوپەیمانى هێزە عێراقیەکانن کە بە شیعەکانیان وتوە دەنگ نادەن بە کابینەکە و ئەمڕۆ بە فەرمى رایانگەیاندوەو ئاگاداریان کردونەتەوە. ، وتیشی، ئەو هێزانە جوڵەیەکى سیاسیشیان کردوە و لەگەڵ نورى مالکى سەرۆکى ئیئتلافى دەوڵەتى یاسا و حەیدەر عەبادی، سەرۆکى ئیئتلافى نەسر کۆبونەتەوە، لەوانەیە سەردانى عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەش بکەن لەسەر ئەو بابەتە.