کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد : سابیر عەبدوڵا
ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە بەفرێکی زۆر لە مەرزی کێلێی سەر بە قەزای پشدەر باریوە و بەهۆیەوە جموجۆڵی بازرگانی لەو خاڵە سنوریە پەکی کەوتووە و زیاتر لە 500 شۆفێر و کرێکاریش بێکاربوون.
.
جەوهەر ڕەسوڵ، بەڕیوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بە ناس کوردی وت، "لە مەرزی کێلێ زیاتر لە دوو مەتر بەفر باریوە و بۆتە هۆی پەک خستنی جموجۆڵی بازرگانی لە سنورەکە".
وتیشی ئەوان لایخۆیانەوە ڕێگاکەیان پاک کردووەتەوە بەڵام لە دیوی ئێرانەوە بەهۆی زۆری ڕێژەی بەفر بارین نەتوانراوە ڕێگەی مەرزەکە پاک بکرێتەوە.
.
بەڕیوەبەری گومرگی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی نەبوونی بنکەی تایبەت بە پاککردنەوەی ڕێگای مەرزی کێلێ و زۆری ڕێژەی بەفربارین لە سنورەکە و کەمی ئامێرەکان، ساڵانە لە وەرزی زستاندا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک جموجۆلی بازرگانی لە مەرزەکە دەوەستێت، هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە داوای دابینکردنی ئامێری تایبەت بە پاککردنەوەی ڕێگەکەیان کردووە بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
.
کێلێ مەرزێکی بازرگانی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە و دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەزای پشدرە و 25 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزێوە دورە و نزیکترین خاڵی سنوری یە لە نێوان ئێران و هەرێمى کوردستاندا.
https://www.facebook.com/marzenewdawlatekele/videos/2548504245278256/
تاهیر عومەر یەکێک لە شۆفێری بار هەڵگرەکانی مەرزی کێلێ بە ناس کوردی وت، "ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە بەهۆی بەفر بارینەوە ڕێگای مەرزەکە گیراوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و حەمبال و دوکاندار و شۆفێری مەرزەکە بێکار بوون لە کاتێکدا زۆربەیان بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو مەرزەیە".
.
وتیشی، "بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت و ڕێگاکە دەیبەستێت هەمیشە مەترسی ڕوداوی هاتوچۆیان لەسەرە و تاوەکو ئێستاش ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر نەکراوە".
.
بەپێی ئامارەکان، ساڵانە قەبارەى جموجۆڵى بازرگانى لەو خاڵە سنورییە، بە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، هەرچەندەش ماوەی چەند ساڵێکە ئێران و هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بە نێودەوڵەتیکردنیدان بەڵام تا ئێستاش مەرزەکە بە نێودەوڵەتی نەکراوە.
https://www.facebook.com/marzenewdawlatekele/videos/2548504245278256/