گه‌ڕان

Shadow Shadow

فەتح و سائیرون هەڕەشە دەکەن

کورد و عەلاوى..ڕێککەوتن یان دابڕانێکی تر؟

2020.02.17 - 23:08
App store icon Play store icon Play store icon
کورد و عەلاوى..ڕێککەوتن یان دابڕانێکی تر؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لەسەر پێکهاتەى کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو بەردەوامە و تائێستاش چارەنوسى پشکى کورد نادیارە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، عەلاوى پشکى هەموو لایەنەکان لەبەرچاو دەگرێت و ئاماژەکان زیاتر بەلاى رێککەوتندایە نەک بەشداریپێنەکردنى کورد. . عەلاوى کە ئێستا لە دوایین ساتەکانى پێکهێنانى کابینە وەزارییەکەیدایە، بەجیا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆبووەتەوە، بەڵام ناکۆکى لەگەڵ بەشێک لە لایەنە کورد و سوننەکان هەیە لەبارەى دیاریکردنى وەزیرەکانەوە، بەو پێیەى هەنگاوەکانى ئەو بەرەو دیاریکردنى وەزیرى سەربەخۆیە، لەکاتێکدا ئەو لایەنانە بەوە ڕازى نین. . لەگەڵ ناڕازیبوونى هەندێ لایەنى کوردى و سوننى لەبارەى هەنگاوەکانى عەلاوییەوە، ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق بڵاویکردووەتەوە، کە کوتلەکانى فەتح و سائرون هەڕەشەى ئەوەشیان کردووە کە کابینەکە بە زۆرینەى دەنگ واتە لە سەدا 50+1 تێدەپەڕێنن و جەختیان لە دیاریکردنى کەسانى سەربەخۆ بۆ وەزارەتەکان کردووەتەوە. . شێرکۆ میروەیس، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە "ناس کورد"ى وت، "تا ئێستا کارنامەى کابینەکە و ناوى پاڵێوراوان ئاشکرا نەکراوە، پێموایە چەند رۆژێکى تر کابینەکە دوا دەکەوێت چونکە قسەى و باسى جدى ماون بکرێت". . وتیشى "شاندی هاوبەشى کورد دەیەوێت قسەوباسى فەرمى لەگەڵ عەلاویدا بکات و تێڕوانینى کورد و بەشداریکردن لەکابینەکە تاووتوێ بکەن". . سەبارەت بەوەى کە لایەنە شیعەکان هەڕەشەى تێپەڕاندنى کابینەکەى عەلاوى دەکەن ئەگەر کورد و سونەش ڕازى نەبن، شێرکۆ میروەست باسى لەوەکرد، "لێرەدا قسە لەسەر تێپەڕاندنى کابینەکە نییە و قسە لەسەر ئەوەیە کە بڕیارەکە لەدواییدا چۆن ئەکەوێتەوە، عەلاوى کە هیچ فراکسیۆنێکى نییە و هیچ قوڵاییەکى لەنێو پرۆسەى سیاسیدا نییە پێویستى بە پشتیوانى هەموو پێکهاتەکانە و ئەگەر پشتیوانى هەرسێ پێکهاتەکە کورد، سونە و شیعە بەدەست نەهێنێت سەرکەوتوو نابێت". . پێشیوایە، عەلاوى خۆشى سەرکێشیەکى لەو جۆرە ناکات، پەرلەمانتارانى شیعەش چى دەڵێن بۆچونى خۆیانە "ئێمەش لەبەرامبەر ئەوەدا قسەمان هەیە، لەدواییدا ئەگەر پێکەوە لەم قۆناغە بەرپرسیارێتى وەرگرین و بمانەوێت تێیپەڕێنین و داخوازى خۆپیشاندەران لەبەرچاو بگرین، دەتوانین سەرکەوتوو بین و کابینەکەش کابینەیەکى سەرکەوتوو دەبێت و لانیکەم دەتوانێت تا هەڵبژاردنى داهاتوو بەردەوام بێت و ڕێڕەوەکە راست بکاتەوە". . تا ئێستا ئەوە ڕوون نەبووەتەوە کە ئەگەر لایەنە کوردییەکان بەشداریبکەن لە کابینەکەى عەلاویدا چەند وەزارەتیان پێدەدرێت، بەتایبەتى کە لە کابینەى ئێستادا بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى سێ وەزارەتیان هەیە کە یەکێکیان سیادییە و پێناچێت بەکەمتر لەو پشکە ڕازى بن. . رێبوار کەرم مەحمود، ئەندامى پەرلەمانى عێراق سەبارەت بە سیناریۆى بەشدارینەکردنى کورد و تێپەڕاندنى کابینەکە وتى، "تائێستا کورد بۆ پێشهاتێکى لەو جۆرە ئامادە نییە، بەڵام پێشم وانییە عەلاوى ئەوەندە بێمنەت بێت لەبەشدارى کورد و سوننە، سەرەتاکانى ڕێکەوتنى عەلاوى و کورد و سونە دەرکەوتوە و ئەگەرى رێککەوتن زیاترە لە ئەگەرى دابڕان لەیەکتر". . ڕونیشیکردەوە، "عەلاوى پشکى پێکهاتەکان لەبەرچاو دەگرێت بەڵام پشکى حزبەکان لەبەرچاو ناگرێت، سوننە چەند وەزارەتى هەبوەو شیعە چەند وەزارەتى هەبووە دەیانداتەوە، ئەگەر پشکى کوردیش زیاتر نەکات کەمى ناکات". . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، شێوازى دیاریکردنى وەزیرەکان ناکۆکى لەسەرە و فراکسیۆنە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى دەڵێت کە پێویستە پاڵێوراوەکان لەڕێگەى حزبەوە دیارى بکرێن بەڵام عەلاوى ئەو ڕێگەیەى پێ باش نییە و ئەوەش ناکات، بەتایبەتى کە ئەو حکومەتەکەى کاتییەو بۆ ماوەى یەک ساڵە و دواتر هەڵبژاردن دەکرێت. . رۆژى شەممەى ڕابردوش محەمەد تۆفیق عەلاوى ئاشکرایکرد کە لە ماوەى چەند رۆژێکدا پێکهاتەى حکومەتەکەى پێشکەش دەکات و بەڵێنى ئەوەشى دابوو کە کابینەکەى سەربەخۆ بێت و دەستوەردانى لایەنە سیاسیەکانى تێدا نەبێت. . خالد جەشعەمى پەرلەمانتار لەسەر فراکسیۆنى ڕەوتى حیکمە لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا وتى، "وەزارەتێکى تر بۆ کابینەکە زیادکراوەو کابینەکە تەواو کراوەو سەرجەم پاڵێوراوەکان لەلایەن علاوى خۆیەوە دیارى کراون و دەستوەردانى کوتلەکانى تێدا نەبووە". . وتیشى، "عەلاوى 23 وەزارەت پێشکەش دەکات و وەزارەتى ژنان زیاد کراوەو هەندێک وەزارەت سێ پاڵێوراوى هەیە چونکە وەزارەتەکان گرنگن و هەندێک وەزارەتیش یەک پاڵێوراوى هەیە، ئەو ناوانە ئامادەن بۆ ئەوەى پێشکەشى پەرلەمان بکرێن بەڵام هێشتا کوتلە سیاسیەکان نەیانبینیوە تەنانەت ئەو کوتلانەش کە عەلاویان بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران دیاریکردووە". . جەشعەمى رەتیشیکردەوە هیچ وەزیرێکى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى لەحکومەتى داهاتودا هەبن و وتى، ئارەزوى ئەوە هەبوو کە پێکهاتەى حکومەتەکە بەتەواوەتى بگۆڕدرێت ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى هەندیک وەزیر لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى لەئەرکەکانیان سەرکەوتوو بون. . سەبارەت بەبۆچونى کوتلە شیعیەکان ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکردوە، هیچ فراکسیۆنێکى شیعى داواى وەزارەتیان نەکردوە لە حکومەتى نوێ و یەک فراکسیۆنى شیعى ناڕازییە کە ئەویش ئیئتلافى دەوڵەتى یاسایە، کوتلەکانى تر مەرجیان تەنها ئەوەیە کە پاڵێوراوەکان سەربەخۆ بن بەمەرجێک کوتلەکانى تریش هەمان بەڵێن بدەن کە دەستوەردان نەکەن و کاندید پێشکەش نەکەن و فشار نەخەنە سەر عەلاوى. . سەبارەت بە کوتلەکانى ترى دەرەوەى پێکهاتەى شیعە ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکردووە،  دابەشبون لەناو ئەو کوتلانەدا هەیە لەسەر رێگەدان بە عەلاى بۆ دیارى کردنى وەزیرەکان و هەندیکیان داواى نوێنەرایەتى دەکەن لەحکومەت و دەیانەوێت وەزیرەکانیان دیارى بکەن.