ناس کورد
ئەو شەوەى حەیدەر لە گۆڕەپانى تەحریرەوە گەڕایەوە لاى هاوسەرە دوگیانەکەى و دایکى، بووە سەرەتاى نەهامەتییەکى گەورە بۆى، دواى ئەوەى لەلایەن چەکدارە دەمامکدارەکانەوە ڕفێنرا و پاش چەند ڕۆژێک لە ئەشکەنجەى سەخت و دەستدرێژیی لە شوێنێک فڕێدرا.
.
ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانى لە راپۆرتێکدا لەژێر ناونیشیانى (گومانم کرد کە مردووم) چیرۆکى حەیدەرى گێڕاوەتەوە (ناوێکى خواستراوە) کە فریاگوزارى بۆ خۆپیشاندانەکانى مەیدانى تەحریر ئامادە کردووە.
.
شەوێک حەیدەر دواى گەیاندنى فریاگوزارى تەندروستى بۆ چەند بریندارێکى خۆپیشاندەرانى مەیدانى تەحریر لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا نانى ئێوارە لەگەڕەکى کەڕادە دەخوات و بڕیاردەدات نەگەڕێتەوە بۆ مەیدانى تەحریر بچێتەوە بۆ سەردانیکردنى هاوسەرى کە سکى هەبووە لەگەڵ دایکى کە لەماڵەوە دەبن.
.
حەیدەر کە پێشتر پزیشکى سەربازى بووە و قسەى بۆ ڕۆژنامەکە کردووە و وتویەتى "دواى نیوە شەو گەیشتمە ماڵ، لەبەردەم دەرگاى حەوشە دانیشتم چونکە هێڵى ئینتەرنێت لەوێدا باشتر بوو، لەتویتەر هەواڵەکانم دەخوێندەوە، لەناکاو ئۆتۆمبلێک لەبەردەم ڕاوەستا و سێ چەکدارى لەناویەوە دابەزین و لێیان پرسیم تۆ حەیدەرى..؟ منیش وتم نەخێر محمەدى برایم، وام پیشاندا دەمەوێت بچمە ماڵەوە و بانگى حەیدەریان بۆ بکەم".
.
چەکدارەکان لەفێڵەکەى حەیدەر تێدەگەن و دڵنیا دەبن کە خۆى حەیدەرە، دەستگیرى دەکەن و پەلکێشى ناو ئۆتۆمبیڵەکەى دەکەن، چاوى دەبەستنەوە و دەیبەنە شوێنیکى نادیارەوە زیندانى دەکەن، دەستدەکەن بەئازار و ئەشکەنجەدانى بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک، داواى کردنەوەى مۆبایلەکەى و ئاشکراکردنى ناوى چالاکانى خۆپیشاندانەکانى لێدەکەن، کاتێک ڕەتیدەکاتەوە دەستدەکەنەوە بەئەشکەنجەدانى بەتایبەت لەلاقەکانى و دواتر وێنەى دایکى و هاوسەرەکەى دەخەنە بەردەمى و هەڕەشەى لاقەکردنیان دەکەن.
.
لەسەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانەوە لەمانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردوەوە حەیدەر ڕۆژانە جانتا پزیشکیەکەى هەڵگرتووە و ڕووى لەمەیدانى تەحریر کردووە و دواتر سەرپەرشتى تیمێکى پزیشکى کردووە کە لەچەندین پزیشک و برینپێچ پێکهاتوون.
.
ڕۆژنامەکە لەسەر زارى ئەفسەرێکى سەر بەوەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە باسى لەوە کردووە، خەڵکیان بۆ مەبەستى سیخوڕى کردن ناردووەتە ناو خۆپیشاندەرانەوە و بەردەوام چاودێریان کردوون.
.
بەوتەى ئەو بەرپرسە ئەمنیەى کە قسەى بۆ ڕۆژنامە کردووە، کامێراى چاودێرى بۆ ئاگاداربوون لەجموجۆڵەکانى خۆپیشاندەران دانراوە و منداڵانیان بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنى زانیارى لەسەر چالاکانى خۆپیشاندانەکان.
.
ئەفسەرەکەى وەزارەتى ناوخۆ ئەوەشى درکاندووە، ئامانجیان چاودێریکردنى ئەوانە بووە کە خواردن و کەلوپەل و پێداویستیە پزیشکییەکان بۆ خۆپیشاندەران دابین دەکەن و حکومەتیش لەو ڕووەوە ڕۆژانە ڕاپۆرتى لێیانویستووە.
.
دواى سێ شەو لەئازار و ئەشکەنجە
بۆماوەى سێ شەو حەیدەر لەزیندانى چەکدارە دەمامکدارەکاندا دەبێت، هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەیەکى لەسەر تاقى دەکەنەوە هەر لەلێدانى کارەبا و بردنە بەر ئاوى سارد و ڕێگە نەدان بەخەوتن و خواردن پێنەدان و چەندین ئازار و ئەشکەنجەیى جەستەى و دەروونى و چەندین جاریش هەڕەشەى لاقە کردنى هاوسەر و دایکى دەکەن.
.
ئەو پزیشکە باسى لەوە کردووە، توندترین سزایان بەسەردا سەپاندووە و ئاواتى مردنى خواستووە بۆ ئەوەى لەوە زیاتر نەبینێت.
.
حەیدەر باسى لەوەشکردووە لە ماوەى ئەو سێ شەوەدا چەندینجار بتڵیان کردووە بە کۆمیدا و سەخترین ئازاریان داوە و بەو بوتڵانە دەستدرێژییان کردووەتە سەرى.
.
چەندینجار حەیدەر داویان لێدەکات بیکوژن بۆ ئەوەى لەدەست ئەو ئازار و ئەشکەنجە دانە ڕزگارى ببێت.
.
حەیدەر دەڵێت، ڕۆژێک چەند چەکدارێک لەئۆتۆمبیلێکەوە دابەزیون و بردویانە ئیتر ئەو وتویەتى ئەوکاتانەیە کە دەمرێت و داواى ئەوەى کردووە پێش ئەوەى بیکوژن پەیوەندى بەهاوسەر و دایکییەوە بکات، بەڵام دواتر ئەوان لەشوێنێکى نزیک پاشەڕۆى شارەکە فڕییانداوە و پاش ماوەیەک حەیدەر توانیویەتى خۆى بگەیەنێتە چەند کەسێکى لەو شوێنە و دواى ئاگادار کردنەوەى پۆلیس لەڕوداوەکە دەبرێتە نەخۆشخانە و چارەسەرى بۆ دەکرێت و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ناو خۆپیشاندانەکان.
.
عەبدولمەهدى بەدواداچون بۆ کەیسەکە ناکات
ڕۆژنامەکە پەیوەندى بە نوسینگەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى کاربەرێکەرى عێراقەوە دەکات بەڵام ڕەتیدەکەنەوە قسە لەسەر ئەو ڕوداوە بکەن.
.
پێشتریش چەندین ڕێکخراوى بیانى و ناوخۆیى باسیان لەوە کردبوو، حکومەت دەستى هەیە لەزۆربەى ئەو کارانەى کە دژى خۆپیشاندەران ئەنجامدەدرێن هەر لە ئازار و ئەشکەنجەدان و بریندار کردن و ڕفاندنەوە، بۆیە ڕێکارى پێویست لەدژى ئەو کارانە ناگرێتە بەر.