گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئاگادارم کردووەتەوە لە هاوکاریکردن لەگەڵ میلشیاکان

عەلاوى دژی عەلاوی.. هیچ یەکێک لە بنەماڵەکەمان بەو ڕێگەیەدا نەگەیشتووەتە پۆست

2020.02.19 - 09:28
App store icon Play store icon Play store icon
عەلاوى دژی عەلاوی..  هیچ یەکێک لە بنەماڵەکەمان بەو ڕێگەیەدا نەگەیشتووەتە پۆست

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- محەمەد تۆفیق عەلاوى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت لەلایەن کەسە نزیکەکانى خۆیەوە ڕوبەڕووى ڕەخنەى توند بووەتەوە، سەربارى ڕەتکردنەوەى لە شەقام و ئەو ڕەخنانەى لەلایەن بەشێک لە لایەنەکانەوە ڕوبەڕووى بووەتەوە. . عەلاوى کە سەرەتاى ئەم مانگە بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕاسپێردرا، ڕوبەڕووى شەپۆلێک ڕەخنە و ناڕەزایی بووەتەوە، بەهۆى ئەوەى پێشتر لە کابینە جۆراوجۆرەکاندا پۆستى هەبووە، کە ئەوەش بەلاى شەقامەوە قبوڵکراو نییە، هەروەها بەهۆى هەنگاوەکانییەوە بۆ دیاریکردنى کەسانى سەربەخۆ بۆ وەزارەکان روبەڕووى رەخنەى بەشێک لەلایەنەکان بووەتەوە. . جیاواز لەو ڕەخنانە، عەلاوى لەلایەن کەسە نزیکەکانى خۆیەوە، ڕوبەڕووى ڕەخنە بووەتەوە، لەسەرووى هەمویانەوە ئەیاد عەلاوى ئامۆزاى کە یەکێکە لە دیارترین سیاسەتمەدارەکانى عێراق و ماوەى خولێک سەرۆکوەزیران بووە. . ئەیاد عەلاوى کە ئێستا سەرۆکى هاوپەیمانی نیشتمانییە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "عەلاوى کوڕى مامیەتى و زۆر خۆشیدەوێت، بەڵام ئاگاداریکردووەتەوە، لە هاوکاریکردن لەگەڵ میلیشیاکان و ئێران، کە ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و ڕێگەى پێنادەین، هیچ کەسێک لە ئەندامانى بنەماڵەکەمان بەو ڕێگەیەدا نەگەیشتووەتە پۆست، لە حاکمەکانى سەردەمى مەلەکیی و دواتریشدا". . محەمەد تۆفیق عەلاوى تەمەن (65) ساڵ، لەئێستادا بەتەواوەتى پشتیوانى دەکرێت لەلایەن هەردوو هاوپەیمانى فەتح و سائیرونەوە کە بەلایەنگرى ئێران دادەنرێن، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆى ئەوەى کە تەنها ئێران پێشوازى لە ڕاسپاردنى بکات بۆ پێکهێنانى حکومەت، بەڵکو پێش ئەو واشنتن پشتیوانى بۆ عەلاوى دەربڕى. . عەلاوى خولێک ئەندامى پەرلەمان و لەدوو کابینەى حکومەتدا وەزیر بووە، ئەیاد عەلاوى دەڵێت "من عەلاویم دروستکرد، ئەو پیاوێکى پاک و سەلامەتە". . لەگەڵ ئەوەشدا پرسیار لەسەرکاندیدکردنى دروستدەکات و دەڵێت "بۆچى لەڕێگەى موقتەدا سەدرەوە کاندیدکرا، لەکاتێکدا ئێمە لە پێشتر بووین بۆ ئەوەى کاندیدى بکەین". . دواى ڕاسپاردنى بۆ پێکهێنانى حکومەت، موقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتى سەدر "پێشوازى لەو هەنگاوە" کرد لەکاتێکدا خۆپیشاندەران دژى کاندیدکردنى وەستانەوە. . ئەمە یەکەمجار نییە عەلاوى ڕەخنە لە ئامۆزاکەى بگرێت، لەدواى ڕاسپاردنییەوە بۆ پێکهێنانى حکومەت چەند جارێک ڕەخنەى لێگرتووە، بەڵام ئەو وەڵامى ڕەخنەکانى نەداوەتەوە. . عەلاوى لەیەکەم کاردانەوەیدا لەدواى ڕاسپاردنى عەلاوییەوە ڕایگەیاندبوو، پێشوازى لە ڕاسپاردنى کەسێک ناکات کە مەیلى بۆ دەرەوەى عێراق هەبێت، لە ئاماژەیەکى ڕووندا بۆ لایەنگرى ئامۆزاکەى بۆ ئێران. . هەندێک وا لێکیدەدەنەوە کە رەخنەکانى عەلاوى لە ئامۆزاکەى پەیوەندى بەوەوە هەیە کە خۆى چاوى لە پۆستى سەرۆکوەزیران بووە، بەتایبەتى دواى ڕەتکردنەوەى کاندیدى هاوپەیمانى بنیادنان بۆ ئەو پۆستە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە. . هەندێکى دیکە پێیانوایە، ڕەنگە رەخنەکان پەیوەندى بەوەوە هەبێت کە محەمەد تۆفیق عەلاوى ڕاوێژى بە ئامۆزاکەى نەکردووە بۆ وەرگرتنى پۆستەکە.