گه‌ڕان

Shadow Shadow

ململانێی هەژمون و دەسەڵات

دوو ئەنجومەنەکەى یەکێتى؛ رێککەوتن یان ترازان [تایبه‌ت]

2020.02.18 - 11:12
App store icon Play store icon Play store icon
دوو ئەنجومەنەکەى یەکێتى؛ رێککەوتن یان ترازان [تایبه‌ت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە) کۆبوونەوەکانى دەستپێدەکاتەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەنجومەنى باڵاى سیاسی، لەبارەى دەسەڵاتەکانیانەوە. . دەستپێکردنەوەى کۆبوونەوەکان دواى گەڕانەوەى کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى دێت لە ئوردن، دواى ئەوەى لەسەر داواى ئەو کۆبوونەوەکان ڕاگیرابوون. . ڕاگرتنى کۆبوونەوەکان دواى تەقینەوەى کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى هات، لەنێوان هەردوو ئەنجومەنى سەرکردایەتى و ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى ئەو حزبەدا، لەسەر پرسی هاوسەرۆکى و دەسەڵاتەکانیان. . سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "دەرفەتى گەیشتن بە رێککەوتن زۆرە، مسۆگەرەو لە گومان دەرچووە، هێشتا دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى دیارینەکراوە و دەسەڵاتى نییە، دەبێت ڕێککەوین کە دەسەڵاتەکانى بۆ دیاریبکرێت". . وتیشى "دەسەڵاتەکان دابەشناکرێت، تا ئێستا ئەنجومەنى باڵاى سیاسی دەسەڵاتەکانى خۆیان نازانن، دەبێت پێکەوە دیاریان بکەین لە پەیڕەودا، کە تا ئێستا لە پەیڕەودا نییە". . بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو پرسە، هەردوو ئەنجومەنەکە لیژنەى تایبەتیان دروستکردووە، لیژنەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پێکهاتوون لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بافڵ تاڵەبانى، سەردار هەرکى، خەسرەو گوڵ محەمەد. . ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى هەفتەى ڕابردوو لە نوسراوێکدا کە واژۆى کۆسرەت رەسوڵى لەسەربوو، دۆخى حزبەکەى بە "هەستیار" ناوبردبوو، بەهۆى بڕیارەکانى ئەمدواییەى ئەنجومەنى سەکردایەتییەوە. . ئەنجومەنى باڵاى سیاسی دەیەوێت دەسەڵاتى ڤیتۆکردنى بڕیارەکانى سەرکردایەتى هەبێت، بەڵام ئەنجومەنى سەرکردایەتى دەیەوێت دەسەڵاتەکە راوێژکارى بێت. . سەرچاوەکە وتى "ئەمە دەوەستێتە سەر ئەو رێککەوتنەى لەو بارەیەوە بەدیدێت و دێتە ئەنجومەنى سەرکردایەتى بۆ تاوتوێکردنى و پەسەندکردنى، ئەوکات دەسەڵاتەکانى هەردوو ئەنجومەنەکە دیاردەبێت لە پەیڕەودا". . یەکێک لەو بڕیارانەى کە ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى نیگەرانکردووە، پەیوەندى بەسیستەمى هاوسەرۆکییەوە هەیە کە ئەنجومەنى سەرکردایەتى لە پەیڕەودا پەسەندیکردووە، بەتایبەت دواى ئەوەى دەنگى یەکلاییکردنەوەى پۆستەکە بۆ هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى بڵاوبووەوە. . سەرچاوەکەى سەرکردایەتى یەکێتى وتى "لەبارەى سیستەمى هاوسەرۆکییەوە، هاوسەرۆک چەسپێنراوە کە سەرۆکایەتى لەدوو کەس پێکدێت، ئەگەر ئەمە بابەتێک بێت کە قسەى لەسەر بکرێت رەنگە دەستکارى بکرێت".  . وتیشى "هێشتا دەنگ لەسەر سەرجەم پەیڕەوەکە بەیەکەوە نەدراوە، چاوەڕوانى دیاریکردنى دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنى باڵاى سیاسین بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت، هێشتا ئەنجامى گفتوگۆکان دیار نییە". . تەقینەوەى کێشەکانى یەکێتى دواى کەمتر لەدوو مانگ هات لە بەستنى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى، کە دواى ساڵانێکى زۆر لە دواخستنى بەسترا. . زوبێر عوسمان ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنى کاروبارەکانى پەیڕەوى ناوخۆیە، کە هێشتا هەندێک لە بڕگە و ماددەکان ماوە قسەیان لەسەر بکرێت". . وتیشى "هێشتا دیار نییە دەسەڵاتەکان لەنێوان هەردوو ئەنجومەنەکەدا چۆن دیاریکراون". . زوبێر عوسمان باسى لەوەشکرد، سیستەمى هاوسەرۆکى جێگیرکراوە کە دوو کەس دەبنە هاوسەرۆک، دواتر لەکۆبوونەوەکانى داهاتوو چى دێتە ئاراوە ئەوەیان نازانرێت، "بەڵام لاى ئێمە گرنگ ئەوەیە دەنگى لەسەر دراوە، با بزانین لیژنەکانى هەردوولا گەیشتوون بەچى". .