کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئەندامێکی ئەنجومەنى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەڵێت، محەمەد تۆفیق عەلاوى سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى عێراق لەگەڵ حسێنیە و مزگەوتەکاندا باسى پێکهێنانى کابینەکەى دەکات، نەک هێزە سیاسیەکان. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی ئەنجومەنى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ پێگەى "الحرة" ئاماژەى بەوەداوە، عەلاوى پێى وایە مافى ئەوەى هەیە بابەتى پێکهێنانى حکومەتەکەى لەگەڵ حسێنیە و مزگەوتەکان و هاوبەشە بازرگانەکانیدا باس بکات، نەک حزبە سیاسیەکان. بە وتەى ئەندامەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى، گرژى لەگەڵ حزبەکان و قبوڵنەکردنى کاندیدەکانیان سەرەتایەکى ناتەندروستە و پێویستە لەسەر حزبەکانیش کە کەسانى ڕیزى یەکەم و دووەمى حزبەکانیان بۆ پۆستەکان نەپاڵێون. پیرە ئەوەشى وتووە: "دەتوانین وەزیرانى تەکنۆکرات و بەتوانا و دەستپاک کاندید بکەین، پرسیارى ئەوەش دەکات، بۆچى عەلاوى دەتوانێت وەزیرى دەست پاک کاندید بکات و ئێمە ناتوانین؟" پێشى وایە، لەوانەیە کورد دەنگ بە حکومەتەکەى عەلاوى نەدات، لەگەڵ حزبە عێراقییەکانى تریشدا گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکەن، هەر کاندیدێک بەبێ رەزامەندى حزبە کوردیەکانى هەرێمى کوردستان قبوڵ نەکراوە.