کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هێرشى شانە نوستووەکانى داعش لەناوچە جیاجیاکانى عێراق، بەتایبەتى لەناوچە جێناکۆکەکان تادێت زیاتر دەبێت و ئەو رێکخراوە هەوڵدەدات لەرێگەى ڕفاندنى هاوڵاتیان و ئازادکردنیان بە پارە سەرچاوەى دارایی بۆ هێرشەکانى بدۆزێتەوە. . ڕاگەیاندنى سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، لەمانگى 12ى ساڵى 2017دا بەس نەبوو بۆ کۆتایی هێنان بەو رێکخراوە، بەڵکو چەند مانگێکى کەم دواى ئەو ڕاگەیاندنە هێرشەکانى داعش دەستیپێکردەوە. . لە ئێستادا داعش لەچەند ناوچەیەکى عێراق بوونى هەیە، لەباشورى موسڵ لەنیوان بەعاج لە موسڵ و راوە لە ئەنبار، لە چوارگۆشەى بێجى و عەلەم و رەشاد وعەباسییە کە وەکو بەرەى دواوەى ئەو رێکخراوە دەبینرێت کە لەو ناوچانەوە هێرشدەکاتە سەر ناوچە جێناکۆکەکان. . ئەو ناوچانە لەساڵانى دەسەڵاتى داعشدا لەنێوان 2014 بۆ 2017، مۆڵگەى سەرەکى چەکدارەکانى ئەو رێکخراوە بوون، دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەشیان هێزە عێراقییەکان نەیانتوانى زۆر تێیاندا بمێننەوە. . جگە لەوەى سروشتى ئەو ناوچانە کە بەشێکیان لەسەر سنورى عێراق و سوریان و کۆنتڕۆڵکردنیان تا ڕادەیەک ئەستەم بووە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو، لەهەمانکاتدا پێکهاتەى دانیشتوانى بەشێک لەناوچەکان لەبارن بۆ مانەوەى شانە نوستووەکانى ئەو ڕێکخراوە، بەو پێیەى بەوتەى بەشێک لە سەرچاوە سەربازییەکان هەندێک لە چەکدارەکان خەڵکى ناوچەکەن و شارەزای وردى سنورەکەن. . زۆرترین ناوچە کە داعش کردویەتیە ئامانج لە هێرشەکاندا، سنورى ناوچە جێناکۆکەکانە، کە لەدواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنى ههیه و هیچ هێزێکى تێدا نییە.