کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - شەهرام عەزیز سەرەڕای هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، دواجار بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردران و ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە دەڵێت، ئەمڕۆ کێشەکان چارەسەرکراون کە دوو خاڵی سەرەکی بوون. . ناس کورد زانیویەتی قوباد تاڵەبانی و چەند ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە ڕێککەوتنی نێوان ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ و هەردوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی و خاڵێکی سەرەکی ڕێککەوتنەکەش ئەوەیە پێنج کارگێڕی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕەفعەت عەبدوڵای تێدا دەبێت. . کێشەکان چی بوون؟ هەر لەگەڵ بڵابوونەوەی زانیاری لەبارەى بوونی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکانی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندی یەکێتی ناڕازیبوونی خۆی دەربڕی و داوایکرد کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە ڕابگیرێن و دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ چووە دەرەوەی وڵات. . ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی وت: "دوو کێشەی سەرەکی هەبوون، یەکێکیان دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندی یەکێتی بوو کە کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردایەتی دەکات، بەڵام تائێستا هیچ دەسەڵاتێک نەچەسپێندراوە و هێڵدراوەتەوە و دواتر گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە دەکەن، هەرکات دەسەڵاتەکان دیاریکرا دەخرێتە ناو پەیڕەوی ناوخۆوە".