کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سائرونی سەر بە ڕەوتی سەدر، ڕایگەیاند "لەم هەفتەیهدا، ژمارەیەک لە وەزیرەکانی کابینەکەی محهمهد تۆفیق عەلاوی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگیان لەسەر دەدرێت". . عەلی لامی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائرون لە ڕەوتی سەدڕ، ئاماژهی بهوه كرد "بڕیارە لەم هەفتەیهدا پەرلەمانی عێراق لە کۆی 22 وەزیر لەکابینەکەی عەلاوی، دەنگ لەسەر 19 وەزیریان بدات". . لامی، روونیكردهوه، لە سەدا 90ی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە نێوانیاندا هاوپەیمانی فەتح،سائرون،نەسڕ و ڕەوتی حیکمە، دەسەڵاتیان داوەتە عەلاوی بۆ ئەوەی کەسایەتی شیاو دیاری بکات بۆ کابینە وەزارییەکەی". . پەرلەمانتارەکەی سائرون ئەوەشی خستووەتە ڕوو، عەلاوی سێ جار لەگەڵ محەمەد حەلبوسی کۆبووەتەوە، پێکهاتەی سونەکانیش بەشێوەیەکی کارا لە حکومەتەکە عەلاوی بەشداردەبن و تائێستا هیچ ڤیتۆیەکیان نییە. . بەپێى وادەى دەستوری، عەلاوى یەک مانگى لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنى کابینەکەى بهواتای تا 2ی ئاداری 2020، تائێستاش پەرلەمانى عێراق کە لە پشودایە وادەى کۆبونەوەى بۆ دهنگدان لهسهر کابینەى حکومەت رانەگەیاندووە. . رۆژى شەممەى ڕابردو محەمەد تۆفیق عەلاوى ئاشکرایکرد کە لە ماوەى چەند رۆژێکدا پێکهاتەى حکومەتەکەى پێشکەش دەکات و بەڵێنى ئەوەشى دابوو کە کابینەکەى سەربەخۆ بێت و دەستوەردانى لایەنە سیاسیەکانى تێدا نەبێت. . عەبدولئەمیر دوبی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە حکومەتەکەی عەلاوی ڕایگەیاند "حکومەتەکەی عەلاوی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا نییە، هەردووکیان هەمان کارنامەیان هەیە". . دوبی، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو لایەنانەی داکۆکی لە حکومەتەکەی عەلاوی دەکەن ڕاست ناکەن و دوو ڕوون". . وتیشی "بە بڕوای من عەلاوی ناتوانێت لە ماوەی شەش مانگی داهاتودا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات". .